شارپرێس:
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێرشەکەی تەدمور سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئامادەین لەهەموو بستێکی خاکی سوریا دژی داعش شەڕ بکات.
فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سەرەخۆشی ئاراستەی هاوپەیمانانمان لەسوپای ئەمریکاو گەلی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەکەین، بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو سەربازی هێزەکانی ئەمریکا."
هەسەدە هەروەها دەڵێت،" لەکاتێکدا بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە دەکەین، جەخت دەکەینەوە هێزەکانمان بەهاوبەشیی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانانمان لەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رێگە بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان نادەن ریزەکانیان رێکبخەنەوە یان هەڕەشە لەئاسایشی ناوچەکە و جیهان بکەنەوە. وەڵامدانەوەش بۆ هێرشکاران و پشتیوانەکانیان، یەکلاییکەرەوە و راستەوخۆ دەبێت."
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" هێزەکانی سوریای دیموکرات توانای خۆیان لەڕیشەکێشکردنی رێکخراوی داعش و تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازییان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا سەلماندوە.
دەشڵێت، ئەمڕۆش ئامادەیی تەواومان دوپات دەکەینەوە بۆ گواستنەوەی ئەم شەڕە بۆ هەر بستێکی خاکی سوریاو کارکردن بۆ بنبڕکردنی تیرۆر لە هەر شوێنێک بێت، بەبێ سستی و پاشەکشە."
