بەڕێگایەکی سادە ئەگەری توشبون بەنەخۆشیەکانی دڵ بەڕێژەی 58% کەمبکەوە

تەندروستی

16/12/2025‌ 1213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانایانی کۆلێژی کینگز لە لەندەن ئاشکرایانکردووە کە دابەزاندنی ئاستی شەکری خوێن لەلای نەخۆشانی قۆناغی پێش شەکرە، مەترسیی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بە ڕێژەی 58% کەمدەکاتەوە.


ئەم توێژینەوەیە لەگۆڤاری The Lancet Diabetes & Endocrinology بڵاوکراوەتەوە، پشتی بەداتای بەشداربوانی دوو لێکۆڵینەوەی درێژخایەن DPPOSی ئەمریکی و DaQing-DPOSی چینی بەستوە.

قۆناغی پێش شەکرە ئەو حاڵەتەیە کە تێیدا ئاستی شەکری خوێن بەرزە، بەڵام نەگەیشتوەتە ئاستی دەستنیشانکردنی شەکرەی جۆری دوو، دەرکەوتوە "ئارامبونەوەی قۆناغی پێش شەکرە" واتە گەڕانەوەی ئاستی شەکر بۆ ڕێژەی ئاسایی، پەیوەنديی بەپاراستنی درێژخایەنی دڵ و بۆرییەکانی خوێنەوە هەیە.

ئەوانەی کە توانیویانە ئاستی شەکری خۆیان ڕێکبخەن، مەترسی مردن بەنەخۆشییەکانی دڵ یان چونە نەخۆشخانە بەهۆی سستبونی دڵەوە بەڕێژەی 58% کەمبوەتەوە، هەروەها مەترسی جەڵتەی دڵ و مێشک بەڕێژەی 42% دابەزیوە.

 توێژەران جەختیانکردەوە، ئەم کاریگەرییە پارێزەرە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بوە، هەروەک، دەرکەوت کە دابەزاندنی کێش یان چالاکیی جەستەیی بەتەنها مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ کەمنەکردوەتەوە ئەگەر ئاستی گلوکۆز نەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی