کتێبی گەشتێک بەناو فکر و فەلسەفەی جیهاندا بڵاوکرایەوە

هەمەڕەنگ

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 44 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کتێبی (گەشتێک بەناو فکر و فەلسەفەی جیهاندا) لەلایەن (ئەردەڵان عەبدوڵڵا)ەوە وەرگێڕدراوە و ئامادەکراوە. 576 لاپەڕەیە و باس لە ژیان و فەلسەفەی 35 فەیلەسوف و بیرمەندی جیهان  دەکات و لەلایەن بۆردی هۆشیاری ( ی.ن.ک) چاپکراوە.


ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە خستنەڕووی ژیان و فەلسەفەی کۆمەڵێک فەیلەسوفی جیهانی. هەروەها باس لەو لایەنە زەقانەی فەلسەفەکەیان کراوە کە ئەو فەیلەسوفانە پێی دەناسرێن و بەشێکن لە کرۆکی فەلسەفەکەیان. ئامادەکاری کتێبەکە، لە دەروازی شارستانێتییەکانەوە دەستی بە گەشتەکەی کردووە و لە سەرەتادا باسی شەش فەیلەسوف و بیرمەندی ئاسیایی و ئیسلامی دەکات. پاشان دەپەرژێتە سەر فەلسەفەی یۆنانی و بەشێک لە فەلسەفە و ژیانی سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ دەخاتەڕوو. دواتر باسی مارتین لۆسەر چاکسازێکی ئایینی لە قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات. ئینجا دەپەرژێتە سەر فەلسەفەی ئەوروپایی قۆناغی مۆدێرن و رۆشنگەریی. لە بەشێکی تری کتێبەکەدا، ئامادەکاری کتێبەکە لە دەروازی کاتەوە دەچێتە ژوورەوە و باس لە فەلسەفەی سەدەی بیست و فەلسەفەی هاوچەرخ دەکات لە ئەوروپا و ئەمریکا. بۆ ئەو مەبەستە ژیان و فەلسەفەی ژمارەیەک فەیلەسووف و بیرمەند بەرباس دەدات.

لە کۆتاییدا، ئامادەکاری کتێبەکە ئاماژە بە 91 سەرچاوەی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی دەکات، کە بۆ نووسینی ئەم بەرهەمە پشتی پێبەستووە و بەشێکی زۆری ئەو سەرچاوانە، کتێبی خودی فەیلەسوفەکانن.