بودجە زه‌به‌لاحه‌كه‌ى ئه‌مریكا په‌سه‌ندكراو گۆڕینى ناوى وه‌زاره‌تى به‌رگریى بۆ جه‌نگ ڕه‌تكرایه‌وه‌

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بەزۆرینەی دەنگ، پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ ساڵی دارایی 2026 بەبڕی 901 ملیار دۆلار پەسەندکردو بۆ واژۆکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕەوانەی کۆشکی سپی کرد.


ئەنجومەنی پیران بە 77 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 20 دەنگی نەخێر، ئەم پاکێجە داراییەی پەسندکرد کە سیاسەتەکانی بەرگریی‌و ئەولەویەتەکانی پێنتاگۆن دیاریدەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە 312 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 112 دەنگی نەخێر، پڕۆژەکەی پەسەندکردبوو؛ ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ پشتیوانیی بەهێزی هەردوو پارتە سەرەکییەکە لەپڕۆژەکە.

وردەکارییەکانی بودجەکە؛ لەموچەوە بۆ کێبڕکێی چین
پڕۆژەیاسای "تەرخانکردنی بودجەی بەرگریی نیشتمانی 2026" (NDAA)، کۆمەڵێک بڕگەی گرنگ لەخۆ دەگرێت:
زیادکردنی موچە: موچەی سەربازان بەڕێژەی 4% زیاد دەکرێت.
کێبڕکێی زلهێزەکان: جەخت لەنوێکردنەوەو چاککردنی پرۆسەی کڕینی کەرەستەی سەربازی کراوەتەوە بەئامانجی کێبڕکێ لەگەڵ ڕوسیاو چین.
هاوکاریی ئۆکرانیاو ئەوروپا: بڕی 800 ملیۆن دۆلار بۆ کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا تەرخانکراوە بۆ پڕچەککردنی ئۆکرانیا، هەروەها 175 ملیۆن دۆلاریش بۆ "دەستپێشخەریی ئەمنیی بەڵتیک" (لیتوانیا، لاتڤیاو ئیستۆنیا) تەرخانکراوە.

ناکۆکی یاسای بودجە لەگەڵ سیاسەتەکانی ترەمپ
بەپێچەوانەی خواستی دۆناڵد ترەمپ کە هەوڵی کەمکردنەوەی پابەندبونە ئەمنییەکانی دەدا لەئەوروپا، یاساکە پێنتاگۆن پابەند دەکات به‌:
ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەئەوروپا نابێت لە 76 هەزار سەرباز کەمتربێتەوە.
فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لەئەوروپا، دەبێت نازناوی "فەرماندەی باڵای ناتۆ" بپارێزێت.

هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری جەنگی عێراق
یەکێک لەخاڵە جێگەی سەرنجەکانی ئەم یاسایە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتانەیە کە کۆنگرێس لەساڵانی 1991و 2002 بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی عێراق بەسەرۆکی دابوو.

ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە ڕێگریی بکرێت لەوەی، سەرۆک ئەو یاسا کۆنانە بەکاربهێنێت بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ (وەک چۆن ساڵی 2020 ترەمپ بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی پشتی پێبەستبوو).

ڤەنزوێلاو هۆشداریی بەوەزیری جه‌نگ
یاساکە هۆشداریدەداتە پیت هێگسێس وەزیری جه‌نگى ئه‌مریكا، ئەگەر ڤیدیۆی دەستکارینەکراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی دژی قاچاخچییەکان ڕادەستی کۆنگرێس نەکات، ئەوا بەشێک لەبودجەی گەشتەکانی ڕادەگیرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی گرژییەکان لەگەڵ ڤەنزوێلاو ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی.

بابەتە کولتورییەکان
یاساکە بابەتی ناسراو بە"شەڕی کولتوری"شی تێدایە، لەوانە قەدەغەکردنی بەشداریکردنی ژنانی ترانسجێندەر لەیارییە وەرزشییە تایبەتەکانی ژنان لەئەکادیمیا سەربازییەکاندا، هەروەها داواکارییەکەی ترەمپ بۆ گۆڕینی ناوی "وەزارەتی بەرگری" بۆ "وەزارەتی جەنگ" ڕەتکراوەتەوەو بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە.

بەپەلە