شارپرێس:
لەدوای 28 ساڵ لەقەدەغەکردن، بۆ یەکەمجار چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژنامەنوسی تورک، فاتیح ئاڵتایلی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکرایەوە، مێژوى ئهو چاوپێكهوتنه دهگهڕێتهوه بۆ ساڵى 1997 كه لهلوبنان لهگهڵیدا سازیكردوه. 28 لهمهوبهر ڕۆژنامەنوس فاتیح ئاڵتایلی لەگەڵ عهبدوڵڵا ئۆجهلان کە لە"بار ئالیاس"ی لوبنانو بهدیاریكراوى لەساڵی 1997دا ئەنجامدرا، بڵاوکرایەوە.
ئەو چاوپێکەوتنە لەڕای گشتیی گەلی کوردو ڕای گشتیی گەلانی تورکیادا دەنگدانەوەیەکی زۆرى هەبوو، چونكه چاوپێکەوتنەكه ئەو ڕاستییەی دەرخستوه کە ئۆجهلان ئەوکاتەش کە هێشتا بەبارمتە نەگیرابوو، لەلوتکەی هێزی خۆیدا بوو، هەمان شتی وتوە، بهنمونه لەبانگەوازییەکەی 27ی شوباتی ساڵی 2025دا وتویەتی.
زۆربەری ڕۆشنبیرانو کەسانی ئەکادیمیو سیاسەتمەدار لەتورکیا وتیان مادام کە ئۆجهلان 33 ساڵ پێش ئێستا هەمان شتی وتوە، ئەی بۆ دەوڵەت بەدەنگییەوە نەچوو و وەڵامی نەدایەوە، ئاخۆ بۆ ئەم هەموو خوێنە ڕژا!؟ ئۆجهلان ئەوکاتیش وتویهتى، "ئەگەر دیالۆگ هەبێت ئێمە هەر بەیانی هەموو چەکەکان بێدەنگ دەکەین".
لەچاوپێکەوتنەکەدا عهبدوڵڵا ئۆجهلان پێداگریی لەسەر بونی ئاشتی دەکاتو بەشێوەیەکی بەرفراوانیش باس لەپێکهاتە چەتەکانی ناو دەوڵەتو ڕوداوی "سوسورلوک" کە لەناحیەی سوسورلوکی باڵکەسیر ڕویداوە دەکات.
پوختە دیدارهكه بەمشێوەیەیە:
ئۆجهلان ڕوداوی سوسورلوک لەساڵی 1995دا بەوەچەرخانێکی مێژویی بەرچاو وەسفکردوەو دەڵێت، "گەلێک ڕوداوی گرنگ لەمێژوی تورکیادا هەن وەک ڕوداوی 31ی ئادارو کۆمەڵێک ڕوداوی تر ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە وەک ڕوداوی "عەلەمدار مستەفا پاشا " لەسەردەمی عوسمانییەکاندا کە سەرەتای قۆناغێکی خراپە لەمێژوی عوسمانیدا، بەڕای من زۆر بەرتەسکە کە وەک تەنها کەیسی "سوسورلوک" باسبکرێت، دەڵێن کە ڕوداو بوە، بەڵام وادیارە ڕۆڵێکی گرنگ دەبێت لەمێژوی کۆماری تورکیادا.
ئۆجهلان بەبیرهێنانەوەی هەوڵەکانی تیرۆرکردنی خۆی کە لەلایەن "عەبدوڵڵا چاتلی"ییەوە درابوو ئەویش لەڕوداوەکەی سوسورلوکدا گیانی لەدەستدا وتی، "ڕۆژنامەکان لەساڵی 1994دا نوسیبویان (250) ملیار لیرەو هەروەها لەمانگی گوڵانی 1996دا نوسیبویان 500 ملیار لیرە دیاری بۆ هەر هەوڵێکی تیرۆرکردن کە هەردوو هەوڵەکەش شکستییانهێنا، دیارو ئاشکرابوو کە هەریەک لە"سەدات بوجاک"و "عەبدوڵڵا چاتلی"و هەندێک کەسی تر لەهێزەکانی یەکەی تایبەت بەشداربون لەم چالاکییانەدا، تانسو چیلەر ئەوکاتە وتی، "ئەوکەسەی فیشەکێک لەپێناو دەوڵەتدا بتەقێنێت پاڵەوانە، ئەگەر ئەوان سەرکەوتوبونایە لەهەوڵانەی خۆیان ئەوا بێگومان وەک پاڵەوان دەناسێندران، بەڵام شکستییانخوارد.
ئۆجهلان بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە "سەدات بوجاک " دەستی هەبوە لەڕوداوەکەی سوسورلوکدا بەمشێوەیە بەردەوامی بەقسەکانیداو وتی، ئەوکەسانە نەک هەر شکستخواردون، بەڵکو لەزۆر شتی تریش تێوەگلاون، من ئەمە ناڵێم ڕاستییەکان دیارن، لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەی ڕوداوەکەی پێئەنجامدراوە بێدەنگکەرو مادەی هۆشبەر دۆزراوەتەوە، "عەبدوڵڵا چاتلی" ماوەی 17 ساڵە لەسەر کۆمەڵێک تاوانی کوشتنی دڕندانە داواکراوە لەلایەن ئەنتەرپۆلەوە، یەکێک لەو تاوانانەش کۆمەڵکوژی باخچەلییە.
ئەوکەسانەی کە لەگەڵ "عەبدوڵڵا چاتلی" لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بونە یەکێکیان پەرلەمانتارەو ئەوەی تریان بەپرسی پۆلیسەو ئەوەی تریش هەڵاتوی دەستی یاسایە، هۆکاری کۆبونەوەی ئەم سێ کەسەش ئەوەیە کە پلانیان هەبوە بۆ تیرۆرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەگەر ئەم سێ کەسە سەرکەوتوبونایە ئەوا دەوڵەت چەپڵەی بۆ لێدەدان، بەڵام سەرکەوتونەبون، باشە من ئەمە لەئێوە دەپرسم ئەم پاڵەوانانە بۆچی سەرکەوتونەبون؟ ئەی باشە کاری ئەم سێ کەسە تەنها هەوڵی تیرۆرکردنی من بوو بەیەکەوە؟ لەژێر پەردەی تیرۆرکردنی من لەچ کارگەلێکی ترەوە تێوەگلاون؟ ئەگەر توانیبایان لەمن بدەن ئەوا پێم دەوتن ئافەرین، ئەوکەسانەی کە پەکەکە بونو بەدەستی بوجاک کوژراون لەژمارەی پەنجەکانی دەستتێناپەڕن لەکاتێکدا 25 ههزار هێزی چەکداری خاوەن موچەی هەیە.
هەموکەس دەزانێت لەماوەیەکی کورتدا بەمیلیاران میلیار پارەی پێدراوە، دەوڵەت بەترلیۆن پارەی پێداوە، لەسیڤەرەک کۆمەڵە کۆشکێکی خاوەن مەلەوانگەی دروستکردوە، هەرخۆی دەڵێت، من خاوەنی 25 هەزار هێزی چەکدارم، ئەمە هێزی دەوڵەتە، ڕۆژنامەکان نوسیویانە، چاتلی خاوەنی چوار کۆمپانیایە، باس لەوەدەکەن کە " کۆجاداغ" تا چ ڕادەیەک لەئەستەنبوڵدا کاریگەرە.
هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ بونی دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا، ڕەوایەتیدان بەمانە بەهەوڵی تیرۆری ئاپۆ بەڕاستی لای من واقیعانە نییە، ئەگەر هەندێکی تر لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت دەبینین دەستییان بەسەر کۆنتڕۆڵی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرداگرتوە، هەروەک چۆن ڕۆژنامەنوسەکان بڵاویاکردەوە کە "سەدات بوجاک" لەسیڤەرەک تلیاکی لەزەوییەکانیدا چاندوە، عەبدوڵڵا چاتلی لەسویسرا، ئەمریکاو ئازەربایجان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرا، لەگەڤەر یەکەی تایبەتی دژ بەمادەی هۆشبەر هەریەک لە"ساڤاش بوڵدان"و "بەهجەت جانتورک"یان تیرۆرکرد، یەکەی تایبەت ویستی چەکم پێ بفرۆشیت، هەموو چەکە قاچاخەکانیان لەکوردستانو ئەستەنبوڵ دەفرۆشن، ئێمە لەبەردەم تۆڕێکی ڕێکخراوین کە لەئەفغانستانەوە درێژبوەتەوە بۆ ناوەڕاستی ئەوروپا.
هەموو ئەوکارانە لەژێر ناوی تیرۆرکردنی ئاپۆ ئەنجامدەدەن، بەڵام هەروەک دەبینن من ساغو سهلامەتم، ئەگەر سەرکەوتوبونایە دەموت ئەی ئافەرین، بەڵام بەهۆی ئەم بێ یاساییو قاچاخچێتییەوە بەملیۆنان کەس زیانیان بەرکەوت، شەڕێکی گەورە لەئەنجامی سودوەرگرتن لەمادە هۆشبەرەکان سەریهەڵدا.
"مەسعود یەڵماز" وتی، "لەکۆتا ساتەکاندا نەمانهێشت دەوڵەت بکەوێتە ژێر دەستی باندەکان، ئەم باندانە سەرتاسەری تورکیایان گرتوەتەوە، ئایا بەڕاستی دەستبەسەر ئەم چەتانەدا دەگیرێت؟ بەدواداچونیان بۆ دەکرێت؟ نازانرێت، بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵ هەریەک لەدەنیز بایکاڵو موردا کارایاڵچنو حیکمەت چەتین بون بەهاوبەش لەگەڵیان، ئەی بۆ لەئێستادا بێدەنگن؟ ئایا چەتە هیچ شتێکیداوە بەئەمانە یاخود نا؟ پێویستە ئامانە ڕونبکەنەوە. ڕۆژنامەکان بڵاویانکردەوە کە هەموو ئەمانە بەپشتبەستن بەدەوڵەت بەرەوپێشەوەچونو سودیان لەهێزو کاریگەری دەوڵەت وەرگرتو بون بەدەوڵەتێک لەناو خودی دەوڵەتدا، لەسەردەمی هاوپەیمانی دەسەڵاتداری "سەهەپە-دەیەپە" (SHP-DYP)و تەنانەت بەرلەمەش پەرەیان بەم شتەداوە.
لەڕاستیدا بەبازاڕکردنی سەرەکی لەساڵی 1992و هەروەها لەدوای ئەمەوە دەستیپێکرد، ئێستاش دەیانەوێت هێڕشبکەنەسەر دەوڵەت، بەڵام کەس لەوێ نییە، ئایا دەوڵەت ڕادەستی چەتە کراوە؟ یاخود دەیەوێت بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە؟ مشتومڕ لەسەر ئەمە دەکرێت، یەکێک لەکێشە هەرە سەرهکییەکانی سوریاو تورکیا ئەمەیە.
"بهگوێرهى تیۆرییەکەی من، ئۆزال نەمرد، تیرۆر کرا"
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەسەرنجدان بەکاریگەریی پێکهاتەی چەتەکان لەسەر ڕای گشتیی تورکیا وتی، فەلسەفەی ڕێکخستنی ئەم چەتانە بریتییە لە"ئێمە شەڕی باشوری ڕۆژهەڵات [مەبەست کوردستانی باکورە] بەڕێوەدەبەین" ئەم بابەتەش سوپا بێزار دەکات، پێویستە گەلانی تورکیا بەشێوەیەکی ڕەها ئاگاداری ئەم بابەتەبن.
بەمشێوەیەش بۆمان ڕوندەبێتەوە کە بۆچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەبارەی نانی سەمون بچوکتر دەبێتەوەو بۆچی 90 هەزار کەس داوای کارکردنیان پێشکەش بەدامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کردوە، بەپێویستیدەزانم کە هۆکاری ئەم بێکارییەتان بۆ ڕونبکەمەوە، بەوتەی ئێوە شەڕێک لەباشوری ڕۆژهەڵات دەگوزەرێت کە ئێمە بەو جوگرافیایە دەڵێین "کوردستان"، ئێمە خوازیاربوین لەگەڵ هێزە ئاساییو دانپێدانراوەکانی دەوڵەتدا شەڕبکەین.
ئێمە ئەوەمان دەویست، تاڕادەیەک تا ساڵی 1992 ئەم شەڕە بەمجۆرە بەڕێوەچوو، ئۆزاڵ لەخولی کۆتاییدا وتی:"ئەگەر پێویست بکات ئێمە باس لەسەر فیدڕاڵیش دەکەینو دەستدەکەین بەچارەسەری سیاسی"، ئەوکاتەی کە ئۆزاڵ ئەم قسەیەیکرد ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆر بویەوە، بەبۆچونی من "ئاناپ" (ANAP) لەلایەن مەسعود یەڵمازەوە بێ کاریگەر کرا، بەشێوەیەکی تەمومژاوی مرد، بهگوێرهى تیۆری من تیرۆرکراو لەم بوارەدا هەندێک زانیاریم لایە، دواتریش لەجیاتی دەمیرەل سەرۆک وەزیرانێکی زۆر نابەرپرسیان دامەزراند کە ناوی "تانسو چیلەر" بوو.
تانسو چیلەر هیچ ئەزمونێکی سیاسیی نییەو هیچ لە بەرپرسیارێتی سیاسی نازانێت، لەپشت ئەمەوە کۆمەڵە باندێکی زۆر ترسناک سەریانهەڵدا کە وەک ڕنوو گەورەبونەوەو ئێستا تورکیا ناتوانێت خۆی لەدەست ئەمانە ڕزگاربکات.
“بەهەزاران گوند سوتێندرانو چۆڵکرانو هەزاران کەس بێسەروشوێنکران”
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوەدا، لەساڵی نەوەدەکانداو لەسەردەمی تانسو چیلەردا گوندەکان چۆڵکرانو هەزاران کوشتنی ‘بکەری نادیار ئەنجامدراو وتی، "لەژێر بەرپرسیارێتی سەرۆک وەزیرانی نابەرپرس هەزاران گوند چۆڵکران، هەزاران کوشتنی ‘بکەری نادیار ئەنجامدرا، موسا عەنتەری تەمەن 70 ساڵان کەسێکی بێتاوان بوو، دەزگای هەواڵگریی زۆر بەباشی ئەو دەناسێت، ئەندامی هیچ حزبێک نییەو نوسەرە، زیاتر بەکوردی دەینوسی، دیارو ئاشکرایە کە بەچ شێوەیەک کوشتییان.
لەلایەکی دیكهوه کوشتنی "محەمەد سینجار" هەیە، ئەوان ئەم تاوانانە وەک چالاکی قارەمانانە بەناو دەکەن، سینجار ئەندام پەڕلەمانە، پێویستە پەڕلەمان بڕیارێک لەسەر ئەندام پەڕلەمانەکەی دەربکات، پەڕلەمان خاوەنداریی لەپەڕلەمانتاری خۆی نەکرد، هەزاران کەس لەماڵەکانیان وەدەرنران، گولەبارانکرانو لەکەنار ڕێگاکاندا فڕێدران، ئایا ئەمە چ پەیوەندییەکی بەدەستور، ئاسایشو سەروەری تورکیاوە هەیە؟ دەکرێت مرۆڤ بەمشێوەیە سزابدرێت؟ بەهەزاران کەس بەبێ پرسو لێکۆڵینەوە کوژرانو دەستبەسەر ماڵەکانیاندا گیرا.
ئایا ڕای گشتیی تورکیا بەدواداچون بۆ ئەمە دەکات؟ ڕوداوەکەی سوسورلوک ئەمەیە، لێکۆڵینەوە لەکارەکانی چەتەکانو بەرتیلخۆرە گەورەکانی شەڕی تایبەت لەم پێنج ساڵەی دواییدا دەکەن؟ دەڵێن لەپێناو کوشتنی ئاپۆدا ئەمەیان کردوە، بەڵام من لێرەم، پەکەکە لەئێستادا زۆر بەهێزە، "بوجاک " دەڵێت شەڕمان لەدژی پەکەکە کردوە، پێنج کەسمان لەپەکەکە کوشتوەو ئێستا 50 کەسیان لێ ماوە.
سەدات بوجاک نە توانی لەدژی من شەڕبکاتو نە توانیشی زیانم پێبگەیەنێت بەڵام بەو گەندەڵیو چەێتییەی ئەنجامیدا زیانی بەهەموو گەلی تورکیا گەیاند، عەبدوڵڵا چاتلی نەیتوانیی هیچ شتێک لەمن بکات، بەڵام ئێستا خاوەنی چەندین کۆمپانیایە، هەزاران چەتەی وەک ئەمانە بونی هەیە، با ئەمانە ڕونبکرێنەوە، هیچ شتێک لەوە ئاساییتر نییە کە گەل زانیاریی لە سەر کارە باشەکانی دەوڵەت هەبێت.
کاری باش باشە، ئەگەر لەسەر ناوی دەوڵەتیش کرابێت دیسانەوە باشە، بۆچی گەل ئاگاداری ئەوکارانە بکرێتەوە؟ بۆ ئەوەی بزانێتو چەپڵەیان بۆ لێبدات، ئەگەر کاری باشیان نەکردبێ ئەوا لەسودی دەوڵەتدا نییە، ئەگەریش بەسودی دەوڵەت نین هەرکەسێک کە بەرپرسیارە لەوکارانە با لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێتو حساب بدات، ئەوان زیانیان بەگەلو دەوڵەت گەیاندوە.
"دەمەوێت جوانییەکانی تورکیاتان لەگەڵدا بەشبکەم"
ئۆجەلان لەبەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت، کاتێک کە یەکەم هەنگاوم هەڵێنا ویستم ئەو گوندەی کە تێیدا گەورە بومە دەستی بەئاو ڕابگات، ویستم سەوزبێتو ڕۆشنبیربێت، ویستم کەسێکی کۆمەڵایەتیو سیاسیی بم، هیچ ئامانجێکی ترم جگە لەمە نەبوو و نییە، ویستم بەپێکەنینو خۆشەویستییەوە لەهەموو شوێنەکانی تورکیادا بگەڕێم، خوازیاری ژیانێکی جوانتربوم.
کاتێک هاتمە ئەنكەرە سەیرانگایەک لەچانکایا هەبوو، باخچەی چای هەبوو، جاروبار دەچومە ئەوێ، ئاپۆی ساڵی 70کان ئەمەیە، دواتر ویستم لەڕێگەی سیاسییەوە ئەمە بکەم، دەزانم کە دەنیز گەزمیشەکانو ماهیر چایانەکان هەڵبەستییان دەنوسی، هەموکات باسییان لەتورکیایەکی جوان دەکرد، هەمیشە باسیان لەعەشقو خۆشەویستی دەکرد، ئەمانە هەرگیز هیچ شتێکیان بۆخۆیان هەڵنەگرتو نەیانبرد، من ئێستا لەپێناو دروستکردنی تورکیایەکی جوانتر دەسوتێمو بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەمەتان پێدەڵێم، "من ئەوکارە چارەسەردەکەم"، هەندێک پلانم هەیە، نابێت کەس بەکەم سەیری یەکتربکات.
دەوترێت کە ئێمە هەزاران ساڵە براین، کەواتە با وەک برا یەکتری قسە بکەین، ئەگەر ئێوە بەڕاستی بڕواتان بەم برایەتییە هەیە، با گفتوگۆ لەسەر هەر ناکۆکییەک لەنێوان ئەم دوو برایەدا هەیە بکەین، کەس دەست لەسنورەکان نادات، ئەو یەکێتییو یەکپارچەییەی کە زۆرجار خۆیان باسیدەکەن هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، کەس تانەت ناڵێت:“لەخاکی تورکیا زیخێکم دەوێت”.
من تورکیایەکی جوانترو پێشکەوتوترم دەوێت، من هەرگیز لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکگرتویی دەوڵەت شیکردنەوەم نەکردوەو وتارم نەداوە. ئەوەی من دەیکەم ڕێگەخۆشکردنە بۆ ئەوەی گەل دەوڵەمەندتربێت، لەڕوی ڕۆحو کلتورەتەوە بەهێزتربێت، ڕێگەچارەی ئەمە ئەنجامدەدەم، شیکارییەکانی ئەمە ئەنجامدەدەم.
با ئەو بوێرییە نیشانبدەنو لەگەڵ ئەوکەسەدا قسە بکەن کە وەک “گەورەترین دوژمنی تورکیا، کوڕە ئەرمەن یان کوڕە یۆنانی” وێنای دەکەن، با سوپا هەر لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، هەموو دەسەڵات هەر لەدەستی ئەواندا بمێنێتەوەو کۆبونەوە بکەین، من مۆدێل پێشکەشدەکەم، با ئەوانیش پێشنیازی خۆیان بکەن.
هەرکەسێک کە خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت با لەوکارەدا جێگەبگرێت، دوای ئەوەش با ڕاپرسی گەل ئەنجامبدەین، شتێک لەمە ئاساییترو مرۆڤادۆستانەتر بونی هەیە؟ بەملیۆنان کەس داوای هەندێک مافی خۆیان دەکەن، دەڵین مافی مرۆڤو دیموکراسی، با ناوی خۆمانمان پێبدەن، کۆمەڵە گۆرانیگەلێکی فلکلۆری بڵێین مەگەر دونیا دەڕوخێت!؟ چەندە گۆرانییەکان بەزمانی جیاواز بوترێنەوە ئەوا ئەوەندە دەوڵەمەندیت، دوای شەڕێکی دورودرێژ تازە هەندێک گۆرانی بەزمانی کوردی دەوترێت، ئێمە دەمانەوێت ئەمە زیاتر ببێت.
"دەمانەوێت هێزی جەنگ بگۆڕین بۆ هێزی ژیان"
لەئەمڕۆدا باشوری ڕۆژهەڵات (باکوری کوردستان) لەدۆخێکی وێراندایە، جوانییەکی ئێجگار زۆر لەوێدا بونی هەیە، ئێمە دەمانەوێت جوانترین باخچەی ژیان لەدەوری ئەو ڕوبارانە دروستبکەین، هەروەک چۆن لەمێژودا هەیە دەکرێت ئەمڕۆش بەهەشت لەکەنارەکانی دیجلەو فورات دروستبکرێت.
ئێمە دەمانەوێت لەڕۆژێکدا هێزی شەڕ بگۆڕین بۆ هێزی ژیانو هێزی پەرەسەندنی ئابوری، ئێمە دەمانەوێت ئاگربەست دروستبێت، بەڵام ئەوان دەڵێن: نەخێر، ئێوە لەناودەبەین، من کارم دەوێت، دەمەوێت جوانیی لەکەنارەکانی دیجلەو فوڕاتدا، لەباتمانو جزیرەدا دروستبکەم، بۆچی دەبێت جزیرە بەمشێوەیە وێران بکرێت؟ کۆشکێکی جوانی کوردیو ناوەندێکی کلتوری کورد دروستدەکەم کرێکارم هەیە، خۆشەویستی نێوان مەمو زین لەوێدا دروستبوو، با کچو کوڕی جوان لەوێدا پێبگەن، لەجزیرەو جودیدا سۆلاڤی زۆر هەیە کە بەبێ وەستان دەڕژێن، با شوێنی گەشتیاریی زۆر جوان لەدەوروبەرییان دروستبکەین، پڕۆژەیەکی باشتر لەمە بونی هەیە؟ بەشێوەیەکی ترسناک هێزی سەربازییان لەو شوێنانەدا بەجێکردوە، هێزێکی زۆری سەربازیی لەوێ سەنگەری دروستکردوە کە بەنوێترین تەکنەلۆژیا پڕچەککراوە.
ئایا ئەمە ڕێگەچارەیە لەڕۆژی ئەمڕۆماندا؟ دەمەوێت باسی ئەم بابەتە بکەم، دەڵێن کورد لەناودەبەین، باشە بەم تیۆری لەناوبردنە دەتوانن بەکوێبگەن؟ باشە با بڵێین لەباکوری کوردستانت لەناوبرد ئێ ئێستا باشور خەریکە فیدراڵی بەدەستدەهێنێت، ئەی چۆن ئەو لەناودەبەیت؟ ئەوەی لەمڕۆدا بیەوێت کورد لەناو ببات، سبەی گەلەکەی خۆیشی لەناودەبات.
"با دیالۆگ هەبێت هەر بەیانی هەموو چەکەکان بێدەنگدەکەین"
لەمنداڵیدا خەونم بەوەوە دەبینی کە ئاوی فورات بگوازمەوە بۆ دارێکی گوندەکەمان، گوندەکەی من زۆر بێ بەرهەمە، خولیایەکم هەبوو، تاقە دارێکم هەبوو هەرچەند سەیرم دەکرد دەوروبەری ئەم دارەم زۆر وشکبوو، بیرم دەکردەوەو دەموت چۆن دەتوانم ڕوباری فورات بۆ ئێرە بگوازمەوەو دەوروبەری دارەکەم بکەم بەسەوزایی، ئەمە خولیای منە، با کەس نەچێت بەشێوازێکی تر پێناسەی ئاپۆ نەکات، ئەگەر خاوەن ئامانجی وەها گەورە نەبم، شێت نیم کە شەڕێکی وەها بەڕێوەببەم، ئەگەر وڵاتپارێکی مەزن نەبم ئەمکارە ناکەم، پێویستە مرۆڤ تۆزێک دروست بێت، پەکەکە بەربەست نییە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "با ئیرلەندا چەکەکانی بێدەنگ بکات ئێمە بۆ هەموو جۆرە گفتوگۆیەک کراوەین، من ئێستا دەڵێم با هیچکام لەسەرۆک وەزیرانەکانی تورکیا ئەمە نەڵێن، "گەر دیالۆگ هەبێت هەر سبەی هەموو چەکەکان بێدەنگ دەکەین" .
"سیاسییەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە"
فاتیح ئاڵتایلی: ئایا تۆ نیازێکی لەمشێوەیەت هەیە؟
ئۆجهلان: هەمیشە هەمبوە، دەسەڵاتی بڕیاردان لەهیچکام لەسیاسییەکانی تورکیادا بەدیناکەم، ڕاپرسییەکی گشتی ئەنجامدرا، لەم ڕاپرسییەدا دەرکەوت کە لە 90%ى خەلک بڕوایان بەسیاسییەکان نییە، بێگومان بڕوایان پێناکات 200 ساڵە سیاسییەکان خەریکن شتگەلێکی بێسود بۆ ئەم گەلە دەکەن، هیچ شتێکیان بەم گەلە نەبەخشیوە، چۆن گەدەیان خۆراک هەڵدەگرێت؟! گەل ئەوانی بەدڵ نییە، هەموو شتێکیان لەژێر دەستدایە، کەچی گەلی تورکیا هیچییانی بەدڵ نییە، ئەم ڕاپرسییە دەریدەخات کە تاوانبارەکان کێن، دەستو زمانیان لەزنجیر مەدەن، ئەمە بەگەلی کوردو تورکیش دەڵێم، "ئەگەر سیستەم بگەڕێتەوەسەر ڕێڕەوی خۆی، ئەوا هیچ کەس بێکار نابێت، با تەنها ڕوباری دیجلەو فورات بەدەورییاندا بڕژێنین ئەمە بەشی دوو دانە تورکیا دەکات، ئەو شوێنانە سروشتی جوانیان هەیە، با بەڕوی بازرگانی باشدا بکرێنەوە بەبێ ئەوەی کە لەناوببرێن بەمشێوەیە کێشەی بێکاریی لەباشوری ڕۆژهەڵاتیش (باکوری کوردستان) چارەسەر دەبێت.
با کشتوکاڵیو ئاژەڵداری لەباشوری ڕۆژهەڵات (باکوری کوردستان) پەرەپێبدەین، ئەمە بەشی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدەکات، کێیە کە پێش لەمە دەگرێت؟ من سیاسییەکان بەجددی وەرناگرم لەتورکیادا، دەسەڵاتێکی تاریک لەتورکیادا بونی هەیە، ئەربەکان حزبی یەکەمە، بەڵام بەقەد سەرە دەرزییەک دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە، خۆرگە کەماڵ ئەتاتورک لەبەرامبەرمدا بوایە، من بکوژێت، بەڵام هێزی بڕیاردانی هەبێت [بڕیارەکە بڕیاری خۆی بێت]، لەئێستادا هەریەکەو تۆپەکە فڕێدەداتە گۆڕەپانی ئەوەیتر.
هێزی بڕیاردانیان نییە، هەندێک دەڵێن ئەم گرێدراوی ئەنجومەنی پاراستنی سەروەری نیشتمانییە، هەندێک دەڵێن حکومەت لێی بەرپرسیارەو هەندێکی تریش دەڵێن پەڕلەمان، ئێستاش باندی چەتەکان سەریهەڵداوەو دەسەڵاتی بڕیاردانیش بونی نییە، بەڕاستی ئەمە دەڵێم با کوردەکان ڕزگاربکەین، با تورکیامان خۆشبوێتو ڕزگاری بکەین.
بهشى یهكهم
