ئەنجوومەنی وەزیران لەنیوەی قەرزی ڕاگەیاندنەکان خۆش دەبێت

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 750 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:
لەسەر داوای وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (٪50)ی سەر قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.

ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر نوسراوێکی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا کە داواکاری لێخۆشبوون لە بڕێکی قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کردووە.

لە نووسراوەکەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێت "بە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی میدیا بینراو و بیستراوەکان لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە داراییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و کەمبوونەوە و نەمانی ئەو داهاتەی میدیا بینراو و بیستراوەکان پێشتر بەدەستیان دەهێنا لە ڕێگەی ڕێکلام، ئەمەش بە هۆی ئەوەی لە ئێستا زیاتر لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە ڕێکلام بۆ کاڵاکان دەکرێت، هەروەها لەسەر داوای زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەکان داواکارین ڕەزامەندی بفەرموون لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (٪50) لە قەرزەکان".

 سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوێک داواکارییەکەی وەزارەتی پەسند کردووەو تێیدا هاتووە "ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی ٪50 لەو قەرزانە".

هاوکات ئەنجومەنی وەزیران ئەو لێخۆشبوونەی مەرجدارکردووە بەوەی دەبێت گشت کەناڵەکان پابەند بن بە دانەوەی ئەو قەرزانە لە ماوەی یەک مانگ، لە ئەگەری پابەند نەبوونیان سزای دواکەوتن بێتە سەر قەرزەکانیان".

ئەمڕۆ شێروان عەوڵا بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری ڕایگەیاند، وەزارەت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و هاوکاریکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو داواکارییەی بەرز کردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو، 132 کەناڵ قەرزارن و لە کۆی 126 کەناڵی بینراو 94 کەناڵیان قەرزارن، واتە لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن.
ئ.ح