شارپرێس:
تورکیا لەم دواییانەدا دەستیکرد بە گرتنەبەری هەنگاوی نوێ بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا، ئەمەش دوای ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
لەم چوارچێوەیەدا بڕیار دراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٦ەوە خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر بۆ پەنابەرانی سوری ڕابگیرێت.
ڕۆژنامەی تورکییە بڵاویکردەوە، گەڕانەوەی سورییەکان وردە وردە دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پاکێجێک لە ڕێوشوێنی نوێ کە پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بگیرێتەبەر.
بڕیارە دوای وەستاندنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر، هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی کاتی بۆ پەنابەرانی سووری بەدوای خۆیدا بهێنێت. بەپێی ئەم هەنگاوە، پێویستە ئەو سووریانەی کە دەیانەوێت لە تورکیا بمێننەوە، داوای ئیقامەی فەرمی بکەن.
نیشتەجێبوونی سورییەکان بە مەرجی توندتر دەبێت، لەوانە خاوەندارێتی خانوو یان بە بەکرێدان، هەبوونی کار، بیمەی تەندروستی، و پێشکەشکردنی زانیاری بانکی.
لەو چوارچێوەیەشدا، یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لە گەڕانەوەی سوورییەکان دەبێت، دەسەڵاتدارانی تورکیا بیر لەوە دەکەنەوە کە هاوکاری دارایی بۆ گەڕاوەکان دابین بکەن بۆ دابینکردنی تێچووی گەڕانەوەیان.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٦٠٠ هەزار پەنابەری سوری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە سوریا، لە کاتێکدا تورکیا بەردەوامە لە میوانداریکردنی نزیکەی ٢.٣٧ ملیۆن پەنابەری سوری لە ژێر پاراستنی کاتیدا.
کارتی پاراستنی کاتی مافی نیشتەجێبوونی کاتی و پاراستنی یاسایی بە پەنابەرانی سوری لە تورکیا بەخشیوە، کە ڕێگەیان پێدەدات کاربکەن و دەستیان بە بیمەی تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە بگات.
ئەم کارتە بەڵگەنامەیەکی بنەڕەتییە بۆ ڕێکخستنی دۆخی یاسایی سورییەکان لە تورکیا.
ئ.ح
