شارپرێس:
د. بەرهەم ساڵح پەیامێکی بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە کۆمیسیاری
باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بڵاوکردەوە و دەڵێت،" خۆم ڕۆژگارێک
پەنابەر بووم، و باش دەزانم کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانێت ڕێڕهوەی ژیان بگۆڕێت
".
د. بەرهەم ساڵح
لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" مایەی شانازیمە
کە وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵبژێردرام. بۆ خۆم ڕۆژگارێک پەنابەر بووم، و باش دەزانم
کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانێت ڕێڕهوەی ژیان بگۆڕێت ".
ئەوەشیخستەڕوو،" ئەم ئەزموونەم هەوێنی بەرنامەی سەرکردایەتیم
دەبێت لەسەر بنەمای هاوسۆزی، پراگماتیزم و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتییەوە. لە
پێشینەی بەرپرسیارێتیم، پەنابەران و ئەو کەسانە دەبێت کە بە زۆر ئاوارە کراون؛ لە ڕێگەی
پاراستنی ماف و کەرامەتیان، و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە، تاوەکو
ئاوارەبوون کاتی بێت، نەک چارەنووسێکی هەمیشەیی ".
د. بەرهەم ساڵح باسی
لەوەشکرد،" لە سەردەمێکدا کە ژمارەی ئاوارە بێئەندازەیە،
و فشارێکی زۆر لەسەر سەرچاوەکانی هاوکاری مرۆیی هەیە، جێبەجێکردنی ئەرکەکانی UNHCR پێویستی بە دوپاتکردنەوەی کاریگەری، کراوەیی و کارایی دەبێت.
ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. کۆمیسیاری باڵای پەنابەران بەردەوام دەبێت لەسەر
ئەو چاکسازییە گرنگانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دەستیان پێکردووە بۆ بەهێزکردنی کاریگەرییە
مەیدانییەکان و بەکارهێنانی دروستی سەرچاوە داراییەکان ".
راشیگەیاند،" لەگەڵ وڵاتانی ئەندام و هاوبەشەکانمان
لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕێکخراوە خێرخوازکارەکان، و لەم پێناوەشدا هاوکار دەبم بە
مەبەستی گەیاندنی هاوکاری بەوانەی زۆرترین پێویستییان پێیەتی ".
لەپەیامەکەی د. بەرهەم ساڵحدا ئەوەش هاتوە،" سوپاسی
سکرتێری گشتی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، و کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بۆ
متمانەپێکردنیان؛ هەروەها سوپاسی کۆمیساری باڵا، فیلیپۆ گراندی، دەکەم بۆ سەرکردایەتی
کاریگەر و ماندوونەناس لەم ماوەیەدا کە جیهان لەبەردەم کێشە و گرفتی گەورەدا بوو ".
وتیشی،" پەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵ کارمەندە دڵسۆزەکانی UNHCR، دەوڵەتان، هاوبەشەکان، وڵاتانی پەناگەی پەنابەران،
و لە سەرووی هەمووشیانەوە خودی پەنابەران، بۆ جێگیرکردنی پارێزگاری و دۆزینەوەی
چارەسەری بنەڕەتی، کە لەگەڵ هیوا و ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم گونجاو بێت ".
