شارپرێس:
ئێران دهڵێت، ههموو ئهو شوێنانهیان نۆژهنكردوهتهوه كه ئیسرائیل بۆردومانیكردون، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش ئاشكرایكرد، ئەوان ئاگاداری جموجۆڵەكانی ئەمدواییەی ئێرانن، ڕاشیدهگهیهنێت، "هیچ هەڕەشەو مەترسییەك لەو وڵاتە قبوڵ ناكەین".
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگهیاند، "لەنزیكەوە چاودێری جموجۆڵە موشەكییەكانی ئێران دەكەین، هەر هەڕەشەیەك لەو وڵاتەوە جێگەی قبوڵكردن نییەو وهڵامى كاریگهرمان دهبێت".
چەند ڕۆژێك لهمهوبهریش، لەسەر هەمان ئهو پرسه بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل قسەی بۆ بۆ میدیاكانی وڵاتهكهى كردبوو وتبوى، "ئیسرائیل باشدەزانێت كە ئێران بەمدواییە دەستی بەمەشقو مانۆڕە سەربازییەكانی كردوهتەوە".
ئاماژەی بەوەشدابوو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتەو هەروەها چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئەمدواییەی ئێرانیش دەكات.
بهوتهى ناتانیاهۆ، "پەیامی من بۆ ئێران ڕونو ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە كە هەر كردەوەیەكی سەربازیی دژی وڵاتەكەمان، بەتوندترین شێوە وەڵامدەدرێتەوە".
دوشەممەی ڕابردوو ناتانیاهۆ كۆبونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازییو هەواڵگریی ئیسرائیل كردبوو بەر لەدەستپێكردنی گەشتەكەی بۆ ئەمریكا.
لای خۆیشییەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران نەیشاردبوەوە كە وڵاتەكەی بەدورینازانێت دوبارە لەلایەن ئەمریكاو ئیسرائیلەوە هێرشیانبكرێتەسەر یاخود كردەوەیەكی دیكەی سەربازیی دژیان ئەنجامبدرێتەوە.
جەختیشیكردبوەوە، لەبەرامبەردا ئێران بەهەموو هێزییەوە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشو پەلامارێك تەنانەت باشتر لەجاران وەڵامی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئهوهشى وتبوو، "وڵاتەكەی هەموو ئەو شوێنانەی نۆژەنكردوهتەوە كە بەهۆی هێرشەكان زیانیان بەركەوتبوو".
