شارپرێس:
مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده، به‌په‌یامێك دیمه‌شق له‌پرسێكى هه‌ستیار ئاگادارده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "یەکخستنى بۆچونەکان لەسەر پرسە سەرەکییەکان هەیە، هیوادارین لەماوەی داهاتودا بگەینە هەموو ڕێککەوتنەکان، به‌ڵام نابێت دیمه‌شق پرسى لامه‌ركه‌زیى له‌بیر بكات"، ده‌شڵێت، "گه‌یشتوینه‌ته لێكتێگه‌یشتن سه‌باره‌ت به‌یه‌كخستنى هێزه‌كان، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ستیاریى هاوته‌ریب بونى هێز له‌به‌رچاو بگیرێت".
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆبونەوەی دەستەی ڕاوێژکاریی بۆ پاڵپشتیکردنی لیژنەی دانوستان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا كه له‌شارى ته‌بقه به‌ڕێوه‌چوو، ڕایگه‌یاند، "گەیشتوینه‌ته لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بەیەکخستنی هێزە سەربازییەکان، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ستیاریى هاوته‌ریب بونى هێز له‌به‌رچاو بگیرێت لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیی".
كۆبونه‌وه‌یه‌ى ده‌سته‌كه له‌ته‌بقه بۆ تاووتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان بوو لەسەر گۆڕەپانی سوریا‌و ڕێککەوتنی 10ی ئادار، تێیدا مه‌زڵوم عه‌بدى وتى، "پرسه ده‌ستورییه‌كان پێویستیان بەکات هەیە بۆ گەیشتن بەچارەسەرێک کە هەموو سوریا بگرێتەوە".
له‌په‌یامێكیشدا بۆ دیمه‌شق، ئێمە پێمانوایە گه‌یشتوینه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و هه‌ستیارییه له‌به‌رچاو بگرن، چارەسەر لەسوریا ته‌نهاو ته‌نها به‌لامەرکەزیی به‌دیدێت".
ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه، "له‌سوریاى دواى ڕژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د، فۆڕمی حکومەت‌و بەشداریی هەموو پێکهاتەکان، پایەی بنەڕەتین‌و ئەمەش پێویستی بەگفتوگۆی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بەدەستورێک کە ڕەنگدانەوەی هەموو خواستەکان بێت".
له‌باره‌ى پێشکەوتن له‌كۆبونه‌وه‌و ڕێكه‌وتن، عه‌بدى جه‌ختیكرده‌وه، "پێشكه‌وتن هەیە لەپێکهێنانی دیدگایەکی هاوبەش سەبارەت بەدەروازە سنورییەکان‌و خودى سنورەکانیش، چونكه ده‌بێت هه‌مولایه‌ك له‌سوریا ئه‌وه بزانن، سامانە سروشتییەکان، موڵك‌و سامانى هی هەموو سورییەکانن، نه‌ك ته‌نها هێزو پێكهاته‌و گروپێكى چه‌كدارو ته‌نها به‌رپرسێك".
ئه‌وه‌شى وت، "یەکخستنى بۆچونەکان لەسەر پرسە سەرەکییەکان هەیە، هیوادارین لەماوەی داهاتودا بگەینە هەموو ڕێککەوتنەکان، دەمانەوێت خەڵکی هەرێمه‌كه‌مان لەچوارچێوەیەکی دەستوریدا ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەببەن".
