شارپرێس:
بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، حاكم قادر حەمەجان، سەردانی كەنیسەی ماریوسفی کلدانی و مریهم عەزرای لە شاری سلێمانی كرد و ڕایگەیاند، "پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی تەواوی خوشک و برایانی کریستیان لە جیھان و عێراق بە تایبەتتر هەرێمی کوردستان دەكەم، هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە هۆی ئاشتی و تەبایی و سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا و ساڵی نوێش سەرەتایی کۆتایی هاتنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان بێت.
حاكم قادر ڕایگەیاند، به درێژایی مێژوو ھەرێمی كوردستان و سلێمانی بە تایبەت شوێنی پێكەوەژیان و ئاشتی و بۆچوونە جیاواز و ئاینه جیاوازەكان بووە و ههر بهوشێوهیهش دهمێنێتهوه، بۆیە شەڕی ئاینەكان قبوڵكراو نیە و مەترسیەكی گەورەیە و دەبێت ھەمووان ڕێز لە سەرجەم ئاینە جیاوازەكان بگرن، چونكە ھیچ كەس و لایەنێك ئەو مافەی نییە بیرو باوەڕی ئەوانی تر بسڕێتەوە.
هەروەها حاکم قادر لە کۆتایی قسەکانیدا ھێمای بۆ ئەوەشكرد، پێویستە پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێم و عێراق نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت کە گوزارشتی ڕاستەقینە لە خواست و داواکارییەکانیان بکات و بەرگریکاری مافەکانیان بێت.