شارپرێس:
ماڵپەڕی شەفافیەت ڕایگەیاند، داهاتی ئەم ساڵی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 894 ملیار دینار بوە، لە کاتێکدا داهاتەکە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 900 ملیار دینار بوە.
ماڵپەڕی شەفافیەت ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، داهاتی مانگێکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 25-11-2025 تاوەکو 26-12-2025، بریتییە لە 60 ملیار و 71 ملیۆن و 779 هەزار دینار.
داهاتی مانگێک پێشتری هەمان سنور، بەگوێرەی ماڵپەڕەکە 62 ملیار و 62 ملیۆن و 675 هەزار دینار بوە.
ماڵپەرەکە داهاتی هەفتانەی ئەو دوو پارێزگایەی بڵاوکردوەتەوەو ڕایگەیاندوە، لە 20ـی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ داهاتەکە 18 ملیار و 734 ملیۆن و 788 هەزار دینار بوە.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنور، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە 18 ملیار و 855 ملیۆن و 621 هەزار دینار بوە.
داهاتی پار لەو سنورانە 900 ملیارو 399 ملیۆن و 748 هەزار دینار بوە. ماڵپەڕەکە ڕایگەیاندوە، تاوەکو ئەمرۆ داهاتی ئەم ساڵ 894 ملیار و 894 ملیۆن و 449 هەزار دینارە. داهاتی ئەمساڵ بەراورد بە پار، 5,505,299,000 ملیار دینار کەمی کردوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی سێ ساڵە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدروشمی بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتییان لەدامودەزگاکانی حکومەت، کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی ڕاگەیاندو لەلایەن نوسینگەکەیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
