شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەكەی حمسی كردو دەڵێت، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی ئەمڕۆ کرایە سەر نوێژخوێنانی مزگەوتەكە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی دوبەرەکییە لەناو کۆمەڵگەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند،" کۆماری عێراق بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە نوێژخوێنانی مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیب)ی لەگەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمسی سوریا کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتیی بێتاوان بونە قوربانی."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت،" عێراق بەهەموو شێوەیەک تیرۆر، توندوتیژی و توندڕۆیی ڕەتدەکاتەوە، بێ گوێدانە پاساو و سەرچاوەکەی، چونکە ئەو جۆرە هێرشانە هاوڵاتیی مەدەنی و شوێنە پیرۆزەکان دەکەنە ئامانج و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی دوبەرەکییە لەناو کۆمەڵگەکاندا."
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،" عێراق پاڵپشتیی تەواوی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ بنبڕکردنی تیرۆرو بڕینی سەرچاوەکانی داراییان."
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ تەقینەوەیەك لەکاتی نوێژی هەینی لەناو مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) لەگەڕەکی وادی زەهەب لەشاری حمس ڕویدا و بەهۆیەوە 8 کەس کوژراون و 21 کەسی دیکەش بریندار بون.