ئیسرائیل وەك یەكەم وڵات دان بەسەربەخۆیی سۆماڵیلاندا دەنێت

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیسرائیل وەك یەکەم وڵات لەجیهاندا بەفەرمی دانی بەسەربەخۆیی کۆماری سۆماڵیلاندا، لەكاتێكدا زیاتر لەساڵێكە گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان ناتانیاهۆ و سەرۆكی سۆمالیلاندا هەیە.


بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەرێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ عەبدولڕەحمان محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سۆماڵیلاند، ئەم پەیوەندییە نوێیەی بەسەرەتایەکی مێژویی ناوبرد. 
 
نەتەنیاهوو سەرۆکی سۆماڵیلاندی بانگهێشتکرد بۆ سەردانی ئیسرائیل و وتی،"ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ فراوانکردنی هاوبەشییەکانمان".

هاوكات، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی و کۆماری سۆماڵیلاند ڕێککەوتنێکیان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی تەواو واژۆ کردوە کە کردنەوەی باڵیۆزخانە لەهەردوو وڵات دەگرێتەوە.
 
هەروەها نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕاگەیەندراوێکدا وتی، ناتانیاهۆ بەفەرمی دانی بەکۆماری سۆماڵیلاند وەک "دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری" ناوە.

 سۆماڵیلاند لەساڵی 1991ـەوە جیابونەوەی خۆی لەسۆماڵ ڕاگەیاندوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئێستا هیچ کام لەئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان وەک دەوڵەت دانیان پێدانەنابوو.