به‌ریتانیا هۆشداریى به‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ده‌دات‌و ده‌ڵێت: له‌ڕوخان نزیكبوه‌ته‌وه‌

جیهان

05/01/2026‌ 3836 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌ریتانیا نوێترین ڕاپۆرتى هه‌ڵسه‌نگاندنى خۆى له‌باره‌ى حكومه‌تى نوێى سوریا به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌حمه‌د شه‌رع بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سوریا بەرەو داڕمان دەڕوات، چونكه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ئێستا، حوكمڕانیه‌كى دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانن‌و توندوتیژییه‌كانیش به‌ره‌و زیاتر ده‌چن".


هەڵسەنگاندنه‌كه‌ى بەریتانیا بۆ بارودۆخی سوریا ئاماژە بەوەدەکات، "قەیرانەکە چیتر تەنها شکستی پرۆسەی سیاسی یان ڕێککەوتنە کاتیەکان نییە، بەڵکو پەیوەستبوە بەناهاوسەنگییە قووڵەکانی پێکهاتەیی لەئیدارەی دەوڵەتدا، له‌به‌رئه‌وه‌ى چەند گروپێك كه‌ خۆیان به‌هاوشانى حكومه‌ت ده‌زانن‌و هەڕەشە لەسەقامگیری دەکەن".

به‌ریتانیا جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "لاوازی دامودەزگا فەرمییەکان، بونی پێکهاتەی حوکمڕانی هاوتەریب کە بەسەرۆکی دەوڵەتەوە پەیوەستكراون‌و لێپرسینەوەیان نییه‌، له‌گه‌ڵ بەردەوامبونی پێشێلکارییە ئەمنییەکان، لەوانەش کوشتنی بێ جیاوازیی‌و ئاوارەکردنی زۆرەملێ‌و هاندانی توندوتیژیى لەناو هەندێک دامەزراوەی فەرمیدا كه‌ گروپى چه‌كدارى توندڕه‌وى ئیسلامیى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كه‌ن".

بۆ ئه‌و كێشانه‌ش، بەریتانیا جەختدەکاتەوە، "چارەسەرکردنی ئەو پرسانە پێویستی بەچاکسازیی هەمەلایەنەی پێکهاتەیی هەیە کە گەرەنتی سەروەری یاساو بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەو مەزهەبەکانی سوریا لەئیدارەی دەوڵەت‌و بڕیاردان‌و کەمکردنەوەی دوبەرەکی‌و جەمسەرگیریی، وەک پێشمەرجێک بۆ هەر سەقامگیرییەکی درێژخایەن".

به‌ریتانیا پێیوایه‌، هەڵسەنگاندنه‌كه‌ى بۆ دۆخی سوریا، گوزارشت لەتێڕوانینێک دەکات کە قەیرانەکە چیتر لەشکستی پرۆسەی سیاسیی یان داڕمانی ڕێککەوتنە کاتیەکان قەتیس نەماوە، بەڵکو پەیوەستبوە بەناهاوسەنگی پێکهاتەیی له‌حوکمڕانیی‌و ئیدارەدانى دەوڵەتدا.

ئه‌وه‌ش ڕونده‌كاته‌وه‌، "سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنە کاتیانەی کراون، بەڵام هێشتا وەرنەگێڕدراون بۆ ڕێڕەوێکی کردەیی بەردەوام بەهۆی گومانە بەردەوامەکان سەبارەت بەئیرادەی سیاسیی ڕاستەقینەو توانای جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدارانی ئێستا، چ لەسەر ئاستی دامەزراوەیی‌و چ لەسەر ئاستی ئەمنیی".

لەندەن بۆچونى وایه‌، درێژەدان بەمشێوازە حوکمڕانییەى ئێستاى دیمه‌شق، هۆكار ده‌بێت بۆ نه‌مانى چه‌مكى ده‌وڵه‌ت‌و ده‌وڵه‌تى دامه‌زراوه‌یى، له‌به‌رئه‌وه‌ى چه‌ندین گروپى جیاواز به‌گوێره‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى‌و بڕیارى تاكه‌كه‌سى ده‌جوڵێنه‌وه‌، نه‌ك یاسایه‌كى دیاریكراو له‌وڵاتدا، ئه‌وه‌ش هۆكارێكى مه‌ترسیدار ده‌بێت بۆ لێكترازانى زیاترى كۆمه‌ڵگه‌ى سوریى‌و دابه‌شبونى زیاترى ناوخۆیى به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت، سه‌ره‌نجامیش چانسی سەقامگیریی له‌ناوده‌بات.