شارپرێس:
بەرەبەیانی ڕۆژى شەممەى ڕابردوو 3ى 1ى 2025، هێزى دهلتاى ئەمریکى، دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلاو سیلیا فلۆریسی هاوسەری لەئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراواندا کە لەناو خاکی ڤەنزوێلا ئەنجامدرا، ڕاگەیاند، دواتر بەگوێرەی ڕاگەیهندراوێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، "مادۆرۆو هاوسهرهكهى گواستراونەتهوە بۆ دەرەوەی وڵاتهكهو پاشانیش گهیهنران بهئهمریكا".
ئەو پێشهاتە، پەرەسەندنێکی بێوێنە بوو لەپەیوەندییەکانی ئەمریکاو ڤهنزوێلا، بەتایبەت کە واشنتۆن لەساڵانی ڕابردودا پاداشتی دارایی بەرچاوی پێشکەشکردبوو بهههر زانیارییهك کە ببێته هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ.
ئهوهبوو لهساڵى ڕابردودا، بڕى پاداشتەکە بۆ 50 ملیۆن دۆلار بەرزكرایهوه، هۆكارى ئهو پاداشتهشى بۆ ئهوه گهڕاندهوه، كه مادۆرۆ تۆمەتباره بەتێوەگلان لە"تۆڕەکانی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکانو هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان"، بهڵام کاراکاس چەندینجار ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردهوهو بەبەشێک لە"شەڕی سیاسییو ئابوریی" وەسفیکردبوو.
دەستگیرکردنی مادۆرۆ یهكهم سهرۆكى وڵاتان نییه كه لهلایهن ئهمریكاوه دهستگیركرابێت، بهڵكو پێشتریش ژمارەیەک سەرۆکی وڵاتانى بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستگیرکردوە یان لهسهر دهسهڵات لایبردون، دیارترینهكانیان بریتین لە:
ـ مانوێل نۆریێگا سەرۆکی پەنەما: لەساڵی 1989، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لەناکاو دابەزینە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی پەنەماو لهئۆپهراسیۆنێكدا، مانوێل نۆریێگاى سهرۆكى وڵاتهكهیان دەستگیرکردو گواستیانهوه بۆ ئەمریکا، دواتر بەتۆمەتی پەیوەندیدار بەبازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکانو سپیکردنەوەی پارە، ئهمریكا سزاى 40 ساڵ زیندانى بهسهردا سهپاند، بهڵام 17 ساڵی لێ بەسەربرد، دوای ئەوەی بەهۆی ڕەفتاری باشەوە سزاکەی بۆ کەمکرایەوە، ماوەی سزاکەی نۆریێگا لەئهمریكا، لەئەیلولی 2007 کۆتاییهات، لەساڵی 2010دا ڕادەستی فەرەنسا کرا، لەوێش بەتۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، سزای حەوت ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
ـ سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ سەرۆکی سربیا/یوگۆسلاڤیای پێشوو: لەساڵی 2001 لەژێر فشاری سیاسییو دارایی ڕاستەوخۆی ئەمریکا دەستبەسەرو ڕادەستی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهای کرا.
ـ سەدام حسێن سەرۆکى عێراق: لەساڵی 2003 لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر عێراق، لەلایەن هێزەکانی دهلتا، ئهو هێزهى مادۆرۆى دهستگیركرد، سهدامیشى دەستگیرکردو دواتر ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق کرا، ئەوانیش لەساڵی 2006 دادگاییانكردو لەسێدارەیاندا.
ـ چارڵز تایلۆر سەرۆکی لیبریا: ساڵی 2006 بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا دەستگیرکراو ڕادەستی دادگای تایبەتی سیرالیۆن کرا، دواتر گواسترایەوە بۆ لاهایو لەوێ سزای زیندانیکردنی درێژخایەنی بەسەردا سەپێندرا.
ـ خوان ئۆرلاندۆ هێرناندێز سەرۆکی پێشوی هندۆراس: لەساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیەوە دەستگیرکراو ڕادەستی ئەمریکا کرا، واشنتۆنیش تۆمەتباریکردبوو بەپیلانگێڕیی بۆ هێنانی کۆکاین بۆ ناو خاكى ئەمریکاو مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تاوانکارییەکان.
دەستگیرکردنی مادۆرۆ کاردانەوەی نێودەوڵەتیی تێکەڵاوی بەدوای خۆیداهێنا، لەئیدانەکردنەکانەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بەپێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری ڤەنزوێلا دەزانن تا دەگاتە داوای دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەیاساییبونی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا.
