جوامێرانی سەر مینبەر؛ دەنگی هەق و ویژدانی گەلن

توێژینەوە و شیکاریی

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 112 جار خوێندراوه‌ته‌وه


مامۆستایانی ئایینی، سوپاس و دەستخۆش

لە مێژووی گەلەکەماندا، لاپەڕەکانی زانا و مامۆستایانی ئایینی زۆر گەورە و پڕشنگدارن؛ بۆیە هەمیشە مایەی شانازین.
ئاسان نییە لێرەدا ناوی هەموو ئەو زانایانە بێنم کە میراتێکی مێژوویی گەورەیان بۆ کورد و کوردستان بەجێهێشتووە، بەڵام هەر بۆ نموونە دەڵێم: سورەوەردی، دینەوەری، باباتاهیر، بێسارانی، ئەحمەدی خانی، مەلای جەزیری، فەقێی تەیران، نالی، مەحوی، مەولەوی، سالم، حاجی قادر، مەلای گەورە، مەعشووق خەزنەوی، مەولانا خالید، ئیبن مستەوفی، ئیبن شەدداد، ئیبن جەزەری، ئیبن خەلەکان، مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی، زەهاوی... ئەوانە و سەدانی دیکە کە جگە لە بواری ئایینی، هەر یەکەیان لە بوارێکی دیکەدا ئەسپی خۆیان تاوداوە و گەیشتوونەتە دواقۆناغی مەبەستیشیان. ئەوانە هەموویان دەرچووی حوجرە و خوێندنگەی ئایینی بوون، بەڵام بەوپەڕی لێهاتووییەوە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەتێکی گەورەی گەلەکەیان کردووە.
کەسایەتییە ئایینییەکانی کورد هێندە کاریگەر بوون، بە درێژایی دەیان ساڵ دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان ویستوویانە بە ناوی برایەتیی ئایینی و بە بەرتیل و ماڵی دنیاش لە خشتەیان ببەن، بەڵام بە هۆکاری ئەو مەدرەسە کوردەوارییە ڕەسەنەی ئەوانی پێگەیاندبوو، هەرگیز نەیانتوانیوە زەفەریان پێ ببەن؛ مەگەر تاک و لۆقێک، ئەوانیش لەناو خەرمانی گەورەدا جگە لە دەنکە زیوان، هیچی تر نەبوون.
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، لەم ڕۆژانەدا لەسەر هەمان ڕێچکەی ڕەسەن، دەیان خوێندکاری ئەحمەدی خانی و حاجی قادر و مەولەویمان بینین، کە بانگی هەق دەدەن و بەوپەڕی دڵسۆزی و خواپەرستی لەسەر مینبەرە پیرۆزەکانی مزگەوت، بەرگرییان لە خەڵکی مەزڵوومی "ئەشرەفییە" و "شێخ مەقسوود" کرد. ئەوان نەک هەر دژی ستەم وەستانەوە، بەڵکو بەوپەڕی دڵنیاییەوە موسڵمانانی کوردیان لە دووڕوویی دەسەڵاتدارانی دیمەشق و ئەنقەرە هۆشیار دەکردەوە و ڕایانگەیاند کە شەیتانی ژێر ڕیشەکەی "ئەحمەد شەرع"، هەمان شەیتانی ژێر ڕیشەکەی "ئەبووبەکر بەغدادی"یە و ئیسلامییەتەکەی ئەردۆغان هەمان عەلمانییەتەکەی ئەتاتورکە.
لەم ڕۆژانەدا گوێم لە دەنگی زوڵاڵی دەیان مامۆستای ئایینیی خۆمان گرت، کە بانگی هەقیان دەدا و بە هەموو دنیایان گوت: "ئێمە لەگەڵ گەلی خۆمانین".
دەستتان خۆش جوامێرانی سەر مینبەر.
سوپاس بۆ ئێوە.
هەمیشە شانازیتان پێوە دەکەین.
ئارێز عەبدوللا

بەپەلە