شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای ئێران بەکەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ڕاگەیاندوە، ئێران بانگەشەکانی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە بەوەی کەمبونەوەی ژمارەی ئەو موشەکانەی بەئیسرائیلییەوە دەنێت، بەهۆی کەمبونەوەی ژمارەی موشەکەکانییەوە بێت.
ئەو بەرپرسە ڕونیکردوهتەوە، ئێران بەهۆی کەمی موشەکەوە هێرشەکانی کەمنەکردوهتەوە، بەڵام ستراتیژێکی نوێی گرتوهتەبەر کە گرنگی بەکوالێتی دەدات نەک چەندایەتیی، بەبەکارهێنانی موشەکی وردپێکترو پێشکەوتوتر کە شوێنە هەستیارە سەربازییو ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێک لەنوێترین موشەکەکانی ئێران توانیویەتی بچێتە ناو سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوی ئیسرائیلەوە، لەوانە THAAD، Patriot، Arrow 2، Arrow 3، Davids Sling و تەنانەت Iron Dome ی بەزاندوە کە لەئەمریکا دروستکراوەو بەوردی ئامانجی خۆی پێکاوە.
هەروەک وتویەتی، "نابێت ئیسرائیل دڵخۆش بێت بەکەمبونەوەی ژمارەی ئەو موشەکانەی ئێران ئاڕاستەی ئەو وڵاتەی دەکات، بەوپێیەی ئەم دابەزینە بەهۆی لاوازییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی پێشکەوتنێکی چۆنایەتییەوە".
هۆشداریشیداوە لەوەی، ئیسرائیل توانا موشەکییەکانی وڵاتەکەی بەکەم سەیر بکات.