موشه‌كه‌كانى شه‌وى ڕابردوو له‌كوێوه‌ ئاراسته‌ى كه‌ركوك كران؟

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 15847 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکوک ئاشكرایده‌كات، گەیشتونەتە ئەو ده‌ره‌نجامه‌ى، موشەکەکانی شەوی ڕابردوو لەدەرەوەی کەرکوکەوە هەڵدراون‌و هەموو پەنجەی تۆمەتەکانیش ئاراستەی داعش دەکرێن.


کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو، سێ موشەک لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک‌و موشەکێکیش لەناوچەی عروبەی شارەکە کەوتنە خوارەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەركوک لەڕاگەیەنراوێکدا باسی ئاشكرایكرد، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان کە سەرچاوەکەیان نادیارە، کارمەندێکیان برینداره‌.

ئەفسەرێکی باڵا لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاندوه‌، "هەموو موشەکەکان لەجۆری کاتیۆشا بون‌و لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە لەشەوی ڕابردوەوە بەردەوامە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"تائێستا بۆ  ئێمەو هێزە ئەمنییەکان ڕوننەبوەتەوە موشەکەکان بەدەستنیشانکراوی لە چ ناوچەیەکەوە ئاراستەکراون‌و سەکۆی هەڵدانیان نەدۆزراوەتەوە".

ئەو ئەفسەرە باڵایەی پۆلیسی کەرکوک باسی لەوەشکرد، "هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان تائێستاش بەردەوامن‌و بەفەرمی هیچ ڕانەگەیەنراوە، بەڵام گەیشتوینەتە ئەو بیوایەی، هەموو موشەکەکان لەدەرەوەی کەرکوکەوە هەڵدراون‌و گوماندەکەین لەناوچەی ڕەشادەوە ئاراستە کرابن".

به‌وته‌ى ژمارەیەک ئەفسەرو بەرپرسی ئەمنیی کەرکوک، ئه‌وان بەدوریدەزانن گروپی چەکدار موشەکەکانیان ئاراستە کردبێت، بەڵکو زۆرینەیان پەنجەی تۆمەت ئارستەی داعش دەکەن.

ئه‌وان وتویانه‌، "هەفتەی ڕابردوو سێ سەرکردەیان لەسنوری پارێزگای کەرکوک دەستگیرکرابون‌و دەکرێت هێرشە موشەکییەکانیش، دەرئەنجامی کاردانەوەی دەستگیرکردنی سەرکردەکانیان بێت".