نۆ دادوه‌ره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3595 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌و نۆ دادوەرەى دادگای فیدراڵی کە بەهۆی ناکۆییان لەگەڵ سەرۆکی پێشوی دادگەکەو ڕەخنەیان لەشێوازی کاری خودى دادگاكه‌ش داوای خانەنشینییان کردبوو، دوای نەمانی ئەو هۆکارانەی پاڵنەری بڕیارەکەیان بوه‌، دەگەڕێنەوەسەر کارەکانیان.


ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەسەرۆکایەتیی دادوەر فایەق زێدان کۆبونەوەیەکی هاوبەشی بەڕێوەبرد کە دادوەرانی دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی، سەرۆکی داواکاری گشتیی، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەری‌و دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی لەخۆگرت.

لەدوای کۆبونەوەکە ڕاگەیاندرا، ئەندامانی دادگای فیدراڵی بەهۆی چارەسەربونی کێشەکانیان، لەبڕیاری خانەنشینبونیان پاشگەزبونەتەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا، میکانیزمەکانی کاری دادوەریی دروست‌و پابەندبون بەپسپۆڕییەکان، به‌گوێره‌ى ئەوەی لەدەستورو یاسا کارپێکراوەکاندا هاتوە، گفتوگۆی لەسەرکرا.

هەروەها گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی‌و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەری‌و دورکەوتنەوە لەهەر ڕەفتارو کارێک کە زیان بەو بنەمایانە بگەیەنێت جەختی لێکرایەوە.