شارپرێس:
دوابەدوای دەرکردنی یاسایەک لەپەرلەمانی عێراق کە هەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل بەتاوان ناسێندراوه، زانیارییهكان ئاماژە بەجموجۆڵی بەرفراوانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا دەکەن، کە هەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەبراهام لەعێراق دەدات.
پڕۆژەی ئەبراهام کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبیو ئیسرائیل پێکهێنراوە، ئێستا هەوڵدەدات عێراقیش بخاتە نێو ئەم پرۆسەیە.
بهگوێرهى سەرچاوە ئاگادارەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا، وەک ناوەندی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە کاردەکاتو هەوڵدەدات زەمینەسازیی بۆ قبوڵکردنی ئیسرائیل لەعێراق لەڕێگەی پشتیوانی داراییو سیاسی بۆ هەندێک لەبزوتنەوەو کەسایەتییە ناوخۆییەکان ئامادەبکات.
ڕەفیق ساڵحی نوێنەری فراکسیۆنی سادقون لەپەرلەمانی عێراق بەجەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی باڵیۆزخانەی ئەمریکا وتویهتى، "ئەم باڵیۆزخانەیە پاڵپشتی دارایی پێشکەش بەو گروپو کەسایەتیانە دەکات کە ئامانجیان بەرەوپێشبردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل".
پەرلەمانی عێراق پێشتر یاسایەکی دەرکردوە کە هەر پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل بەتاوان دەزانێتو سزای توندی بەسەردا سەپاندوە، ئەم یاسایەش بەربەستێکی بەهێزە لەبەردەم هەوڵەکانی پڕۆژەی ئەبراهام بۆ کاریگەریی لەسەر سیاسەتی عێراق.
شارەزایانی سیاسی پێیانوایە، پڕۆژەی ئەبراهام لەعێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگی جدی دەبێتەوەو دژایەتی یاسایی بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم پێشکەوتنی پڕۆژەکە لەبەغدا.
لەکۆتاییدا، هەنگاوەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ پێشخستنی پڕۆژەی ئەبراهام، ڕەنگدانەوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی عێراق بەرامبەر بەئیسرائیل، بەڵام تائێستا هەوڵی ناوخۆییو چوارچێوە یاساییەکانی ئێستا ڕێگریان کردوە کە ئەم ئامانجە بەتەواوی بەدیبهێنرێت.
