شارپرێس:
هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەیە، چاوەڕێی بانگەوازی نوێ لە ئۆجالان و هەنگاوی نوێ لە پەکەکە دەکرێت و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێ دەنێنە هەفتەیەکی یەکلاکەرەوەوە. هاوکات چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆنی تایبەت لە پەرلەمان پێکبهێنرێت.
میدیاکانی نزیک لەپەکەکە و دەم پارتی بڵاویانکردەوە، لەلایەک ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەژێر چەتری پەرلەماندا لەپێناو چارەسەری پرسی کورد، لەلایەکی تریشەوە، چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە هەنگاوی کرداریی بنێت پەیوەست بە چەکدانان.
چاوەڕێ دەکرێت ئۆجالان ڕاستەوخۆ بانگەواز لە هێزەکانی گەریلا بکات و لە چوارچێوەی ئەم بانگەوازەدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەک دادەنێن و چاوەڕێ دەکرێت لەنێویاندا بەڕێوەبەری پلەباڵاش هەبن.
سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش هەفتەی ڕابردوو دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. چاوەڕێ دەکرێت کە هەموو پارتەکان ئەم هەفتەیە پێشنیارە نووسراوەکانیان پێشکەش بکەن. ئامانجی "کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون" ئەوەیە کە ئەم بناغەی یاسایی بۆ پرۆسەی "چەکدانان" دابمەزرێنێت و هەمیش هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت.
هەروها بڕیارە ژمارەیەک گەریلای پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان مەراسیمی چەکدانان ئەنجام بدەن، ئەم مەراسیمە لە بەرچاوی ڕای گشتی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت.
هاوکات بڕیارەکۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان لەم ڕۆژانەدا بەڕێوەبچێت. لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی هەنوکەیی و ئایندەی پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێت.
ئ.ه
