شارپرێس:
ڕۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، پلانێک کە لەئێستادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە، ڕەنگە "قەرەبووکردنەوەی سیاسی" بۆ ئیسرائیلیشی تێدابێت.
"قەرەبووکردنەوەی سیاسی" دەتوانێت گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە سەبارەت بە ئاساییکردنەوە و ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ عومان و ئەگەری ڕاگەیاندنی مێژوویی ڕێککەوتنی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل لەخۆبگرێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلی و ئەمریکی و کەنداوییەکانەوە کە ناویان نەهێنراوە، ڕایگەیاندووە: "پێشبینی دەکرێت ئەو پلانەی کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە قەرەبووکردنەوەی سیاسی بۆ ئیسرائیل لەخۆبگرێت".
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەستنەوەی ئەم هەنگاوە ناوچەییانە بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ حەماس، ئامانجی ئاسانکارییە بۆ تێپەڕاندنی ڕێککەوتنەکە لەناو حکومەتی ئیسرائیلدا، بەتایبەتی وەزیرانی توندڕەوی ڕاستڕەو، "کە پێشبینی دەکرێت فشار بخەنە سەر نەتانیاهۆ بۆ ئەوەی ڕازی نەبێت بە ڕێککەوتنێک کە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەخۆبگرێت".
ئ.ه