قەندیلى جەنگ‌و ئاشتی.. پارتی کرێکارانی کوردستان لەچونە چیا تا له‌ناوبردنى چەک

ڕاپۆرت

23/07/2025‌ 4873 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ بەختیار ئەحمەد:

سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی ئازاری 2008 لە کۆبوونەوەیەکەدا لەگەڵ هاوتاى کۆچکردووی عێراقی، جەلال تاڵەبانی , ئامادەبوونى کامەران قەرەداغی وتى، (من ڕەجەب تەیب ئەردۆغانم نەوەک پێغەمبەر)، باسیان لە چارەنوسی پارتى کرێکارنى کوردستان دەکرد کە لە ئێستادا بە قۆناغێکى هەستیاردا تێپەڕ دەبێت لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا دواى کۆتایی هاتنى خەباتى چەکدارى دەیان ساڵە بە کۆمەڵێک مەرج.

ئەو کاتە قەرەداغی لە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و ڕاوێژکاری باڵای تاڵەبانی خانەنشین ببوو، بەڵام تاڵەبانی داوای یاوەری لێکرد بۆ ئەنقەرە بۆ ئەوەی سوود لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکەکان وەربگرێت. تاڵەبانی بەگوێرەی وتەکانى قەرەداغی، داوای وەڵامی ڕوونی لە ئەردۆغان کردبوو بەڵام وادیارە بوو کە هیچی وەڵامێکى وەرنەگرتبۆوە. سەرەتا سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق پێی باش بوو پرسیارێکی ڕاست و دروست بخاتە ڕوو: بەڕێز ئەردۆغان، ئەگەر هەزاران چەکدار لە قەندیل بێنە خوارەوە و ڕەوانەی ناوتورکیایان بکەین، بۆ کوێ ڕەوانەدەکرێن؟ بۆ زیندان یان بۆ ماڵەکانیان؟

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەردۆغان بێزای بە سیمایەوە دیاریوو، بەڵام بە بێدەنگى مایەوە. قەرەداغی کە لە گفتوگۆکە ئامادە بوو، سەرنجی دا سەرۆک کۆماری عێراق کە بە زیرەکییەکەى ناسراوە، تاکتیکی پارسیارەکانى خۆی دەگۆڕێ و دەڵێت: بەڕێز ئەردۆغان تۆ موسڵمانیت؟ سەرۆک کۆماری تورکیا لە وەڵامدا دەڵێ: بەڵێ بێگومان. تاڵەبانی دووبارە پرسیارى دەکات: ئایا پێغەمبەر وەک نمونەی باڵاى خۆت سەیردەکەیت؟ سەرۆک کۆماری تورکیا بە نیگایەک کە سەرسوڕمانى پێوە دیاربوو وەڵام دەداتەوە: هیچ موسڵمانێکی باش نییە کە ئەو کارە نەکات. دواتر تاڵەبانی دەرفەتی دەقوازێتەوە بۆ ئەوەی وشەیەکی سەخت لە ژێر زمانی ئەردۆغان دەربهێنێت: کەواتە بۆچی ئەو کارە ناکەیت کە پێغەمبەر کردوویەتی، بەگوێرەی ئەو ئایەتە قورئانییەی کە دەفەرموێت (ادْخُلُوهَا بِسَڵامٍ ێمِنِینَ)، لەوەڵامدا سەرۆکى تورکیا دەڵێت : من ڕەجەب تەیب ئەردۆغانم نەوەک پێغەمبەر.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا کۆتایی دێت، کە گەریلاکان لە چیای قەندیل، لە سێکوچکەى عێراق-تورکیا-ئێران، نائومێدانە بیریان لەسێ پڕۆسەى ئاگربەستی شکستخواردوو دەکردەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا.

لە 27ی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری گەلی کورد، داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد کە چەکەکانیان دابنێن و کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بهێنن و پارتەکە هەڵبوەشێننەوە. زۆرێک لەو کەسانەی کە ڕۆژنامەى شەرق ئەلئەوسەت بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە قسەی لەگەڵ کردوون، پێیان وایە پرۆسەکە دوور و درێژ و ناڕوونە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوەدا دەنێن- تەنانەت توند ئاژۆکانیشیان- کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە شێوەیەکی بێ وێنە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

مەودای نێوان ئەنقەرە و قەندیل نزیکەی هەزار میلە، ئەم مەودایە لە نێوان ئەردۆغان و سەرکردەکانی قەندیل زیاترە. سەرکردەکانى پارتى کرێکاران پێیان وایە تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی سەرۆک کۆماری تورکیادایە و چاوەڕێی وەڵامی یەکلاکەرەوەن. بەڵام ئەرۆدغان زۆرجار چاوەڕواندەکات هەروەک ئەوەى کە داوای زیاتر و زیاتر بکات. ڕەنگە مەودای نێوانیان درێژتر ببێتەوە، هەر وەک چۆن لەمێژوودار چەند جارێک ئەم حاڵەتە دووبارە بۆتەوە.

ئەمجارە ئۆجەلان هاتە سەر ئەو باوەڕەى کە چەک دابنێت، چونکە گۆشەگیری کاریگەری لەسەری هەبووە، هەروەها سیاسەتمەدارێکە کە فێردەبێت و خۆى دەگونجێت و دەگۆڕێت، لە شۆڕشی کارل مارکسەوە تا لامەرکەزی مۆرای بوکتچین. سەبارەت بە ئەردۆغان، ئەو پێویستی بە "سەرکەوتنی گەورە هەیە، بەڵام بە شێوازی خۆی، ئەمە لێدوانى ئەو کەسانەیە کە سەروکاریان لەگەڵ ئەنقەرە و قەندیلدا هەیە بە ئۆپۆزسیۆن و لایەنگرەوە.

دوای نزیکەی مانگ و نیوێک لە هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە کەسانێک کە گرنگى بە دۆسێی پەکەکە دەدەن لەئەنقەرە، هەولێر، سلێمانی، بەرلین، لەندەن، قامیشلۆ، و بەغدا، ئەم بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییە بۆ مێژووی ئەو پارتە کوردییە شۆڕشگێڕە و داهاتووی دوای چەکداماڵین، گۆڕاوە بۆ کەناڵێکى مشتومڕی سیاسی نێوان دوو نەیار کە وا دەرناکەوێت ئامادەبن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی متمانە، یان تەنانەت گەرەنتی پێشکەش بکەن سەبارەت بە چۆنیەتی هێنانەدی ئاشتی بۆ ناوچەکە دوای دەیان ساڵ لە ململانێ، لە کاتێکدا کە زۆر شت لە ناوچەکە و جیهاندا گۆڕاوە.

شوێنپێهەڵگرتنی چیرۆکی ڕاستەقینەی قەندیل یەکێک بوو لە لایەنە هەرە دیارەکانى ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەویش بەهۆی تێکەڵبوونی گێڕانەوەی ناکۆک بەیەکى ئەوەى پەکەکە پێی وایە ڕاستە لەگەڵ ئەوەى دەسەڵاتدارانی تورکیا و سەرچاوە دژبەرەکانی ئەو حیزبە پێیان وایە کە ڕاستە، سەرەڕای کەمیی سەرچاوە سەربەخۆکان، شایەتحاڵانی ڕووداوەکان و کەسانی بەشدار لە چیرۆکی قەندیل، بەشدارییان کردووە لە خستنە ڕووى وێنەیەکی وردتر لەوەی کە لە ژێر سێبەرى ئەو شاخانەدا ڕوودەدەن.

سندوقی ڕەش
چیای قەندیل کە دەکەوێتە سێکوچکەى عێراق-تورکیا-ئێران، بە ئەفسانە دەورەدراوە، لەبەرئەوەی دەستڕاگەیشتن پێی لەبەر هۆکاری ئەمنی و جوگرافی ئەستەمە، زۆرێک لە ئەفسانەکان بوون بە ڕاستی، لەوانەش تۆمەتەکانى بەئەندامگرتنى منداڵ و فڕاندنى گەنجان لەکاتێکدا ئەوە بۆ دەیان ساڵە کەس ڕاستی ئەو تۆمەتانەی نەسەلماندووە. لایەنگرانی پەکەکە دەڵێن ئەوە شەڕێکی پڕوپاگەندەییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە تورکیادا هەیە، هەرچەندە زۆرێک لەوانە لە بوارى ئاسایش  و سیاسەتدا کاردەکەن لە ئەنقەرە و هەولێر، پێداگری لەسەر ڕەوایەتییەکەی دەکەن.

محەممەد ئەرسه‌لان نوسەرو لایەنگری پەکەکە، بانگەشەی ئەوەدەکات، دەزگا هەواڵگرییەکان زۆر کاریانکردوە بۆ داڕشتنی پڕوپاگەندەی دژ بەپەکەکە.

پارتی کرێکاران بۆ یەکەمجار لەساڵی 1991 گەیشتە ئەو چیایەو بونی خۆی لەوێ دامەزراند، قەرەداغی کە لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا کاتێک پەیوەندیی بەشۆڕشی کوردەوە کرد، لەنزیکەوە ئەو چیایەى بینیوەو لەلێدوانێکیدا بۆ شه‌رقولئەوسەت دەڵێت، "گەریلاکان بۆیان دەرکەوت کە لەشوێنێکی ستراتژیکی بێهاوتادا جێگیربون".

هەروەها دەڵێت:"ناوچەیەکی ناڕێک‌و سەختە، ئەستەمە هیچ هێزێکی زەمینی بتوانێت پێی بگات، گەیشتن بەو شوێنەی لەشارۆچکەی ڕانیەیەو دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە، پێویستی بەبڕینی حەوت لوتکە هەیە بەپێ".

دروست هاوشێوەى پارتە لینینیستەکانی دیکە، بەناوەندگەرایییەکی ئایدیۆلۆژییەوە عەبدوڵڵا ئۆجالان پارتەکەى لەقەندیل دروستکردو لەساڵی 1999وە لەزیندانەکەی خۆیەوە لەدورگەی ئیمراڵی بەڕێوەیدەبات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پارتەکە شێوازی کارکردنی خۆى پەرەپێداوەو تاڕادەیەک پێکهاتەکەى لواوەو تواناى خۆ گونجاندنى هەیە.

کەمال چۆمانى دەڵێت، پارتى کرێکارانى کوردستان، پارتێکى مارکسی لینینییە کە پەرەیسندوەو بوە بەپارتێکى خاوەن ئایدیۆلۆژیاى تایبەت بەخۆى ئەویش کۆنفیدڕاڵی دیموکراتییە، هەروەها قەندیل بارەگاى سەرەکى پارتەکەیە کە تێیدا ستراتیژە سیاسیی‌و سەربازییەکان دادەڕێژرێن‌و جێبەجێدەکرێن.

لەسەرۆکایەتیی ئەو حزبەدا، بەوتەی چۆمانی، ئەنجومەنی جێبەجێکردن (کەجەکە) بونى هەیە، ئەو ڕێکخراوە چەترەی کە پارتی کرێکاران‌و باڵەکانى لەتورکیا، سوریا، عێراق‌و ئێران لەخۆدەگرێت، سەرپەرشتی بڕیارە ستراتیژییەکان‌و هەماهەنگی سیاسیی دەکات، لەبەرئەوەی ئەو حزبە لەژێر سەرکردایەتییەکی هاوبەشی هەردوو ڕەگەزدا کاردەکات، کەجەکە لەلایەن دوو سەرکردەی سەرەکی جەمیل بایک‌و به‌سیه‌ هۆزاتەوە هاوسەرۆکایەتی دەکرێت.

لەڕوی سەربازییەوە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی چەکداری ئەو پارتەن. ساڵانێکە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرکردایەتی دەکرێن و باهۆز ئەرداڵ لە مێژووى ئەو پارتەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا گێڕاوە.

ئەم هێزانە جگە لە ئەرکە سەربازییەکان، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی هەموو بڕیارە گەورەکان دەکەن، لە دیپلۆماسییەوە تا دەگاتە حوکمڕانی ناوخۆیی لە ناوچەکانی ژێر کاریگەرییارتەکە پ. بەڵام میکانیزمەکانی بڕیاردان بەهۆی کاریگەری ئایدیۆلۆژیی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی عەبدوڵڵا ئۆجالان پەرەی سەندووە. چومانی دەڵێت، ئێستا حزبەکە بە کۆمەڵ و لە قەندیلەوە بەڕێوەدەبرێت.

تاوەری چاودێری ناوچەیی
کامەران قەرەداغی دوای پێنج دەیە لە یەکەم سەردانی، تەنیا دەتوانێت چیای قەندیل وەک بەهەشتێکی گەشتیاری لە خەیاڵدا وێنابکات. لەساڵی 1974دا حەوت لوتکەی چیای زاگرۆسی بڕى و ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە گیانلەبەرە کێوییەکان و باڵندەی دەگمەن و سامانی کانزاکانی بینی.

قەندیل بەشێکە لە چیای زاگرۆس. لە دڵی ئەو شوێنەدایە کە سەردەمانێک پێی دەگوترا کوردستانی گەورەو وەک خاڵى جیاکەرەوەیە لە نێوان فارس و دەوڵەتی عوسمانیدا. تاوەرێکی چاودێری ناوچەییە لە نێوان سێ وڵاتدا.

بە هاتنە ناوەوەی چەکدارانی پەکەکە بۆ ناوچەکە و نیشتەجێبوونیان لە شاخ، قەندیل بوو بە کۆلۆنییەک. دامودەزگاکان کە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی پلەبەندی و سەرکردایەتی بوون لەوێ دامەزران: قوتابخانە بۆ فێرکردنی بیروباوەڕى پارتەکە و بیرۆکەکانی ئۆجالان، کۆگای چەک و دەرمان، ئۆردوگای مەشق و بارەگا سیاسی و میدیاییەکان. دادگا و زیندانەکان.

لە نێو کەمپەکاندا، بەپێی لێدوانى ئەندامێکی پێشووی پارتەکە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، شوێنی لۆجستیکی ئامادەکردنی فێرخوازانی پیشەیی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەکی هەبووە. وتی ئەوان "ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت کە ڕەنگە پێویستی بە چاندنی بۆمب یان تەقاندنەوەی شوێنەکان هەبێت".

ئەو پارتە حەوت گۆڕستانی لە قەندیل دامەزراند بۆ ناشتنی ئەو چەکدارانەی کە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی دیکەی ناو هەرێم گیانیان لەدەست داوە. دوو لە کۆنترین گۆڕستانەکان لە قەندیلە و ئەوانی تر لە نێوان ناوچەی زاب و زاگرۆس دابەشکراون. محەممەد ئەرسلان ژمارەی کوژراوانی ئەم گۆڕستانانە بە زیاتر لە هەزار چەکدار دەخەمڵێنێت، لە کاتێکدا نزیکەی پێنج هەزار چەکدار تا ئەمڕۆش لە شاخەکاندا دەژین، هەرچەندە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ژمارەیان بە نزیکەی حه‌وت هەزار چەکدار خەمڵاندوە.

گەریلاکان لە قەندیل ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە دیمۆگرافییەکانی کوردە لەو وڵاتانەى کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەسەریاندا دابەشکرابوون: تورکیا، عێراق، ئێران، سوریا. ئەفسەرێکی هەواڵگری کوردی خەڵکی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە شارەزای وردەکارییەکانی ناو پارتى کرێکارانى کوردستانە دەڵێ: بڕیارەکانی قەندیل لەژێر کاریگەری ئەو فرەچەشنییەدا بوون. دەشڵێت: گەریلاکانى ئێران و سوریا بە سەرقاڵبوونیان بە پرسی وڵاتەکانیان ناسراون، بە پێچەوانەی عێراقی و تورکەکان کە توندڕەوترن.

بەرپرسێکی پارتەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، لەگەڵ ئەم گریمانەیەدا نییە. ئەو دەڵێت : پارتى کرێکارانى کوردستان بەپێی ناوچەکان، وڵات و دۆخى سیاسی و بەرژەوەندى پارتەکە بڕیارەکانى دابەشدەکات ... پارتەکە پاراگماتییە و خۆیدەگونجێنێت لەگەڵ دۆخى ئەو ناوچانەى کە تیایدا بڵاو دەبێتەوە.

زۆرێک لە خەڵکی دەوروبەری چیاکە لوتکەکەی وەک قەڵایەک دەبینن کە تەرخان کراوە بۆ کارى پارتایەتى کە تیایدا پارتیزانەکان نیشتەجێن، زۆرینەی ڕەهای گەریلاکان پێیان وایە کە "تورک دوژمنی سەرەکیانە"، بە وتەی ئەندامێکی پێشووی پارتەکە، کە وتی "ئەم گێڕانەوەیە ڕەگ و ڕیشەی داکوتیوە لەبەر ئەوەى کە کورد وەک تیرۆریست لە تورکیادا ناسێنراوە".

یاسای شاخ... زیندانی خەباتی چەکداریی
جەبار قادر، کە کوردێکی خەڵکی شاری کەرکوکە دەڵێت: شاخ بووەتە قەڵای "پارتیزان" و هەموو شتێک بە پێی یاساکانى خەباتى چەکدارى بەڕێوەدەچێت.

جەبار قادر دەڵێت، "جوڵانەوەى لەمشێوەیە پشت بەتاکتیکەکانى شەڕى پارتیزانى دەبەستێت وەک دانانى بۆسە، تێکدان، تیرۆرکردن، هێرشی لەناکاو بەتایبەت لەشوێنە سەختەکاندا، لەژینگەیەکى لۆکاڵیدا دروستدەبێت‌و بەشێوەیەکى گشتیش لەلایەن خەڵکى ناوچەکەوە پشتیوانى لێدەکرێت، ئامانجى سیاسی تایبەت بەخۆی هەیە وەک ڕزگارکردنى ناوچەى داگیرکراو، گۆڕینی سیستمى حکومڕانى داپڵۆسێنەر یاخود بەرگردنى لەشوناسی نەتەوەیی".

سەبارەت بەپەیڕەوو ڕێساکانی قەندیل پرسیارمان لەچەند گەریلایەکى پێشوو کرد. ئەوان دەڵێن، "ژیانێکە هاوشێوەى ژیانى سکوات گەیم". هەر هەڵەیەک دەرئەنجامی هەیە، بۆ هەر ناپاکییەکیش زیندانیکردن، یەکێک لەوانە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، وتی "یاسای شاخەکان زۆر توندوتیژە، زیندانە تاکەکەسییەکانیش بەدەگمەن چۆڵدەبون".

عوسمان ئۆجالان برای سەرۆکی حزبەکە لەچاوپێکەوتنێکی پێشوی لەگەڵ شه‌رقولئەوسەت لەتشرینی دوەمی ساڵی 2007 ئاشکرایکرد، ماوەی سێ ساڵ لەقەندیل دەستبەسەرکراوەو سێ مانگیشى لەزیندانی تاکەکەسیدا بەسەربردوە، چونکە پلانی گۆڕانکاریی‌و چاکسازیی پێشنیازکردوە.

دوران کاڵکان، سەرکردەیەکی سەربازیی لەقەندیل کە بەڕەچەڵەک تورکە، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فورات کە نزیکە لەپه‌كه‌كه‌، عوسمان ئۆجەلانی وەک کەسێکى شکستخواردوو وەسفکردوە.

جەبار قادر دەڵێت، "یاسای شاخ مێتافۆرێکە بۆ نۆرمێک کە پارتە ستالینییەکان پەیڕەوی لێدەکەن".

هەروەها جەبار قادر دەڵێت، "هەرکەسێک لەفەرمانەکانى پارتەکە یاخود ڕابەر دەربچێت، بەلادەر یاخود ناپاک دادەنرێت لەڕوى ئایدیۆلۆژییەوەو دادگاى سەربازیى بۆ ڕێکدەخرێت‌و ئەگەر هەیە بەدورخستنەوە، زیندانىکردن‌و تەنانەت لەسێدارەدان سزابدرێت".

بەپێچەوانەی ئەفسانەسازییەکانەوە، ڕێسای توند هەیە کە شەڕڤانان لەشاخەکەدا جێبەجێی دەکەن، لەوانە "هاوسەرگیری قەدەغەیە، هەروەها پەیوەندیی سۆزداریی‌و جوتبونی سێکسیش قەدەغەیە"، هەموو شتێک لە"مەنهەجێکی ناوخۆیی پەسەندکراودا" کۆدکراوە، به‌گوێره‌ى زۆرێک لەدامەزراوانی پێشوی چیاکە.

ئایدۆلۆژیای پارتەکە پێیوایە وابەستەیی سۆزداری "خەباتکار لەخەباتی شۆڕشگێڕانە سەرقاڵدەکات"و دژایەتی "دیسیپلینی بەکۆمەڵ" دەکات، ئەم ڕێکارە لەلایەن پارتە جیاوازەکانی جیهانەوە پەسەندکراوە، وەک سوپای خودا لەئۆگه‌نداو هێزە ماوییەکان لەنیپاڵ‌و هیندستان.

ئەفسانەی ئەرداڵ... دکتۆری شاخ
لەلوتکەی شاخەکەدا پێکهاتەیەکی فەرماندەیی هەیە، دوو پیاویش هەن کە چیرۆک‌و ئەفسانە بەدەوریاندا دەسوڕێتەوە، ئەوانیش جەمیل بایک‌و باهۆز ئەرداڵ-ن.

بایک، کوردێکی تورکیایەو لەساڵی 1955 لەڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەدایکبوە، ناسراوە جومعه، هاوسەرۆکی کەجەکەیە لەقەندیل.

ئەرداڵ کە ناسراوە بەفەهمان حوسێن، لەساڵی 1969 لەشاری دێریک (مالیکیە) لەشاری حەسەکەی سوریا لەدایکبوە، لەمانگی حوزەیرانی 2004 تا تەمموزی 2009 سەرکردایەتی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی کردوە.

ئەرداڵ لەمێژە ئیلهامبەخشە بۆ گەنجە تازە بەئەندامگیراوەکان کە سەرسامن بەپەکەکە، زۆرێک لەگەنجەکان بەئیلهاموەرگرتن لەسەرکردایەتییەکەی، چونەتە چیاو تێوەگلان لەئەزمونی "شۆڕشگێڕیی".

لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا پەکەکە دۆستایەتی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکواناندا هەبوە، میواندارییان دەکات بۆ ئاگاداربون لەناوچەکەو پارتەکە. ئامانج لێی وێناکردنی وێنەیەکی جیاوازبوو لەو پارتەى کە وڵاتان بە"تیرۆریست" پۆلێنیدەکەن.

لەنێو ئەوانەی سەردانی ناوچەی زابیان کردوە، ئەو بەرزاییانەی کە دەڕوانن بەسەر ڕوبارەکە کە لەشارۆچکەی هەکاری تورکیاوە هەڵدەقوڵێت، ڕۆژنامەنوسێکی کوردە کە لەساڵی 2008 چاوی بەئەرداڵ دەکەوێت.

فڕۆکەکانى ئێف 16 ى تورکیا بۆردومانى زاب دەکات، ئەرداڵ لەئاسمان دەڕوانێت‌و پێدەکەنێت بەبێئەوەى لە شوێنەکەى خۆى بجوڵێت‌و لەدەوروبەرى چەند کەسێک هەن کە تۆقیون.

وتەى ڕۆژنامەنوسێک
کەمال چۆمانی پێیوایە، ئەرداڵ لەساڵی 2004وە فەرماندەیەکی مەیدانی دیاربوە لەڕوبەڕوبونەوەکانی لەگەڵ هێزەکانی تورکیادا، کاتێک سوپای تورکیا نەیتوانی لەزاب پێشڕەوی بکات، بوە کەسایەتییەکی ناودار، لەوکاتەدا ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنی خۆی لەناو خاکی عێراق ئەنجامدەدا.

بنکەى جەماوەری ئەرداڵ لەنێو ئەوکەسانەدا زیادىکرد کە پەرۆشی شۆڕشبون، کاتێک لەمردنەوە بۆ ژیان گەڕایەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی 8ی تەمموزی 2016 ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەرداڵ لەهێرشێکی گروپی لیواکانی تەل حەمیس لەنزیک قامیشلۆ لەباکوری سوریا تیرۆرکراوە، چەند ڕۆژێک دواتر هەواڵگری تورکیا بانگەشەی ئەوەیکرد کە سەرچاوەی زانیارییەکە ڕۆژنامەی یەنی شەفه‌قه‌.

دوای پێنج ڕۆژ لەتیرۆرکردنی، ئەرداڵ لەتۆمارێکی دەنگیدا دەرکەوت‌و وتی کە "زیندوە"، میدیاکانی تورکیا پرسیاریان لەڕەسەنایەتی ئەو دەنگە کرد، دوای ساڵێک ئەرداڵ لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت‌و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسێکی کورد ئەنجامدا، لەنێوان ئەو دوو ڕوداوەدا، ئەرداڵ چەندجارێک گیانی لەدەستداوەو ژیاوەتەوە.

کاتێک پارتی کرێکاران لەمانگی نیسانی 2025 کۆنگرەی 12ی خۆی بەست، ئەرداڵ لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە پارتەکە پەخشیانکردبوو دەرنەکەوت، دەنگۆی تیرۆرکردن یان مردنی دوبارە سەریهەڵدایەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لەخۆی بۆ شەرقولئه‌وسه‌تى پشتڕاستکردەوە کە لەکاتی ئەو کۆنگرەیەی کە "هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە" ڕاگەیەندرا، لەسوریا بوە.

هەرچەندە لایەنگرانی پارتی کرێکاران پێیانخۆشە بەدکتۆر ئەرداڵ ناوی ببەن، بەڵام بەگوێره‌ى سەرچاوەیەک لەقەندیلەوە، خوێندنی پزیشکی لەزانکۆی دیمەشق تەواونەکردوە، لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا زانکۆی بەجێهێشتوه‌و بەشداریی خەباتی چەکداری کردوه‌، سەرچاوەیەکیش دەڵێت کە ئەرداڵ لەکاتى خوێندنی لەدیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد بوە کە لەساڵی 1988 خوێندنى تەواوکردوە.

ئەرداڵ لەنێوان ئەو چەند کەسایەتییە کەمەدایە کە پارتی کرێکاران لەمەیدانەکەدا پشتی پێدەبەستێت، گرنگییەکەی لەکاتی شەڕەکانی دژی داعش لەساڵی 2015 زیاتربوو، کاتێک لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی سەر بەیەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەسلێمانی‌و هێزەکانى لایەنگرەکانی ئێران هەماهەنگیکرد لەسەر دابەشکردنی هێزەکان‌و بەڕێوەبردنی شەڕەکان.

گرفتى سوریا
لەلایەکی دیکەوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی ئێستای هێزەکانی هێزەکانى سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەسوریا، بەکەسى نزیک لەئەرداڵ دادەنرێت.

عەبدی لەتەمەنی 20 ساڵیدا لەژێر چاودێریی هاوڕێ سوری‌و فەرماندە سەربازییەکەیدا گەورە بوە. سەرچاوەیەک لەناوخۆی قەندیل دەڵێت، "عەبدی پەکەکەی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە سوریا لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر گوندو شارۆچکە کوردنشینەکان لەمانگی ئەیلولی 2014"، بەڵام ئەم پەیوەندییە دەرگای بەڕوى لێکدانەوەى دژ بەیەک کردەوە سەبارەت بەڕۆڵى ئەرداڵ لەسوریا، لەوانەش دروستکردن‌و بەهێزکردنى پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لەساڵی 2003وە.

چالاکوانانی کورد لەناو پەیەدەو دەرەوەی پەیەدە وا گریمانە دەکەن، ئەرداڵ زۆرجار دەکەوێتە داوی هەڵسەنگاندنی دژبەیەکەوە بۆ دۆخی سوریا، دوای پێنج مانگ لەسەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا لەساڵی 2011، ئەرداڵ ڕایگەیاند، "بەشار ئەسەدو ئەوانەى کە پشتیوانیى لێدەکەن، شەرعییەتیان نەماوە".

لەوکاتەدا کوردەکانی سوریا لەلوتکەی ڕاپەڕینیاندا بون لەدژی ئەسەد، دوای تیرۆرکردنی مەشعەل تەمۆ کەسایەتیی دیاری ئۆپۆزسیۆنی کوردی سوریا لەئۆکتۆبەری 2011، پەیەدە لەسوریا هیچ ئامادەیییەکی بەهێزی لەسەر نەخشەی شۆڕشگێڕی نەبوو، لەناکاو لایەنگرانی لەسەرەتای ساڵی 2012 لەناڕەزایەتییەکاندا دەرکەوتن.

لەچەند مانگی دواتردا هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد لەگوندو شارۆچکە کوردییەکانی باکوری وڵات کشایەوەو یەکینەکانی پەیەدە جێگەیان گرتەوە بۆ دامەزراندنی ئەوەی بە "کانتۆنە ئیدارییەکان" ناسرابون، پەیەدە پارتێکى هاوشێوەى قەندیل بوو لەناو یەکێتیی جڤاتەکانى کوردستان (کەجەکە).

ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییە کوردە باس لەوەدەکات، "ڕادەستکردنی ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن ئەسەدەوە بەپەیەدە، بەشێکبوو لەڕێککەوتنێک"، بەمشێوەیە پەیەدە لەشۆڕشی سوریاوە جیابوه‌وەو دابڕا لەباقی هێزەکانى دیکە.

کورد لەسوریا تینوی شۆڕش بوو، کوردێک لەسوریا نەیتوانی ئەوکارانە بکات کە ڕەنگە لەهەر شوێنێکی دیکەی جیهاندا ئاسایی دەرکەوێت، تۆماری فەرمی نەبوو، بەبێ ڕەزامەندی ئەمنی نەیدەتوانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی سازبکات، منداڵی تازە لەدایکبوش ڕێگەی پێنەدەدرا ناوی کوردی لێبنرێت، حکومەت بەناوی دایک‌و باوکەوە ئەمکارەی دەکرد.

منداڵێک کە بڕیاربوو ناوی هۆشەنگ بێت، بۆ نمونە، دەبوو بەیەعرەب، ئەحمەد، یان هەر ناوێکی عەرەبی دیکە کە لەوکاتەدا بکەوێتە یادى فەرمانبەرەکە.

پێنج ساڵ لەمەوبەر لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەرداڵ ڕایگەیاند، "دوای شۆڕش تاساڵی 2014 نەچوەتە ناو سوریا بەهۆکاری خێزانیى، بەڵام هەر لەوساڵەدا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهات، ئەو باڵە چەکدارەی کە دواتر بوو بەهێزەکانی سوریاى دیموکرات (هەسەدە)".

لایەنى شاراوەى ئەرداڵ لەڕاستیدا پەیوەستە بەڕۆڵە مەیدانییەکانییەوە، بەرپرسی ئەندازیاری بڕیارە سەربازییەکان‌و پێکهێنانی یەکەکانی شەڕی پارتەکەیە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە گروپی چەکداریی سێبەری دامەزراندوە، لەنێویاندا گروپی (هەڵۆکانى ئازادى کوردستان) کە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی خۆکوژی لەتورکیا تەقاندوه‌تەوە.

سەرچاوەیەک لەقەندیل ئەو پەیوەندییە ڕەتدەکاتەوە
ئەم گێڕانەوەیە ئەستەمە، لەبەرئەوەى هەڵۆکان پێیانوایە، پەکەکە ڕادیکاڵ نییە وەک پێویست لەوەڵامدانەوەى هێرشەکانى تورکیاو ئازادکردنى سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان.

سەرچاوەیەک لەقەندیل
"ئاپۆ" بەزمانى کوردانی باکور بەواتای "مام" دێت، هەڵۆکان دەڵێن کە ئەوان لەپەکەکە جیابونەتەوە، لەکاتێکدا پەکەکە دەڵێت، حکومەتى تورکیا بونى هەڵۆکان دەکات بەبیانوو بۆ وێناکردنى پەکەکە وەک پارتێکى تیرۆریست، جێگه‌ی سەرنجە کە هەڵۆکان لەساڵی 2004 دامەزرا، لەهەمان ئەوکاتەى ئەو پارتە توانیى باڵەکانى سەربەخۆى لەعێراق‌و سوریاو ئێران دروستبکات.

لەمانگی نیسانی ساڵی 2016، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەشاخ، ڕۆژنامەنوسێکی بی بی سی پرسیاری لەجەمیل بایک کرد کە ئایا داوا لەهەڵۆکانى ئازادى کوردستان دەکات واز لەهێرشەکان بهێنێت، دوای ئەوەی لەوساڵەدا هێرشێکی کردەسەر پاسێک کە سەربازانی تورکیای هەڵگرتبوو و 28 کەسی تێدا کوژران؟، ئەگەر ئەو گروپە کارەکانى ڕەنگدانەوەى ئەو ستەمە بێت کە دەرهەق بەکورد دەکرێت، ئەوکاتە خەڵکى هاوسۆزى خۆیان دەردەبڕن.

جەمیل بایک
جەمیل بایک... سێبەری شاخێکی نەبینراو .. جەمیل بایک لەئەرداڵ تەمومژاوی ترە. هاوسەرۆکی كۆنسه‌ى كۆما جڤاكێن کوردستان (کەجەکە)‌و ئەندامی ڕەوتى توندڕەوە لەقەندیل. کامەران قەرەداغی باش دەیناسێت.

دوای ئاگربەست لەنێوان قەندیل‌و ئەنكەرە لەساڵی 1993، هێزەکانی تورکیا کەوتنە بۆسەیەکەوەو 33 سەربازی بێ چەکی تورک کوژران‌و ئاگربەستەکە داڕما، قەرەداغی دەڵێت، "ڕەوتى توندڕەو لەپشت بۆسەیەکەوە بوو، بایک یەکێکبوو لەوانەی کە بۆسەکەى داناوە"، بەڵام قەره‌داغی لەڕێگەی نێوەندگیرێکەوە پەیوەندییەکی ڕێکخست بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە نەڕوخێت.

بەتەلەفۆن بەجەمیل بایکم وت، "بۆسەکە لەبەرژەوەندى کەسدا نەبوو، تەنانەت لەبەرژەوەندیى ئێوەشدا نەبوو، ئێمە هەوڵێکماندا لەگەڵ حکومەتەکەى تۆرگوت ئۆزال بۆ ئاگربەست، ئێستا هەموو شتێک لەئەگەرى هەرەسهێناندایە".

کامەران قەرەداغی
بایک گوێی لەناڕەزایی‌و هۆشدارییەکانی قەرەداغی بوو، کە دەبێ ناڕەزایی جەلال تاڵەبانی-یش بوبێت، کە بەشێوەیەکی شەخسی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان لە 17ی ئاداری 1993 ئاگربەستی ڕاگەیاند، قەرەداغی دەڵێت، "بایک بێدەنگبوو".

لەساڵانی دواتردا بایک لەئێران نزیکتر بوەوە، یان ڕەنگە ئەمەى دوەمیان زیاتر لێی نزیکبوبێتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە هاوپەیمانییەک دروستبکات کە تۆڕێکی بەرفراوانی بەرژەوەندییەکانی لێکەوتەوە کە ئەمڕۆ ڕێگریی دەکات لەبەشداریکردن لەپڕۆسەى ئاشتی، وەک ئەفسەرێكى هەواڵگریى کورد باسیدەکات.

بایک هەروەک سێبەرێک وایە، هەرچەندە هەموو سەرکردەکانی پەکەکە لەشاخدا هەروەک سێبەریان لێهاتوە بەهۆى گۆشەگیریان، بەڵام هێشتا بایک کە بەئاسانى نابینرێت، دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی دەربکەوێت، ڕەنگە لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەشاخدا، ئەو "دیپلۆماتکارێکی بەئەزمون‌و سەرکردەیەکی وریایە کە هەموو شتێک بەڕێوەدەبات، تائەو ڕادەیەی زۆرێک بەراوردی دەکەن بەقاسم سولەیمانی"، بەوتەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا بایک-ی ناسیوە.

کەمال چۆمانی ساڵی 2015 سەردانی قەندیلی کردوەو چاوپێکەوتنی لەگەڵ بایک ئەنجامداوە، ناوبراو بەشەرقولئه‌وسه‌تى وت:"سەبارەت بەتێوەگلانی لەگەڵ بەرەى ئێران پرسیارى لەو ڕێبەرەی کورد کردوە، بایک عەلەوى یاخود شیعە نییە کە هاوسۆزبێت لەگەڵ ئێران، بەو شێوەیەى کە ڕاگەیاندنى تورکیا وێناى دەکات".

کەمال چۆمانى
مێژوی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەگەر سەر بەمەزهەبێکی دیاریکراوبیت، نابێتە بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوە یان نکۆڵیکردنی بونى پەیوەندییە سیاسییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران‌و "بەرەى موقاوەمە".

ئەفسەری هەواڵگرى کورد بەشێوەیەکى جیاواز هەڵسەنگاندن بۆ چالاکییەکانی بایک دەکات، ئەو کۆنترۆڵی تۆڕی لۆجستی پارتەکەو باڵ‌و سێبەرەکانی دەکات، ئەو بەرژەوەندییە بازرگانییە ئاڵۆزەکان بەڕێوەدەبات، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی ڕێگا فرەلایەنەکان لەناوچەکەدا، بۆ بەقاچاخبردنی کاڵاو مادە هۆشبەرەکان‌و چەک".

دەشڵێت، " بایک لەبەر ئەم هۆکارانە، بەئاسانی ناتوانێت پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوەو چەک داماڵێت، هەرچەندە دواجار فەرمانەکانی ئۆجەلان جێبەجێدەکات، هیچ بژاردەیەکی لەبەردەستدا نییە".

بێگومان پەکەکە ئەوە ڕەتدەکاتەوە، زاگرۆس هیوا وتەبێژی قەندیل دەڵێت، ئەم "تۆمەتانە بێبنەمان‌و بەشێکن لەشەڕێکی دەرونی کە دژی پەکەکە بەڕێوەدەچێت".

محەمەد ئەرسه‌لان چالاکوانی کورد بانگەشەی ئەوەدەکات کە "دامەزراوەیەکی دیاریکراو لەناو حکومەتی تورکیادا ئەرکی داڕشتنی ئەم گێڕانەوەیەى لەبارەی قەندیلەوە پێسپێردراوە".

لەگۆگڵدا شتێکی کەم لەبارەی بایکەوە دەردەکەوێت، نوسینەکان بەزمانی تورکی‌و کوردی بایک بەچالاکییەکانی ئێران لەناوچەکە دەبەستنەوە. دەڵێن، ئێران پارێزگاری پێویستی پێشکەشکرد، تائەو ڕادەیەی داوایەکی تورکیای بۆ ڕادەستکردنەوەی لەساڵی 2002 ڕەتکردەوە، ڕێککەوتنەکە لەبەرامبەر کۆنترۆڵکردنی پژاک، لقی ئێرانی پەکەکەیە، ڕێگریکردن بوو لەئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی لەناوخۆی ئێران، هەروەها بۆ دانانى کاریگەریی لەسەر سەرکردایەتی قەندیل بۆ خۆبەدورگرتن لەبڕیاردانی ستراتیژی دژ بەپرۆژەی ئێران لەهەرێمی کوردستان‌و ناوچەکە.

ئێران‌و پژاک لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2011 ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست، سوپای پاسداران مەرجی ئەوەی هەبوو کە پژاک هێرشەکانی لەناوخۆی ئێران ڕابگرێت‌و بەتەواوی خۆی لەبەئەندامگرتنى کوردانی ئێران بەدوربگرێت، لەبەرامبەردا تاران پابەندبوو بەڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی مۆڵگەکانی پژاک‌و ڕاگرتنی لەسێدارەدانی چالاکوانانی کورد، مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە گشتی نین‌و ڕاستییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئاگربەستەکە لەڕاستیدا جێبەجێنەکراوە.

به‌گوێره‌ى گێڕانەوەیەک کە هەردولایەنی تورک‌و کورد لەگەڵى هەن، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە موراد قەرەیلان لەئاگربەستەکە ناڕازیبوە، هەروەها بونی بایک سودی بۆ ئێران هەبوە لەسنوردارکردنی هێڵى ڕادیکاڵی ناو پژاک لەناو ئێراندا.

کەمال چۆمانی دەڵێت، "ئەمە مەحاڵە، چونکە قەندیل بەکۆمەڵ بڕیار دەدات‌و سەرپێچیکردن لەئیرادەی ئۆجه‌لان دەرئەنجامی ترسناکی دەبێت، زۆرێک لەوانەی قسەمان لەگەڵ کردون لەسەر گێڕانەوەیەک کۆکبون کە پلەیەک لەپیرۆزى بەسەرکردەی زیندانیکراو ئاپۆ دەبەخشێت".

بایک گرنگترین کەسایەتی قەندیلە، ئەندامێکی پێشوی ئەو حزبە کە ناوی ئاشکرانەکردوە، دەڵێت "ئەو ناوەندێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە، لایەنە دژبەرەکان لەوێ کۆدەبنەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە سیاسییە سەختەکان لەگەڵ ئەمریکی‌و ئێرانی‌و سوری‌و عێراقییەکان بەڕێوەدەبات، هاوکات خەریکی کۆنترۆڵکردنی ڕیتمی قامیشلۆو شنگال‌و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بوو لەئێران، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا".

ئەندامێکی پێشوو پێیوایە، بایک هاوپەیمانى ئێران نییە، بەڵکو زیاتر لەگەڵیدا کاردەکات‌و تەنانەت هەندێکجاریش سەربەخۆیانە کاردەکات.

سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە سەربەخۆکان زۆرجار پرسیار لەگێڕانەوەی ئەندامانی پێشوو و لادەرانی حزبەکە دەکەن، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر هاوڕان لەسەرئەوەی "بایک ڕۆڵێکی سەرەکی‌و ئاڵۆز دەگێڕێت".

لەسەرەتادا ئێران هەبوو
سەرەتا ئێران لەوێنەکەدا نەبوو. پەکەکە وەک پارتێکی مارکسی سەرەتا خەباتی بۆ "کوردستانی گەورە" دەکرد، دواتر بڕیاریدا خەبات بۆ "ئۆتۆنۆمی" بکات‌و لەئێستادا بانگەشە بۆ "کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک" دەکات، بەڵام پەکەکە لەڕێگەی دیمەشقەوە هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە.

دوای کودەتاکەی کەنعان ئەڤرێن سەرۆکی ئەرکانی تورکیا لەساڵی 1980، چەکدارانی پەکەکە پەنایان بۆ سوریاو لوبنان برد، بەخێرایی تێکەڵ بەبەرەی دژە ئیمپریالیزم بون.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەشوقەیەکدا دەژیا لەباڵەخانەی کونسوڵی سەربازی تورکیا، به‌گوێره‌ى ئیفادەی عەبدولحەلیم خەدام جێگری کۆچکردوی سەرۆک کۆماری سوریا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2011 لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی تورکیا وتی، "کەس پێشبینی نەدەکرد لێرە ژیاوە، لەساڵی 1982 گەریلاکانى ئەو پارتە شانبەشانی هێزە فەڵەستینییەکان لەلوبنان لەشەڕی دژی ئیسرائیل بەشداریانکرد، ته‌نانه‌ت 13 گەریلاى کورد بەتەقەی ئیسرائیل کوژران‌و سەرنج‌و سەرسامی حافز ئەسەدی سەرۆکی کۆچکردوی سوریای بەلاى خۆیدا ڕاکێشاو دوای ماوەیەکی کەم بڕیاریدا کۆبونەوەیەک لەنێوان ئۆجالان‌و ئێرانییەکان ڕێکبخات".

ئەو کۆبونەوەیە بوە هۆی پەیوەستبونی هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو بەتارانەوە، دواتر هاوپەیمانییەتێکی پڕ لەئاڵۆزو ناڕون دەستیپێکرد کە بۆ دەیان ساڵ بەردەوامبوو.

ئەو هێزە کوردییە کە لەگەڵ وڵاتان‌و هێزەکانى دیکەدا پێکدادانیان هەبوو، لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا، شەڕى براکانى کرد لەکوردستانی عێراق لەکۆتاییدا چارەنوسی لەگەڵ سوپای پاسدارانی گرێی خوارد، کە تا "گەردەلولى ئەقسا" درێژەى کێشا.

ساڵی 1992و ساڵێک دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کورد بەسەر ڕژێمی سەدام حسێن-دا، "هێڵی 36" دامەزرا بۆ سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لەباکوری عێراق بۆ پاراستنی کورد لەهێرشەکانی ڕژێمی عێراق. 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی‌و پارتی دیموکرات بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربونەوەی پەکەکە لەقەندیل، دوو هه‌زار گەریلا خۆیان بەدەستەوەدا، جەلال تاڵەبانى ناردنى بۆ زەڵێ کە دەکەوێتە ڕۆژئاواى ئێران نزیک لەسنورى کوردستانى عێراق، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى کامەران قەرەداغی.

ئێرانییەکان بۆنی ڕێکەوتنێکیان کرد، بەخێرایی باوەشیان بۆ پەکەکە کردەوە، سەرەتا سوپای پاسداران چارەسەری پزیشکی‌و خواردن‌و دەرمانی دابیندەکرد، دواتر پارەو ئۆردوگای مەشق‌و ڕاهێنان، قەرەداغی دەڵێت، کاتێک پەکەکە خۆى دروستکردەوە، ئێران لەڕێگایەکەوە ناردنییەوە شوێنێک لەسەر سنور لەسێگۆشەی تورکیا-عێراق-ئێران‌و دزەیانکردە ناو ئەو شوێنەى کە تاڵەبانی لەقەندیل دیاریکردبوو.

پشتیوانی ئێران ئازاد نەبوو؛ تاران فشاری دەخستەسەر قەندیل بۆ ئەوەی ڕێگریی لەپژاک بکات کە هیچ هێرشێک لەناوخۆی وڵات ئەنجامبدات.

ئایا تاڵەبانی هەڵەیکرد لەهەڵبژاردنی زەڵێ‌و پێشکەشکردنی پەکەکە بەئێران وەک دیاریی؟
لێکدانەوەکانى سەرۆکى کۆچکردوو گرێدراوى بڕیارە جیۆسیاسییەکان بوو، سەرەتا نییەتى وابوو لەناو سەربازگەیەکى گەورە دایان بنێت لەسەر ڕێگاى سلێمانى دوکان، بەڵام لەترسی بۆردومانکردنى لەلایەن تورکیاوە، ناچاربوو زەڵێ هەڵبژێرێت لەبەرئەوەى تورکیا نەیدەتوانى سنورى ئێران ببەزێنێت، ئه‌م زانیاریه‌ش کامەران قەرەداغی ئاشكرایكرد.

ئەو قەڵایەی تاڵەبانی یەکەمجار بۆ چەکدارانی پەکەکەى هەڵیبژارد، یەکێکبوو لەو 11 قەڵایەی کە سەدام حسێن سەرۆکى له‌سێداره‌دراوى عێراق لەماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا لەکوردستان دروستیکرد. ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ زیندانێک بەناوی "سوسێ"، کە تێیدا سزادراوانی سەرتاسەری عێراق نیشتەجێن کە سزای تاوانکاری جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە.

کاتێک کوردێک پرسێک تاووتوێدەکات، ئەنجامەکان تەنگى پێهەڵدەچنن‌و ڕەنگە دەرئەنجامی کۆتایی ورد نەبێت. بۆیە کورد ناپرسێت، ئەی ئەگەر تاڵەبانی بەڕێکەوت چارەنوسی ئێرانی بۆ پەکەکە هەڵنەبژاردبا چی دەبوو؟ دەربازبون لەجەبرى جوگرافیا کە مێژوو و سیاسەت‌و چارەنوس بەڕێوەدەبەن، نییە، جگەلەوەش ئێران ڕێگەی خۆی بۆ کەمترین دەرفەت دەدۆزێتەوە.

جوگرافیاى خنکێنراو وەک تەڵە وایە بەشێوەیەک کە جوڵانەوەکانى کوردى لەتەڵەى وڵاتانى درواسێدا گیرکردوە، نمونەى پشتیوانیکردنى ئێران لەکوردی عێراق‌و پشتیوانیکردنى عێراق لەکوردەکانى ئێران‌و پشتیوانیکردنى سوریا لەکوردەکانى تورکیا‌و عێراق.

جەبار قادر باس له‌وه‌ده‌كات، بەڵام جوڵانەوە کوردییەکان هەمان ئەو دەرفەتەیان قۆستۆتەوە کە کەوتنە ناویەوە.

قادر پێیوایە ئەوان هەوڵیانداوە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ بقۆزنەوەو بۆ ماوەیەک سەرکەوتوبون، پێشئەوەی دواجار ببنە قوربانیی.

ئەو مێژونوسە کوردە دەڵێت:"حافز ئەسەد هەوڵیدا ئەو حزبە دژی تورکیا بەکاربهێنێت، بەڵام ملکەچی هەڕەشەکانی ئەنكەرە بوو، لەساڵی 1998 ئۆجەلانی دەرکرد، کە دواتر بوە هۆی دەستگیرکردنی لەکینیا". ئێرانیش هەوڵیدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو حزبە بەکاربهێنێت، بەوپێیەی نایەوێت بچێتە ناو ململانێیەکی ئاشکرا لەگەڵ تورکیا".

"بەرەى موقاوەمە"... پەیوەندییە نهێنییەکە
پەیوەندی پەکەکە لەگەڵ ئێران بەنهێنی‌و تەمومژ پۆشراوەو تۆڕێکی فراوان لەتاک‌و شوێن‌و بەرژەوەندییەکان بەڕێوەی دەبەن. لەساڵانی ڕابردودا ماڵپەڕە تورکی‌و کوردییەکان، وەک دارکا مازی (بەعەرەبی بەماناى ڕێگه‌ی هیوا دێت)، تۆمەتی ڕێککەوتنی نێوان ئێران‌و پەکەکەیان بڵاوکردەوە کە لەساڵی 1986 ئەنجامدرا، ئەم ڕاپۆرتانە بەهۆی نەبونی سەرچاوەی سەربەخۆوە دەخرێنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام کۆمەڵێک خاڵیان وروژاندوە لەوانە:

سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە سەربەخۆکان بەشەرقولئه‌وسه‌تیان ڕاگەیاند، لێکتێگەیشتنە کاتییەکان لەسەر هەندێک خاڵ کە سودی بۆ هەردولایەن هەیە، پەیوەندییەکانیان لەچوارچێوەیەکدا داناوە.

ئێران پەکەکە وەک بێزارکەرێک، وەک بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی چەکدارو کێشکەر بۆ کوردە ناڕازییە یاخیبوەکان لەڕژێمەکەی دەڕوانێت، بەڵام وەک "قەڵایەک دژی چاوچنۆکى تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سێگۆشەی تورکیا-ئێران-عێراق"یش کاردەکات".

پارتى کرێکارانى کوردستان ناتوانێت بەهیچ چالاکییەکى سەربازیى هەڵستێت لەناوچە سنوریەکانى نزیک لەئێران‌و تورکیا، هەروەها ناتوانێت بەهیچ جۆرە چالاکییەکى سەربازیى هەڵسێت لەڕۆژهەڵاتى کوردستان، هەروەها ناتوانێت پەیوەندیى دروستبکات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى ئێران‌و لەلایەکى دیکەوە پێویستە ئێران ئاگاداربکاتەوە لەهەر زانیارییەک کە بەدەستیدەهێنێت.

هیچ ڕێککەوتنێکی واژۆکراو نییە
هەردولا هەڵوێستى هاوبەشیان هەیە بەرامبەر بە پرسی جیاواز و هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئێران هاوکارى لۆجیستی پێشکەش کردووە بە بێ ئەوەى کە تورکیا توڕە بکات. لە بەرامبەردا پەکەکە بەڵێنی داوە کە کێشە بۆ ئێران دروست نەکات ئەگەرچی لەوێ پارتێکى سەربەخۆى دامەزراندووە و یەکێک لە ئەرکەکانى ئەوەبوو کە گرفت بۆ پارتى دیموکراتى کوردستانى ئێران دروست بکات. 

جەبار قادر باس له‌وه‌شده‌كات، پەیوەندی نێوان ئێران‌و پەکەکە دەخاتە چوارچێوەی ئەوەی کە ناوی لێنراوە "بەرەى  موقاوەمە"، بەڵام جەختدەکاتەوە، پەکەکە هەمیشە پابەند نەبوە بەئێرانەوەو نەبوەتە ئامرازێک لەدەستی ئەودا، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئەو پارتە "توانای دارایی خۆی هەیەو بەسامانی خۆی چەک دەکڕێت"و وەک بریکارەکانی دیکەى ئێران، پشتی بەهاوکارییەکانی نەبەستوە.

لەساڵانی 2010و 2011 ئۆپەراسیۆنەکانی پەژاک دژی ئێران پەرەیسەندو ئێرانیش بەهێزەوە وەڵامی دایەوە، هەر لەم ماوەیەدا شەڕی سوریا سەریهەڵدا.

ئێران‌و په‌كه‌كه‌ پێویستییان بەجۆرێک لەڕێکەوتن هەبوو بۆ وەستاندنى شەڕ تا هەردوکیان بتوانن بەرژەوەندییەکانیان لەسوریا بپارێزن، هەربۆیە جۆرک لەڕێکەوتن هاتەئاراوە کە دیارترینیان هێرشنەکردەسەر یەکتریى بوو لەساڵى 2011.

کەمال چۆمانى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، لەکۆتایی ساڵی 2015 پەکەکە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕەکانی دژی داعش پێگەیەکی بەرچاوتری لە"بەرەى موقاوەمە" بەدەستهێنا.

سەرکردەیەکی شیعە لەهێزێکى چەکداردا دەڵێ، ئێرانییەکان کوردیان بەپابەندترو ڕێکخراوترو ئازاتر لەخەڵکی دیکە دەڕوانی‌و وەک حزبوڵڵای لوبنان بەگرنگیان دەزانی، دەشڵێت، "چەکدارانی پەکەکە شەڕی بەهێزیانکرد بۆ ڕزگارکردنی شنگال لەدەستی داعش، تائەوڕادەیە کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیان سەرسامکردو دواتر دەستیان بەهەماهەنگی کرد لەگەڵیان".

لەگەڵ فراوانبوونی چالاکییەکانی داعش لە عێراق، ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، هەوڵەکانی ئەو حزبەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی میلیشیادا هەماهەنگ کرد کە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراقەوە تا حزبوڵای لوبنان دەگرێتەوە. گەریلاکانى کورد لە شوێنە ستراتیژییەکان بە درێژایی ڕێگای دابینکردن لە ئێرانەوە بۆ دۆڵی بێقاع جێگیر بوون. گەریلاکان لە هەموو کەس باشتر ئەم ڕێگایە دەزانن، ئینج بە ئینج.

لە چوارچێوەی ئەم تێکەڵبوونە مەیدانییەی نێوان ئێرانییەکان و پەکەکە، ئەفسەری هەواڵگری کورد باسی لە "بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان"ی نێوان هەردوولا کرد. "پەیوەندییەکە کە لەگەڵ شەڕەکانی داعش زیاتر پتەوتر بوو، دوو ڕێگای ستراتیژی داڕشت کە هەردوولا بەکاریان دەهێنا، هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و هەندێکجاریش لە چوارچێوەی یەک بەرژەوەندی هاوبەشدا کە لەلایەن بەرەى موقاوەمەوە سەپێنرا بوو".

ئەو ئەفسەرە وتیشی:"یەکەمیان ئاسۆیی، لە قەندیل و سلێمانییەوە بەرەو ڕۆژئاوا بەرەو شنگال (باکووری موسڵ) و بەرەو باکووری سوریا درێژدەبێتەوە. ئەوی دیکەشیان بە شێوەی ستونى بوو، لە قەندیلەوە بەرەو سەرەوە بەرەو ورمێ و سەڵماس و دواجاریش بەرەو بەرزاییەکانی قەتور لەسەر سنووری تورکیا هاوتەریب بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵەوە دەڕوات".

تۆمەتەکانی "چالاکی هاوبەش"ی نێوان پەکەکە و ئێران بەدرێژایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانەی لە لایەن ئاراز نیوز (ماڵپەڕێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و پشتیوانی لە سەربەخۆیی "ئازەربایجانی باشوور" دەکات) و باس نیوز کە ماڵپەڕێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانە بڵاویانکردۆتەوە، ئاماژەیان بەوەکردوە، تۆڕێکی قاچاخچێتی پەیوەست بەپەکەکە بەدرێژایی ئەم ڕێگایە کاردەکات.

لەم ڕاپۆرتانەدا تیشکخراوەتەسەر ناوی دوو کەسی پەیوەست بەسەرکردەکانی پەکەکە‌و چالاکییان بەدرێژایی ڕێگه‌ی باکوور کە ئەوانیش گاگارین سیمکۆو ناجی شەریفی زین دەشتی بون.

ئەو دوو پیاوە لەگرتە ڤیدیۆییەکاندا پێکەوە دەرکەوتن کە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکسدا بڵاوبونەتەوەو ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.

هەروەها لەڕاپۆرتەکاندا باس لەوەکراوە، سیمکۆو زین دەشتی، دەستیان هەبوە لەڕفاندنی ناڕازییەکانی دژە ئێرانی لەتورکیاو هەروەها قاچاخی مادەی هۆشبەرو چەک، بەڵام سەرچاوە سەربەخۆکان پەیوەندی نێوان ئەم دوو کەسەیان پشتڕاستنەکردوه‌تەوە، بەبێئەوەی ئەگەری ڕودانی ڕەتبکەنەوە.

کەمال چۆمانی دەڵێت، "لەڕوی ئایدیۆلۆژییەوە پارتی دژایەتی چالاکییە تاوانکارییەکان دەکات، بەڵام بۆ دەستەبەرکردنی بودجەی نافەرمی خەریکی چالاکییە نافەرمیەکانە، هەرچەندە ئەم ئۆپەراسیۆنانە شەفاف نین، بەڵام ئەستەمە هاوتا بکرێت لەگەڵ تاوانی ڕێکخراو".

بەڵام ڕێگای ئاسۆیی نێوان قەندیل و شەنگال و سوریا ئاڵۆزترە، سەرچاوە میدیاییە سەربەخۆکان باس لەوەدەکەن کە پەکەکە سوودی بەشداری یەکلاکەرەوەی خۆی لە ئازادکردنی شنگالدا وەرگرتووە. لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ئێزیدییەکان، یەکەی شەڕکەری ناوخۆیی پێکهێنا کە بە هێزەکانی پاراستنی شەنگال ناسراون، کە هاوشانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ساڵانێکە بەیەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئاسایینەکردنەوەی دۆخی شارۆچکەکە دادەنرێت.

ئەم سەرچاوانە بە پشتبەستن بە شایەتحاڵی و سەرچاوە ناوخۆیی و ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فراکسیۆنێکی کاریگەر شیعە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا کە باڵێکی چەکداری هەیە، لە مانگەکانی یەکەمی شەڕی غەززەدا موشەکیان گواستووەتەوە بۆ شنگال و ڕادەستی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان کردووە، کە پێدەچێت بۆ شوێنێکی دیکەی گواسترابێتەوە، لەوانەش بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ حیزبوڵا و لەوێشەوە بۆ حەماس. ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییە کوردە هەروەها باس لەوە دەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران سەرپەرشتی ئەو گواستنەوەیەی کردووە. 

ئەوە ئایدۆلۆژیستەکانن کە پەکەکە دەجوڵێنن. ئەو پارتە چەکدارە، بە گوتەی توێژەر جەبار قادر، لە بیروباوەڕى ئایدیۆلۆژی، بەتایبەتی خەباتی دژی ئیمپریالیزم و سەرمایەداری لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت بەرەى موقاوەمە خۆی ناساندووە. بەڵام له هەمان کاتدا زۆر پراگماتیکه ؛ لەگەڵ ئەمریکییەکان له سوریا له دژی داعش هاوکاری کردووه و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نەبووە".

ڕۆژنامەنووس کەمال چۆمانی پەیوەندی نێوان ئێران و پەکەکە بە ناڕوون و پراگماتیک وەسف دەکات. دەشڵێت ئێران تاڕادەیەک تەحەمولی بوونی قەندیل دەکات کاتێک خزمەت بە بەرپەرچدانەوەی هەژمونى تورکیا بکات، چونکە ترسی ئەوەی هەیە توندڕەوەکان جێگەی پەکەکە بگرنەوە لە قەندیل. سەرەڕای ئەوەش تاران بە قووڵی گومانی لە خواستەکانى کورد هەیە. دووپاتی دەکەمەوە کە پەیوەندی حیزب و ئێران نە هاوپەیمانییە و نە دوژمنایەتییە، بەڵکو پێکەوە ژیانێکی ستراتیژییە کە بە ڕکابەرییە ناوچەییەکان و لۆژیکی مانەوە لە قاڵب دراوە.

جیهان لە گۆڕاندایە، پەکەکەش دەبوایە گوێ بەوە بدات کە لە دەوروبەرى دەگوزەرێت تەنانەت گەر حەزیشی پێ نەکات. دەنیز چانەر

دوا دیمەن: ئۆجەلان چەندە گۆڕاوە
هەموان توشی شۆکبون کاتێک پارتی کرێکاران لە 5 بۆ7ى ئایاری 2025 کۆنگرەی 12ی خۆی ڕاگەیاند، ژمارەیەکی سنوردار لەئەندامانی پارتەکە نەیانتوانی بەئاشکرا کۆببنەوەو باس لەبابەتە ڕۆتینیەکان بکەن، چ جای بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەو داماڵینی چەک.

لەناکاو سەدان سەرکردەو کادیر توانیان کۆبونەوەیەکی مێژوویی و گشتی ئەنجام بدەن. مەهمەت ئەرسلان باس لەوە دەکات کە ئۆجەلان تۆمارێکی ناردووە کە تیایدا لە چوارچێوەی پەیامێکی درێژدا دەڵێت "ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا دیموکراسی لە تورکیادا بەدی دێت".

دوای 40 ساڵ لەشۆڕش، ئۆجەلان چۆن گەیشتە ئەم شوێنە؟ جەبار قادر لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا لە دیمەشق چاوی بە ئۆجالان کەوتووە. دەڵێت "لەو کاتەدا لە لوتکەی سەرکردایەتییەکەیدا بوو، هەموو لایەنەکانى پارتەکە و سەربازیی بەدەستەوە بوو". ئەمڕۆ ئەو پێی وایە "زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە زیندان ئۆجەلانی ناچار کرد بە بیرۆکەکانی خۆیدا بچێتەوە. ئەو تێگەیشت کە مۆدێلی کارى پارتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى شەڕی سارد، وەک لە پەیامی کۆتاییدا ئاماژەی پێکردووە".

بەڵام دێنیز کانێر، کە لێکۆڵەرێکی تورکە، لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ئەو پارتە دەکات لە سەرەتای دامەزراندنیەوە.

پەکەکە هەر بیست ساڵ جارێک گۆڕانکارى کردووە، دوو گۆڕانکارى گەورەى بە خۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا لە گۆڕانکارى سێهەمدایە، کاریگەر بووە بە گۆڕانکارى گەورە لە دواى شەڕى عێراق – ئێران، کەوتنى سەدام حسێن و دامەزراندنى هەرێمى کوردستان، بەهارى عەرەبی، ڕێکخراوى داعش و شۆڕشی سوریا.

شوان تەها پەرلەمانتاری پێشوی کورد کە لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2010 لەپەرلەمانی فیدراڵیدا خزمەتیکردوە، پێیوایە، "ئۆجه‌لان گۆڕانی بەسەرداهات، چونکە شایەتحاڵی سەردەمی شەڕی تەکنەلۆژی بوو و درکی بەوە کرد کە چەکەکانی قەندیل هیچ چانسی کێبڕکێیان نەماوە. هەروەک چۆن بێ گومان کاریگەر بوو بەئۆپەراسیۆنی پەیجەر لە بەیروت و ئەو شێوازەى کە حەسەن نەسروڵڵاى پێ تیرۆر کرا".

شوان تەها پێیوایە، "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە دواتر ئاشکرای دەکات کە چۆن بەشداری دەکات لە ڕزگارکردنی کورد لە لەناوچوونی ئەبەدی". هەلومەرجی دیکەش لە بڕیاری ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری ڕۆڵیان هەبووە.

وەرچەرخان بەرەو کارى سیاسی کارێکى ناچاری بوو، بەڵام دوو هۆکار پاڵنەر بوون تا ئۆجالان ئەو بڕیارە بدات: گۆشەگیری ئیمرالى، ڕاستى ئەوەى کە دەسپێشخەرى پڕۆسەى ئاشتى ئەم جارە لە دەوڵەت باخچەلییەوە هات نەوەک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوە

بەگوێره‌ى زانیارییەک کە لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە ئاشکراکراوە، ئۆجەلان لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 سەیری پەخشێکی تەلەفزیۆنی تورکیای دەکات، گوێی لەباخچەلی دەبێت کە دەستپێشخەرییەکەی لەگەڵ پەکەکە دەستپێکرد، خودی باخچەلی کە دەیان ساڵە لەدڵی دەوڵەتی قوڵدا بوو، دۆستی دۆزی کورد نەبووە.

سەیرە کە ئەو دەستپێشخەرییە لە لایەن باخچەلییەوە بێت کە بە شێوەیەکى بەردەوام شەڕى ئێمەى کردووە و ئەو پەڕى هەوڵى داوە کە لە سێدارەم بدات .. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت ئەو دەستەى کە درێژکراوە بۆ ئاشتى هەروا بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.

لەنامەکەى عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان بۆ پەکەکە لەمانگى پێنجی 2025 دەرهێنراوە، لەڕوانگەی دەنیز جانرەوە "هەستیاری پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) بەرامبەر بە چارەسەرکردنی پرسی کورد گرنگترە لە هەڵوێستی ئاکەپە، بەڕوونی چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە هەڵوێستی ناسیۆنالیستییەوە".

وا دیارە ئەوە تەنها ئۆجەلان نییە کە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، یان ناچارکراوە بەو کارە. لە لایەکی دیکەوە پێدەچێت سەرۆک کۆماری تورکیا زۆر پێویستی بە دینامیکیەکی جیاواز هەبێت کە ڕێگە بە هەموارکردنەوەی دەستوور بدات و گەرەنتی خولی سێیەمی سەرۆکایەتی بکات بە هاوپەیمانییەکی یەکگرتووتر و دینامیکیتر. ئەم کارەش ئاسان نابێت بەبێ ڕێککەوتنێکی گەورەی فرە هاوبەش، لەگەڵ ناسیۆنالیستەکان کە دەیانەوێت گۆڕانی کولتووری و ئابووری دروست ببێت، و کوردەکان کە بەدوای ئامادەبوون و ڕۆڵی سیاسیدا دەگەڕێن و زیاتر مەیلیان بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانە لە تورکیا.

دەنیز جانێر لەگەڵ ئەم گریمانەیەدا نییە و دەڵێت "ئەردۆغان نایەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ناوخۆ، وەک دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، هەڵاوسان و هەڵبژاردنی پێشوەختە". ئەو دەشڵێت، "تورکیا پرسی (کرێکاران)ی خستۆتە سەر مێز بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکاندا بگونجێنێت، دیارترینیان ڕووخانی ڕژێمی بەعسە لە سوریا و دابەزینی بەرچاوی هەژمونى ئێرانە لە سوریا و لوبنان و تەنانەت عێراقیش".

بەڵام بەهۆی پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بازنەکانی بڕیاردانی تورکیا "درکیان بە پێویستی گۆڕینی سیاسەتەکەیان بەرامبەر پرسی کورد کردووە، چ لە ناوخۆی تورکیا و چ لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە هەوڵیان دا لە ڕێگەی ڕێبازێکی نوێ و هەمەلایەنەوە پێشبینی ڕووداوەکان بکەن".

داگرتنى ئاڵای قەندیل
پەکەکە چەندین لێکدانەوەی بۆ پرسی داماڵینی چەک پێشکەش کردووە. لێدوانەکانیان لە چەکداماڵین تا ڕاوەستانی دوژمنایەتی و ڕاگرتنی چەک جیاواز بووە و مانۆڕەکان هەڵوێستی توندی باڵەکانیان سەبارەت بە داهاتووی چەکەکانیان وەک پژاک لە ئێران وەرگرتووە. بەڵام گه ورەترین ئازادی بەهێزەکانی سوریاى دیموکرات له سوریا دراوه ، که شوان تەها به "گەورەترین براوە" دەیبینێت، چونکه ئەو کۆرپەلەیە کە دوای قوربانیدان بەدایکی قه ندیل له ژیاندا ماوه.

جەبار قادر هەر لەسەرەتاوە پێی وابوو کە سەرکردەکانی قەندیل هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی چەکداماڵین و ئازادکردنى چەکداران دەدەن تا دڵنیا دەبن لەوەی کە حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ داننان بە مافە کولتوورییەکانی کورد.

بەوتەی محەممەد ئەرسلان، مەرجەکانی ئۆجەلان بریتی بوون لە هەموارکردنەوەی ماددەکانی دەستووری تورکیا کە پەیوەندییان بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانەوە هەیە، دەرکردنی یاسا لە پەرلەمان کە گواستنەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ چالاکییە سیاسییە ئازادەکان لە تورکیا مسۆگەر بکات و، پێش ئەوەش ئازادکردنی ئۆجالان. ئەرسلان نزیک بوو دووپاتی بکاتەوە کە "هیچ چەکدارێکی ناو حزبەکە بەبێ ئەم مەرجانە چەکەکانیان دانانێن". هەندێک لە سەرکردەکانی قەندیل لە ئۆجەلانەوە بیستوویانە کە "ئەردۆغان بە هەموو ئەمانە ڕازی بووە".

سەقفی ئەم چاوەڕوانییانە زیادەڕۆیی پێوە دیارە و هەروەک دەنیز جانەر دەڵێت: " جێبەجێکردنی ئەو جۆرە مەرجانە بەدوور دەزانرێت و ئەگەر ئاشتییەکی ڕاستەقینەش بەدی بهێنرێت، جێبەجێکردنی دەتوانێت چەندین ساڵ بخایەنێت".

پرۆسەکە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێکی تر بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام "زۆرترین شت کە ڕوودەدات ئەوەیە کە ئۆجالان دەگوازرێتەوە بۆ ماڵێکی شایستە لە دوورگەی ئیمرالی، لەژێر پاسەوانییەکی قورسدا. دەتوانێت بە ئازادی پەیوەندی لەگەڵ گروپەکەی بکات، بەڵام لەژێر چاودێری دەوڵەتدا"، بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە سەربەخۆکان، ئەڵبەتە ئەگەرى ڕوودانى "سوپرایز" یش  بەدوور نازانرێت.

زاگرۆس هیوا دان بەبونی ڕێککەوتنێکی نوسراوو زارەکی لەنێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیادا نانێت. دەشڵێت "ئاگربەست‌و هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەو کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداری هەنگاوی تاکلایەنەن کە گوزارشت لەنیازپاکی دەکەن بەئاڕاستەى چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد".

ڕەنگە هەڵوێستە ناکۆک و گۆڕاوەکانی پارتی کرێکاران ڕەنگدانەوەی گێژاوی ناوخۆی ناو حیزب نەبێت کە بە گشتی ڕاهاتووە بە گوێڕایەڵی ئۆجالان. بەڵکو لەوانەیە " مەتەڵێک بێت کە لە شوێنێکدا شاراوەتەوە". سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان کە لەلایەن سەرکردەکانی پارتەوە ئاگادارکراونەتەوە، باس لەوە دەکەن کە ئۆجەلان نامەیەکی 300 لاپەڕەیی نوسیوەو تەنها 30 لاپەڕەی بۆ کۆنگرەی 12 ناردووە.

چارەنوسی شاخ‌و چەکەکان
پرسیارمان لە وتەبێژی پارتی کرێکاران کرد کە ئایا دەتوانێت چیای قەندیل بیهێنێتە بەرچاوی خۆى دوای ڕۆیشتنی گەریلاکان و بەدەستەوەدانى چەکەکانیان، ئەگەر بەڕاستی ئەوە ڕووبدات، چی بەسەر چیای قەندیلدا دێت؟ زاگرۆس هیوا وتی: بەرزاییە مێژووییەکان نەوەک تەنیا لە داهاتووی گەلی کورد، بەڵکو لە داهاتووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن.

سەرچاوەکانی شەرقولئه‌وسه‌ت ئاگاداریان کردینەوە کە گرفتى ئێران سەبارەت بەپرسی قەندیل سەرهەڵدەدات. ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە و پێیان ڕاگەیاندبوو کە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە "ئێران پێویستی بە کات و دڵنیاکردنەوە هەیە".

جەبار قادر دەڵێت، "وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ترسیان لەوە هەیە کە ئەم شاخانە ببنە قەڵای توندڕەوەکان ئەگەر پەکەکە بکشێتەوە"، بەڵام ئێران بەتایبەتی "هەوڵدەدات ڕێگری لە جێگیرکردنی نەیارەکانی لەو ناوچانە بدات".

لەمکاتە تایبەتەدا، پێناچێت ئەنقەرە لەگەڵ هیچ شتێکدا بێت کە پرۆسەی ئاشتى تێکبدات و هەڵوێستی ئێران لەوێدا چیتر بۆ دانوستانەکانی ئۆجەلان و ئەردۆغان جەوهەری نییە. دەنیز جانێر مەزەندە دەکات کە نزیکەی لەسەدا 30ی قەندیل لە چوارچێوەی خاکی ئێراندایە کە سەرکردەکانی پەکەکە لەوێ جێگیرن. بۆ چارەسەرکردنی ئەم لایەنە ئاڵۆزەی ئۆپەراسیۆنەکە، جانێر پێشنیاری "دەستێوەردانی سەربازی لە ناوخۆی ئێران بە هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات، کە ناتوانین پێشبینی ئەنجامەکانی بکەین".

سەبارەت بەچەک‌و گەریلاکان، گریمانەی جۆراوجۆر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەخرێنەڕوو سەبارەت بە شێوازەکانی نەهێشتنیان، بەڵام بەبێ پشتڕاستکردنەوە. سەرچاوە سەربەخۆکان باس لەوە دەکەن کە ئۆپەراسیۆنەکە فرەلایەنە و فراوان دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ڕێکخراوی پەکەکە و ڕەنگە هەنگاوی وردە وردە بۆ ڕادەستکردنی چەک لەخۆبگرێت، لەگەڵ زیادبوونی متمانەی یەکتر خێراتر دەبێت. لەسەر ئاستی تاکەکەسیش دەتوانرێت بگەڕێنرێنەوە بۆ چوار وڵاتی خۆیان کە بریتین لە تورکیا، عێراق، سوریا، ئێران، یان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی ئەوروپی کە ڕازی بێت میواندارییان بکات. تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، لیستێک کە نزیکەی ٥٠ سەرکردەی پارتەکانی تێدایە، ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە و ناخرێنە ناو ئەو لیستانەى کە چاوەڕوان دەکەن دووبارە تێکەڵ بکرێنەوە بە کۆمەڵگاى تورکیا.

یەکێک لەو بیرۆکانەی لە مانگی نیساندا باسی لێوەکرا بریتی بوو لە "تێکەڵکردنی هەزاران چەکداری پارتەکە بە هێزی پێشمەرگەی پارتەکەى بارزانی"، بۆچونێک کە سەرچاوەکان لە هەولێر ڕەتیانکردەوە و ڕایانگەیاند "ژمارەیەکى کەم لە چەکدارەکانى هەرێمى کوردستان دەتوانرێت تێکەڵ بکرێنەوە". ڕەنگە لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەکە ڕێکبکەون، بەپێی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر، ئەنقەرە و بەغدا، ڕێگە بە چەکدارە چەکداماڵراوەکان دەدرێت بە ئارامی لە گوندە شاخاوییەکاندا بژین.

دەنیز جانەر دەڵێت: "ڕەنگە پلانێکی باش هەبێت کە تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە بڕیاردەرەکان ئاگاداری بن. بەڵام با ڕاستگۆبین: ڕەنگە سبەی پەکەکە بوونی نەبێت". زۆر کەس پێیان وایە ئیبراهیم کالین سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا کۆنترۆڵی وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات.

زۆرێک ڕۆڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە دەستەبەرکردنی کەناڵێکی مێژوویی دانوستان لە نێوان ئۆجالان و ناسیۆنالیستە تورکەکاندا پشتگوێ ناخەن. ئەم پارتە ڕەنگە بە تێکەڵکردنی "پارتی کرێکاران" لە بنکەی هەڵبژاردنەکانیدا سوود لەم پرۆسەیە وەربگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆی هاوپەیمانییەکی نوێ لە تورکیا بەرگوێ دە کەوێت کە ڕەنگە لە ڕێبەری کورد سەلاحەدین دەمیرتاشەوە دەست پێبکات، کە بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی کراوە. سەرچاوەکان ئەوەش ڕوون دەکەنەوه ، "پرۆسەکە، سەڕەڕای قورساییەکەی، به قوربانیدان بە قەندیل و کێشانی نەخشەی هێزە کوردییه دۆستەکان بۆ تورکیا و گەمەکارانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات ".

بە درێژایی ئەم چیرۆکە کە تەمەنى چوار دەیەیە، ئۆجەلان هەم سەرەتاکەی و هەم کۆتاییەکەشی بووە. ئەو پیاوەی لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە شەقامەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ بڵاوکراوەى نهێنی بڵاودەکردەوە و دیدگای "کوردستانی گەورە" لە مێشکیدا دەدرەوشایەوە، ئێستا دوا دیمەنی چیای قەندیل دەنووسێتەوە.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا، پرسیاری ئەوەی کە "پەکەکە" چی لە پرۆسەی ئاشتی دەستدەکەوێت، هەمیشە بەئاڕاستەى ئەو وەڵامە بووە کە "کورد شەکەت بوو لەشەڕکردن"، بەڵام ئەمە ڕوینەدەدا ئەگەر ئۆجەلان بڕیاری نەدابایە چەکەکان دابنرێت و فۆرمێکی نوێی پراگماتیزم لە باوەش بگرێت، کە هەمیشە لەودا سەرکەوتوو بووە. لە کۆتاییدا پەیامێکمان لەزاگرۆس هیوا وتەبێژی حیزبەوە پێگەیشت. گەشبین نەبوو بەوەی "تورکیا عەقڵیەتی خۆی بەرامبەر کورد دەگۆڕێت و هیچی نەکردووە کە هاوتای دەستپێشخەرییەکەی ئۆجالان بێت". تۆنی هیوا لەگەڵ مێژووی دووبارەبوونەوەی ئاگربەست و ئاشتەوایی شکستخواردوودا یەکدەگرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، کامەران قەرەداغی هیوادارە بەم زووانە بگەڕێتەوە بۆ ترۆپکى حەوت لوتکەکە، کە 50 ساڵ لەمەوبەر سەردانی کردبوو، بۆ ئەوەی وەک هاوینەهەواری گەشتیاری ئاسایش بیبینێت، لە کاتێکدا پەکەکە ترسی هەیە هەرگیز گوێیان لە وشەیەکی تر یان بانگەوازێکی دیکە لە ئۆجەلانەوە نەبێت، کە ئێستا لە دوورگەی مەڕمەڕەدایە، ئەو دەریایەی کە نهێنی و گۆرانییە خەمناکەکانی تورکەکانی پاراستووە.

ڕاپۆرتى تایبه‌تى ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت