پڕۆژه‌یه‌كى گرنگ له‌باره‌ى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێته‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكا

کوردستان

20 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9580 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جۆ وێڵسن کۆنگرێسمانی ئەمریکی، هەموارکردنەوەیەکی پێشکەش به‌کۆنگرێس کردوە کە تێیدا داوادەکات، حکومەتی عێراق چیتر موچەو شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم ڕانەگرێت‌و ڕێگە بەبەرهەمهێنانی نەوت‌و فرۆشتینی بدات، هەروەها داواشدەکات، عێراق ڕێگریی لەهێرشەکانی سەر گێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.


جۆ وێڵسن کۆنگرێسمانی ئەمریکی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردوەتەوە، هەموارکردنەوەی مادەی 12 لەیاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) پێشکەش بەکۆنگرێس کردوە، ئەمەش بۆ پشتیوانیکردن لەحکومەتی هەرێم وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ئەمریکا.

لەهەموارکردنەوەکەدا هاتوە، کۆنگرێس وایدەبینێت کە حکومەتی هەرێم هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ئەمریکایەو پێویستە حکومەتی عێراق واز لەهەوڵە ناسەقامگیرکەرەکانی بەتایبەت ڕاگرتنی موچەو شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بهێنێت.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، دەبێت حکومەتی عێراق واز لەهەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لەحکومەتی هەرێم لەپەرەپێدان‌و هەناردەکردنی سەرچاوەکانی وزەو نەوت بهێنێت.

هه‌روه‌ك جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "دەبێت حکومەتی عێراق ڕێگە لەو هێرشانە بگرێت کە لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانەوە دەکرێن‌و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشتگیریی دارایی دەکرێن".

ئەوەشیخستووتەڕوو، "ئەمریکا پشتیوانیی لەدابینکردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی پێویست بۆ حکومەتی هەرێم دەکات، تاوەکو بتوانێت لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران‌و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی بۆسەر حکومەتی هەرێم‌و سەرچاوەکانی وزە، بەرگریی لەخۆی بکات".