شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی تورکیا په‌یامێكى له‌باره‌ى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وه بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی سوریا‌و ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دروستدەکات بەهۆی پابەندنەبونی بەڕێککەوتنەکان"، وته‌بێژى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش هێرشێكى هێزه‌كانیان بۆسه‌ر تونێله‌كانى هه‌سه‌ده ئاشكراده‌كات.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"چاودێریی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی دەکەین".
ڕاشیگه‌یاندوه، "هەموو ڕێکارێکی پشتیوانیی بۆ حکومەتی سوریا دەگرینەبەر لەپێناو ئارامی‌و سەقامگیریی".
بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "پابەندنەبونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەدانانی چەک‌و چونە ناو سوپای سوریا، دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا‌و ئاسایشی نیشتمانی تورکیا".
لاى خۆیشیه‌وه وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرایکرد، سوپای تورکیا لەئۆپەراسیۆنەکانیاندا لەته‌ل ڕەفەعه‌ت‌و مه‌نبه‌ج لەباکوری سوریا، 580 کیلۆمەتر تۆنێلی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یان وێرانکردوە کە بۆ چالاکیی خۆیان بەکاریانهێناوە.
وه‌زاره‌ته‌كه ته‌ئكیدیكردوه‌ته‌وه، "ئێمە وه‌كو توركیا، هەموو پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بەسوریا دەکەین، ئەگەر پێویستبکات، هەم بۆ بەشداریکردن لەسەقامگیریی سوریا‌و هەمیش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی تورکیا، بۆیه پێویستە هه‌سه‌ده پابەندبێت بەتێکەڵبون لەگەڵ سوپای سوریا‌و دوربکەوێتەوە لەهەر کردەوەو قسەو باسێک کە یەکڕیزیی وڵات تێکبدات".