شارپرێس:
هۆشدارییەکی نوێى فەرەنسی، باس له‌وه‌ده‌كات، کاریگەری گروپه توندڕه‌وو جیهادیه‌كانى سوریا، شەرعیەتی دەوڵەت‌و ڕێڕەوی سەقامگیریی لەسوریا دەڕوخێنێت‌و له‌ناوى ده‌بات.
پێگەی ئەمدواییەی فەرەنسا ڕەنگدانەوەی زیادبونی ڕەوتی نێودەوڵەتییە بەرەو توندی لەمامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کاریگەریی گروپە جیهادییەکان لەناو پێکهاتەی هێزی سوریادا، وەک پاریس ئاماژەى پێده‌كات، دۆخه‌كه نزیکە لەکۆدەنگییەک لەنێوان هێزە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا، چین‌و ڕوسیا-یش، کە بەردەوامبونی ئەو گروپانە لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەتایبەت لەپۆستە باڵا سه‌ربازیى‌و ئه‌منیه‌كاندا، ئه‌گه‌ره‌كانى كه‌وتنى حكومه‌تى سوریاى زۆر زیاتر كردوه.
پاریس.. دیمەشق ئاگادارده‌كاته‌وه
فه‌ره‌نسا له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ى بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رعى كردوه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، نه‌ك بونى كێشه‌گه‌لێكى زۆر، ته‌نانه‌ت ئیرادەیه‌كى سیاسیی ڕاسته‌قینه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى دیمه‌شقه‌وه بونى نییه بۆ چاكسازیی له‌و وڵاته‌دا.
به‌گوێره‌ى ئه‌و خوێندنەوەیه‌ى فەرەنسا بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رعى كردوه، "ئەو ڕێوشوێنانەی تائێستا گیراونەتەبەر، هێشتا لەچارەسەرە فەرمیەکان نزیکترن لەچاکسازییە پێکهاتەییەکان کە کاریگەرییان لەسەر جەوهەری سیستەمی حوکمڕانی‌و ئاسایش‌و ئیدارەدان هەیە، کە ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكار بۆ چه‌قبه‌ستنى سیاسیی‌و وڵاتەکە لەمەترسییە درێژخایەنەکاندا دەهێڵێتەوە".
فەرەنسا هۆشداریده‌دات
فەرەنسا واقیعى ئێستاى سوریا به‌مه‌ترسیه‌كى گه‌وره ناوده‌بات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، " پەرەسەندنه ئه‌منیى‌و سه‌ربازییه‌كانى سوریا، دەرکەوتنی ئاینده‌یه‌كى مه‌ترسیدارى پڕ له‌توندوتیژییه له‌نێوان پێكهاته‌كانى ئه‌و وڵاته‌دا".
له‌و ڕوه‌شه‌وه پاریس پێیوایە، "گەشەكردنى ئەمجۆرە له‌توندوتیژیى كه ئێستا سوریاى پێدا تێده‌په‌ڕێت، ناتوانرێت له‌م دۆخه‌دا بمێنێته‌وه، بۆیه ئێمه هۆشداریده‌ده‌ین، بەردەوامبونی ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا، مه‌ترسییه‌كان زیاتر ده‌كه‌ن بۆسه‌ر ئاشتی کۆمەڵایەتی‌و ئەگەری ناسەقامگیریی دروستده‌كات".
بونى هه‌ته‌شه له‌ناو دامه‌زراوه‌كاندا مه‌ترسیه‌كانى زیاتر كردوه
پاریس ڕه‌خنه‌ى توندى له‌باڵاده‌ستى گروپى چه‌كدارى ده‌سته‌ى ته‌حریر شام-ى ئه‌حمه‌د شه‌رع گرتوه له‌ناو ده‌وڵه‌تداو به‌مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى ده‌زانێت‌و جه‌ختده‌كاته‌وه، هه‌موو نیگه‌رانیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتوه كه ئه‌و گروپه چه‌كداره، باڵاده‌ستى خۆى سه‌پاندوه به‌سه‌ر ته‌واوى جومگه هه‌ستیاره‌كانى سیاسیى‌و ئه‌منیى‌و سه‌ربازیى له‌سوریادا.
پێشیوایه، بونی ئەو فیگەرانە لەپۆستە کاریگەرەکان لەناو پێکهاتەی ئیداریی‌و ئه‌منیى‌و سه‌ربازییدا، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی قووڵترە لەسروشتی دەسەڵات‌و تادێت مه‌ترسییه‌كانى ئه‌و پرسه زیاتر ده‌بن، چونكه هه‌ر جوڵه‌یه‌كى گروپه‌كانى ناو ده‌سته‌ى ته‌حریر شام، نه شه‌فافیه‌تى تێدایه‌و نه لێپرسینه‌وه‌شى هه‌یه، له‌هه‌مانكاتدا، هیچ گروپێكى ناو هه‌ته‌شه، ملكه‌چى لێپرسینه‌وه نابێت.
هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ى حكومه‌تى فه‌ره‌نسا بۆ سوریا‌و حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع، زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر گروپى هه‌ته‌شه‌ى شه‌رع كراوه‌ته‌وه له‌ناو ده‌وڵه‌تداو ده‌ڵێت، "فراوانبونی کاریگەری کەسایەتیه دیاره‌كانى تەحریر شام لەناو قووڵایى دەوڵەتدا، تادێت ده‌بینرێت‌و ئه‌وه‌ش وایكردوه، بڕیارى یه‌كه‌م‌و كۆتایی ته‌نها سه‌ركرده دیاره‌كانى ناو گروپه‌كانى هه‌ته‌شه بیده‌ن، دواجاریش ئه‌وه به‌چوارچێوەیەکی گشتگیر سه‌یرناكرێت بۆ هەموو سورییه‌کان، بەڵکو ئێستا سوریا بوه‌ته ئامرازێک لەدەستى گروپێكى تایبه‌ت کە خۆی هه‌رچى‌و هه‌رچۆنێكى بوێت، به‌و شێوه‌یه هه‌ڵى بسوڕێنێ".
له‌كۆتایشدا فه‌ره‌نسا هۆشداریده‌دات‌و ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ى ده‌یبینین‌و له‌سوریادا ده‌گوزه‌رێ، نەک هەر هەڕەشە لەچانسی کۆدەنگی ناوخۆیی دەکات، بەڵکو هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری‌کردن لەڕێڕەوی سەقامگیریی‌و ئاوەدانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە نەبونی گشتگیریی سیاسیی، بناغەی شەرعییەت دەخاتە ژێر پرسیارەوەو هەر پشتگیرییەکی دەرەکیش بەردەوام لەسەر ئه‌و بنەمایەیه، دواجاریش توڕەیی شەقام خه‌ریكه بەرزدەبێتەوە، ئه‌وه‌ش ڕوبدات، دۆخى ئه‌منیى زیاتر تێكده‌چێت، به‌و ئابورییه داڕماوه‌ى ئێستاوه، شەرع‌و حكومه‌ته‌كه‌ى دەڕوخێنن".
