له‌ئه‌مریكاوه‌ زانیاریى شۆكهێنه‌ر ئاشكراده‌كرێت له‌باره‌ى ئه‌و ساتانه‌ى شه‌رع له‌عێراق ده‌ستبه‌سه‌ربوه‌

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 29616 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "واشنتۆن تریبیۆن"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا کە بەپشتی بەسەرچاوە هەواڵگرییەکان  ئاگادارەکان بەستوە، کۆمەڵێک زانیاری نهێنی‌و شۆکهێنەری سەبارەت بەماوەی دەستبەسەرکردنی ئەحمەد شەرع ناسراو بە"ئەبو محەمەد جۆلانی" لەسەربازگەی "بوکا" لەعێراق لەساڵی 2006 ئاشکراکردوە.



ڕاپۆرتەکە تیشکیخستوه‌تەسەر "لایەنە تاریکەکە"ی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەمریکا، کە تەنها زیندان نەبون، بەڵکو تاقیگەی کیمیایی بون بۆ دوبارە داڕشتنەوەی دەرونی دەستبەسەرکراوەکان لەڕێگەی توندوتیژییەکی ڕێکخراوەوە.

ئەو بەڵگەنامانەی ڕۆژنامەکە بینیونی جەخت لەوەدەکەنەوە، "جۆلانی" خراوەتە ژێر بەرنامەی "لێپرسینەوەی توند" کە دەستدرێژی سێکسی ئەنقەستی تێدابوە، لەوانە ناچارکردنی بەڕوتکردنەوەی تەواو لەبەردەم پاسەوان‌و سەگی پۆلیسی‌و هەڕەشەی دەستدرێژیی بەمەبەستی "سوکایەتیپێکردن".



هەروەک لێکۆڵەرەکان "هەڕەشەی ئابڕوبردن"و وێنەگرتنی لەبارودۆخی شەرمەزارکەردا وەک ئامرازێک بۆ شکاندنی ئیرادەی جۆلانی بەکارهێناوە، ئەمەش درزێکی قووڵی لەپێکهاتە دەرونییەکەیدا دروستکردوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایدەکەن، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لەژێر فشاری هەڕەشەی سێکسییدا سەرکەوتوبوە لەڕاکێشانی "جۆلانی" بۆ لای خۆی، بەجۆرێک ئاژانسەکە تا ئەمڕۆش تۆماری دەنگیی‌و بینراوی لایە کە ئەوساتە شەرمەزارکەرانە  دۆكیۆمێنت دەکەن‌و وەک ئامرازێکی فشاری ستراتیژیی بەکاریاندەهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزیی ڕەهای ئەوو جێبەجێکردنی ئەجێندا داواکراوەکان.

شارەزایانی دەرونناسیی تاوانکاریی پێیانوایە، ئەم ئەزمونە جۆرە تێکچونێکی لای جۆلانی دروستکردوە کە بە"تێکچونی مەزڵومییەتی توندوتیژ" دەناسرێت.

باسی لەوەشکردوە، ئەو سوکایەتییەی پێی کراوە تەنها نەبوه‌تە هۆی شکاندنی ئیرادەی، بەڵکو ئارەزویەکی بێسنوری بۆ گێڕانەوەی "پیاوەتییە تێکشکاوەکەی" لێ بەرهەمهێناوە لەڕێگەی توندوتیژی زۆرەوە.

دکتۆر ڕۆبەرت هانس شیکەرەوەی دەرونیی، لەوبارەیەوە ڕونیدەکاتەوە، ئەو زیندانییەی لەڕێگەی ڕوتکردنەوەو هەڕەشەی سێکسیی کەرامەتی لێدەسەنرێتەوە، زۆرتر بەکەسایەتییەکی "سایکۆپات"ەوە دێتە دەرەوە کە مەیلی تێکدانی ئەو سیستمەی هەیە کە سوکایەتیی پێکردوە، هەروەک ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو وەک قەڵغانێکی دەرونیی بەکاردێنێت بۆ داپۆشینی هەستی درێژخایەنی شەرمەزاریی لای خۆی.

پێشتر ژەنەڕاڵ دەیڤید پێترایۆس فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق‌و بەڕێوەبەری پێشوی CIA لەلێدوانەکانیدا وتبوی، زیندانی بوکا "دەرفەتێکی هەواڵگری" بوە بۆ جیاکردنەوەی سەرکردەکان‌و وەبەرهێنان لەخاڵە لاوازەکانیاندا.



چاودێران دەڵێن، قسەکانی پێترایۆس سەبارەت بە"داخورانی ڕێکخراوەکان لەناوەوە" تەواو لەگەڵ گریمانەی بەکارهێنانی "ئەرشیفی ڕەش"ی جۆلانیدا یەکدەگرنەوە، چونکە ناچارکردن بەکارکردن لەژێر هەڕەشە یان سوکایەتیدا تاکتیکێکی کلاسیکییە لەجیهانی  CIAو پێترایۆس وەک بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسەکە دەیزانی کە "ئەرشیفی ڕەش"ی زیندانییەکە بەهێزترین گەرەنتییە بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک لەچوارچێوەی دەقە دیاریکراوەکە لا نەدات.

لەشایەتحاڵییەکی تایبەتدا، بەرپرسێکی ئەمنیی پێشوو کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی جۆلانیدا لە"بوکا" خزمەتیکردوە، جەختدەکاتەوە، جۆلانی ڕۆڵێکی وەزیفی دیاریکراو دەگێڕێت‌و هەر کە ئەرکەکەی لەلاوازکردنی تیرۆر لەناوەوە کۆتاییهات، لادەبرێت‌و "ئەرشیفی بوکا" بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوەی سیمبول بونی ئەو بۆ هەمیشە کۆتایی پێبهێنرێت.
 
سەرچاوە هەواڵگرییەکە لەکۆتاییدا دەڵێت، "چیرۆکی جۆلانی بەرجەستەی سەرکەوتنی ستراتیژی واشنتۆن دەکات لەگۆڕینی ئازاری کەسی بۆ چەکێکی هەواڵگریی کوشندە، پێشئەوەی خاوەنەکەی فڕێبدرێتە ناو زبڵدانی مێژوەوە".