ئەمریکا وردبینی لەمامەڵە بانکییەکانی عێراق دەکات.. سزای نوێ به‌ڕێوه‌یه‌

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق ڕایگەیاند، بەمەبەستی تاووتوێکردنی چاکسازیی لەسیستەمی بانکیی عێراق‌و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دارایی، زنجیرەیەک کۆبونەوەی گرنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاو نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) ئەنجامداوە، ده‌شڵێت، "هەنگاوەکانی داهاتومان تاووتوێکردوە سەبارەت بەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو ئەکتەرو تۆڕە تێکدەرانەی کە زیان بەدەسپاکی دارایی‌و دەسەڵاتی دەوڵەت دەگەیەنن".


ساڤایا لەڕاگەیەندراوێکدا کە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردوەتەوە، کۆبونەوەکان سەرنجیان خستوەتەسەر دۆزینەوەی هەلەکانی چاکسازیی لەهەردوو کەرتی بانکیی حکومی‌و تایبەت لەعێراقدا.

جەختیشیکردەوە، واشنتۆن کاردەکات بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی دارایی، پابەندبون بەڕێسا نێودەوڵەتییەکان‌و چەسپاندنی لێپرسینەوەی دامەزراوەیی.

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا ڕێککەوتون لەسەر ئەنجامدانی "وردبینییەکی گشتگیر" بۆ سەرجەم ئەو تۆمارو مامەڵە داراییە گوماناوییانەی پەیوەندییان بەدامەزراوە، کۆمپانیاو کەسایەتییەکانی عیراقەوە هەیە.

ئەو هەنگاوە ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە تێوەگلاون لە:
قاچاخچێتی‌و سپیکردنەوەی پارە
گرێبەست‌و پڕۆژە داراییە ساختەکان
دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکان


لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیه‌ندراوەکەیدا، ساڤایا ئاماژەی بەنزیکبونەوەی سزای نوێکردو وتی:"هەنگاوەکانی داهاتومان تاووتوێکردوە سەبارەت بەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو ئەکتەرو تۆڕە تێکدەرانەی کە زیان بەدەسپاکی دارایی‌و دەسەڵاتی دەوڵەت دەگەیەنن".

لەکۆتاییدا، مارک ساڤایا جەختی لەپتەویی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆن کردەوەو ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکانی نێوان عێراق‌و ئەمریکا، لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا، لەهیچ کاتێکدا بەئەندازەی ئەمڕۆ بەهێز نەبوە".