شارپرێس:
میدیاى به‌ریتانى ئامارێكى مه‌ترسیدار له‌باره‌ى ژماره‌ى قوربانیانى خۆپیشاندانه‌كانى ئێرانه‌وه ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "نزیكه‌ى 18 هه‌زار كوژراو‌و 360 هه‌زار برینداریش هه‌یه"، ده‌شڵێت، "له‌نێو برینداره‌كانیش، 700 بۆ هه‌زار خۆپیشانده‌ر به‌یه‌كجاریى چاوێكیان له‌ده‌ستداوه".
ڕۆژنامەی "زە سەندەی تایمز"ی بەریتانی لەزاری کارمەندانی هه‌شت نەخۆشخانەی گەورەو 16 بەشی فریاکەوتن لەسەرتاسەری ئێرانه‌وه ئاشكرایكردوه، ئەوان ئەو زانیاریانەیان لەکاتی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەدا کۆکردوه‌تەوە.
لەو ڕاپۆرته‌دا زانیاریى ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانه‌كان لەئێران لەنێوان 16 هەزار بۆ 18 هەزار کەسدا ده‌بێت، کە ئەو ئامارانە لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە کۆکراونەتەوە.
به‌گوێره‌ى ئەو ڕاپۆرتە، ژمارەی بریندارەکان لەنێوان 330 بۆ 360 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت کە لانیکەم 700 بۆ هەزار خۆپیشاندەر به‌یه‌كجاریى چاوێکیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا تەنها نەخۆشخانەی چاوی نور لەتاران، نزیکەی حه‌وت هەزار برینداری چاوی تۆماركردوه كه زیان به‌چاویان گه‌یشتوه.
ئەو ئامارانە لەکاتێکدا ئاشكراكران كه عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران شەممەى ڕابردوو بۆ یەکەمجار دانی بەوەدانا، هەزاران کەس لەکاتی خۆپیشاندانه‌كان کە لەکۆتایی مانگی کانونی دوەمدا سەریهەڵدا، کوژراون.
لەبەرامبەردا هۆلی داگریس هاوکارێکی باڵای ئینستیتیوتی واشنتۆن‌و شارەزای کاروباری ئێران ڕایگەیاند، دیپلۆماتکارێکی کە ناوی نەهێنراوە پێیڕاگەیاندوە، باڵیۆزخانەکەی ژمارەی کوژراوانی بەنزیکەی 12 هەزار کەس خەمڵاندوە.
لای خۆیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی کە بنکەکەی لەئەمریکایە، تائێستا سێ هەزارو 308 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان پشتڕاستکردوەتەوەو چوار هەزارو 382 حاڵەتیان لەژێر پێداچونەوەدان، ئەمە جگەلەوەی لانیکەم 24 هەزارو 266 حاڵەتی دەستگیرکردنیان تۆمارکردوە.
لەو چوارچێوەیەدا، وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران دوێنێ یەکشەممە ئاشكرایكرد، تائێستا هیچ سزایه‌كى له‌سێداره‌ن په‌یوه‌ند به‌خۆپیشاندانه‌كان دەرنەچوەو ئاماژەی بەوەکرد، ڕێوشوێنە دادوەرییەکان توند‌و درێژخایەنن.
سەرۆکی پەرلەمانى ئێران بەشێک لەبەشداربوانی بە "بەکرێگیراو" تۆمەتبارکرد کە پەیوەندییان بەمۆسادی ئیسرائیل‌و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکاوە هەیە.
ئەو لێدوانانە لەکاتێکدایە، عەلی ساڵحی داواکاری گشتیی تاران، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای ڕەتکردەوە کە بانگەشەی ئەوەدەکات، ئێران لەسێدارەدانی سەدان دەستگیرکراوی ڕاگرتوەو جەختی لەوەکردەوە، وەڵامدانەوەکە "یەکلاکەرەوەو ڕێگریکەر دەبێت".
هه‌روه‌ها خامنەیی هۆشداریداوه لەوەی، بەرپرسانی ئەوکارەی کە بە"ئاژاوەگێڕی" ناوی بردوە، لەسزا ڕزگاریان نابێت.
ناڕەزایەتییەکان لەکۆتایی مانگی کانونی دوەم لەدواى خراپتربونی قەیرانی ئابوریی‌و بەرزبونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان سەریانهەڵدا، پێشئەوەی فراوانترببن بۆ خۆپیشاندان دژی سیستەمی سیاسیی.
