چارەنووسی کورد لە سووریا؛ لە نێوان ڕێککەوتنی توانەوە و بژاردەکانی مان و نەماندا

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 99 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیروان عوبەید

مێژوو جارێکی تر کورد دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت؛ یان مانەوە بە کەرامەتەوە، یان توانەوە لەناو دەسەڵاتێکی نوێدا کە جەوهەرەکەی هیچی کەمتر نییە لەو ڕژێمانەی پێشوو کە خوێنی کوردیان ڕشتووە. ڕێککەوتنی ١٨ی ١ی ٢٠٢٦، تەنها واژۆکردنی پارچە کاغەزێک نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلیتیکی مەترسیدارە کە تێیدا دۆستەکان لەسەر مێزی بەرژەوەندی، کوردیان بە دوژمنە کۆنەکان فرۆشت. لێرەدا، بێ پەردە قسە لەسەر قۆناغی دوای ئیدارەی خۆسەر و ئەو کارتە فشارانە دەکەین کە هێشتا لەدەست کورددا ماون بۆ ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە.

ئەو ڕێککەوتنە سەپێندراوەی کە دوێنێی لەهەولێر؛ لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە و حکومەتی نوێی دیمەشق، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) ڕاگەیاندرا، نەک تەنها هەوڵێکی خیانەتارانەیە بۆ کۆتایهێنان بە پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری، بەڵکو مەترسییەکی بوونی خستووەتە سەرهەموو دەستکەوتەکانی کورد. پاشەکشەی خێرای هەسەدە لە ناوچەکانی دێرەزۆرو ڕەققە و ناچارکردنی بە ڕێککەوتنی "توانەوە" لەناو سوپای سووریادا، تەنها بە شکستێکی سەربازی لێک نادرێتەوە، بەڵکو دەرئەنجامی پیلانگێڕییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بوو کە لە ڕێگەی فشارەوە کوردیان ناچاری ئەم پاشەکشەیە کرد.

بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە ئاڵۆزەش، دەبێت لەو گۆڕانکارییانەوە دەست پێ بکەین کە لە ناوەندی بڕیاری هاوپەیمانە سەرەکییەکەی کورد واشنتۆن ڕوویاندا:

١. گۆڕانی ستراتیژی ئەمریکا؛ لە هاوپەیمانی سەربازییەوە بۆ سەودای سیاسی: هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە، دەرئەنجامی ئەو وەرچەرخانە توندە بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر سووریا، ئەوەی پێشترهۆشداریمان لەبارەیەوە دابوو کە لە سووریای دوای ئەسەد، ئەولەویاتەکانی واشنتۆن و ڕۆژئاوا دەگۆڕێن و کارتی کورد لاواز دەکەن. ئەم گۆڕانکارییە ئەوەی ڕوونتر کردەوە کە ترەمپ لە سوریادا بەدوای دیموکراسیدا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای سەقامگیرییەکی دروستکراوی هەرزاندا دەگەڕێت، تەنانەت ئەگەرلەسەرحیسابی سڕینەوەی هاوپەیمانە وەفادارەکانیشی بێت. ترەمپ کە وەک کۆمپانیەکی گەورە تەماشای سووریا دەکات، بەلۆژیکی قازانجی دەستبەجێ و کورتخایەن لەپێش هەرشتێکەوە مامەڵە دەکات" بۆیە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەبری پاراستنی هاوپەیمانەکەی و پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی کوردی، ئەو بەرژەوەندییەکانی لە یەکخستنەوەی سووریا لەژێر دەسەڵاتی شەرعدا دەبینێتەوە. ئامانجەکانیشی بریتیین لە: دابینکردنی دەستکەوت و ئاسایشی سنوورەکانی ئیسڕائیل. ڕازیکردنی تورکیا بە لەناوبردنی پڕۆژەی خۆسەری کورد. وەبەرهێنانی شەرعی لەڕێگەی شەرع لەکێڵگە نەوتییەکان. بنیادنانەوەی سووریا و کۆنتڕۆڵی سیستمی بانکی سوری. گوشار خستنە سەر پێگەی ڕووسیا لەسوریا، لەڕێگەی شەرعەوە. داخستنی تەواوی ڕێڕەوی سوریا-لوبنان لەبەردەم ئێران و نەگەیشتنی بە حیزبوڵڵا و لەناوبردنی پڕۆژە هیلالییه شیعییەکەی.ترەمپ هەموو ئەمانە لەژێر شیعاری شەڕی دژی داعش دەکات لەسوریا، لەکاتێکدا داعش لەناو ڕیزەکانی سوپای عەرەبی سووری جێگە و پێگەیان کراوەتەوە و بەبەرچاویاندا دێن و دەڕۆن. ئەمەریکای ترەمپ؛ ئەو بەرژەنەدییانەی خۆی لەپێش پڕەنسیپەکانی و ئەخلاقی سیاسی و هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدە دەبینێت؛ هەربەم شێوەیەش کە پێشبینیمان کردبوو، ئەمریکا بەکردەوە پشتی لە هەسەدە کرد و گوشاری توندیشی خستە سەرمەزڵوم عەبدی بۆ قبوڵکردنی ئەو ڕێککەوتنە سەپێندراوە لەگەڵ شەرع.

٢. هەڕەشەی بوونی تورکیا وهاوپەیمانی دیمەشق-ئەنقەرە..هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکی کە هەمیشە وەک شمشێرێک بەسەر سەری کوردەوە بووە. هەر لەسەرەتادا لەگەڵ هاتنە سەرکاری شەرع کە لەبنەڕەتدا دروستکراوی هەواڵگریی تورکەکان خۆیانە، هاوپەیمانییەکی نوێی نێوان دیمەشق و ئەنقەرەی دژ بە کورد پێکهێناوە؛ کە ئامانجی سەرەکییان لەناوبردنی هەموو ماف و دەستکەوت و بوونێکی سەربەخۆی کوردە. لەو ڕێکەوتنە سەپێندراوەدا هەسەدە لە نێوان دوو بەرداشدا مایەوە: یان دەبوو شەڕ لەگەڵ سوپای سووریا و تورکیادا بکات، بەبێ بوونی هیچ پاراستنێکی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا، یان ملکەچی ڕێککەوتنەکە بێت. ئەو ڕێکەوتنەی هیچ خاڵێکی تێدا بەدی ناکرێت کە کورد خۆی نووسیبێتی و بەژداری ڕاستەقینەی پێکرابێت. بەڵکو بەداخەوە، ئەوەی ڕاگەیندرا تەواو سەپێندراو بوو. بەواتایەکی تر زیاتر لەوە دەچوو نووسراوێک بێت کە لەلایەن ئەمەریکا، تورکیا و سوریا و چەند وڵاتێکی تری ئیقلیمی نووسرابێت و لە هەولێر خستیانە بەردەمی مەزڵوم حەبدی، کە تەنها بۆی هەبوو واژۆی لەسەربکات.

٣.کارتی عەشایەر؛ خیانەتێکی ڕێکخراو لە پشتەوە: پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر لە ناوچە عەرەبییەکان تووشی خەنجەری پشتەوە بوو. هەڵگەڕانەوەی عەشیرەتەکانی ڕەققە و دێرەزوور بەتەنها کاردانەوەیەکی خۆرسک نەبوو، بەڵکو پێدەچوو کە پاشخانێکی هەواڵگریی قووڵی هەبێت؛ تورکیا و حکومەتی شەرع توانیبوویان لە ڕێگەی پارە وهاندانی ناسیۆنالیستییەوە دژ بە کورد، بەشێکی زۆر لەو عەشیرەتانە ڕێکبخەن. ڕەنگە بەشێکیش لەوعەشیرەتانە کە ساڵانێک بوو لەگەڵ هەسەدەدا بوون لەترسی سزادان و تۆڵەکردنەوەی گرووپەکانی سەربە جۆلانی، پێش کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکەیان، پاڵیاندابێتە لای ڕژێم. کورت و کرمانج ئەمە وای لە هەسەدە کرد بۆ پاراستنی هێزەکانی و ڕێگریکردن لە شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیی، بە خێرایی ئەو ناوچە عەرەبییانە چۆڵ بکات. بەڵام ئەم پاشەکشەیە بە واتای کۆتایی هاتن نییە، بەڵکو گۆڕینی ستراتیژییەتە بۆ قۆناغی بەرگری لە ماڵە گەورەکە؛ لێرەوەیە کە چاوەکان هەمووی دەچنە سەر خاڵێکی یەکلاکەرەوە لەسەر نەخشەکە:

هێڵی تەماسی شەدادییە: دوا قەڵغانی پاراستن.. پاشەکشەی هەسەدە لە ڕۆژئاوای فورات و کۆکردنەوەی هێزەکانی لە ناوچەی حەسەکە، بەتایبەت لە دەوروبەری شەدادییە، خاڵێکی ستراتیژی و جێگەی پرسیارە. شەدادییە کە لەئێستادا وەک دوا هێڵی تەماسی ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی دیمەشق و هەسەدە دەبینرێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە شەدادییە دەروازەی باشووری پارێزگای حەسەکەیە و نزیکە لە کێڵگە نەوتییەکان و ڕێگای سەرەکی نێوان حەسەکە و دێرەزۆر. مانەوەی ئەم هێڵە بە واتای سەرەنج خستنە سەر پاراستنی ناوچە کوردییە سەرەکییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ دێت. بەو کارەش هەسەدە هەوڵ دەدات واز لە ناوچە عەرەبییەکان بهێنێ و بیانداتە دەست دیمەشق و لەبەرامبەردا، سەرنجی تەواوی لەسەر پاراستنی ناوچە کوردییەکان بێت. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە مەترسییەکە کۆتایی هاتووە. ئەگەر حکومەتی شەرع هەست بکات دەتوانێت بەهێز کۆنترۆڵی تەواوی ناوچە کوردییەکان بکات، ئەوا هێڵی شەدادییە دەشکێنێت. مەترسی گەورە لێرەدایە؛ ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەگەری زۆرهەیە پاکتاوی ڕەگەزی و تەفکیری گەورە دژبە کورد ئەنجام بدرێت. بەوپێیەی ئەحمەد شەرع، کە سەرەڕای گۆڕینی جلوبەرگی سەربازی بۆ دیپلۆماسی و گوتاری شیرین، هێشتا بەڕۆحێکی تیرۆریستیەوە هەنگاو دەنێت و سێبەری ڕابردووی خۆی وەک سەرکردەیەکی ئیسلامی توندڕەو بەسەرەوەیە. بەتایبەتی کە هێزەکەی پێکهاتووە لە پاشماوەکانی داعش، گرووپی عەشایەری و مورتەزەقەکانی سەربە تورکیا و شۆڤێنییەکانی عروبی، کە هیچ یاسا و دیسپلینێکیان نیە وهەمووشیان بەخوێنی کورد تینوون و بەدوای تۆڵەکردنەوە و تاڵانی و کۆمەڵکوژی کوردەوەن. بۆیە ئەگەر ڕێککەوتنەکە بشکێت و هێزەکانی شەرع هێرش بکەنە سەر شارە کوردییەکان، ئەوا کورد ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی ناسنامە و بوون دەبێتەوە. مەترسییەکەش لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە حکومەتی دیمەشق هەست بە لاوازی هەسەدە بکات یان بە تەواوی متمانەی بە بێدەنگی ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەبێت، و گڵۆپی سەوزی ئێستای ئەمەریکا بۆ شەرع بەردەوام بێت. ئەگەر جیهان چاوپۆشی لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە بکات و تەنها بە بەیاننامەی " دانبەخۆدابگرن"و سوریا وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە" وەڵام بداتەوە، ئەوا دوور نیە کارەساتی مرۆیی بێسود لەشارە کوردییەکاندا ڕوو بدات.

٤. ستراتیژی بەرگریی سەرتاسەری ئێستا وەک تەنها بژاردە: لەبەردەم ئەم واقیعە سەپێنراوەدا، کات بۆ گومان و دوودڵی نەماوە؛ تاکە بژاردەی بەردەست، خۆئامادەکردنە بۆ شەڕی مان و نەمان و کاراکردنی هەموو کارتەکانی فشار بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمە نەخشەڕێگایەکە کە دەبێت لە دوو ئاستدا جێبەجێ بکرێت:

ڕاگەیاندنی حاڵەتی ئامادەباشی و چەکدارکردنی گشتی: ٲ. کورد لەم قۆناغەدا پێویستی بەوەیە شارەکان بکاتە قەڵا. پێویستە لە بەرگریی کلاسیکیی سەربازییەوە بگوازێتەوە بۆ ستراتیژی گەلی شەڕکەر. چەکدارکردنی گشتی تەنها بۆ ناردنی خەڵک بۆ بەرەکانی جەنگ نییە، بەڵکو بۆ ڕێکخستنی هەموو تاکێکی کوردە لەناو گەڕەک و شارەکاندا بۆ بەرگری لە بوون و ناسنامەی خۆی. مێژوو سەلماندوویەتی کە سوپایەکی تینوو بە خوێن و تاڵانی وەک ئەوەی ئێستای شەرع، تەنها لەبەردەم ئیرادەی گەلێکی چەکداردا دەشکێت کە بڕیاری دابێت تەسلیم نەبێت. بۆیە بەرگری لێرەدا ئەرکێکی پیرۆزی نەتەوەییە نەک تەنها بژاردەیەکی سەربازی. کورد پێویستە بە هەمووهێزییەوە بەرگری بکات، چونکە ئەنجامی دۆڕاندنی ئەمجارە جگە لەوەی؛ کۆمەڵکوژییە، بەدەستی گرووپ و خێڵ و پاشماوەی تیرۆریستەکان و شۆڤێنی و مورتەزەقەکانی سەربە تورکیا، کە سوپای عەرەبی سووریان لێ پێکهێناوە. دەبێتە هۆی ملکەچکردنی زۆرەملێیانە و چەوسانەوە بۆماوەیەکی درێژ.

ب. کارتی گوشاری ئەخلاقی: ئەگەر جیهان هەر بەمجۆرەی ئێستا تەماشاکاری دۆخی ناهەمواری کوردبێت و بێ ویژدانانە بە ڕێککەوتن لەگەڵ "داعشەکانی دوێنێ" (کە ئەمڕۆ حوکمی دیمەشق دەکەن) کورد بفرۆشێت، ئەوا کورد پێویستە بە هەموو شێوەیەک گوشار بخاتە سەر بەرژەوەندییەکانی جیهان، بەتایبەتی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا. بۆ ئەوەش، بژاردەی کۆڕەوی ١٩٩١: وەک ڕێگەیەکی دەرچوون، کاتێک هێرشی تورکیا و گرووپەکانی دیمەشق بەردەوام بێت و جیهان بێدەنگ مایەوە. لەو دۆخەدا پێویستە کورد بە شێوەیەکی ڕێکخراو وەک کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان، بە گشتی بەرەو سنوورەکان بڕۆن. ئەمە بۆ ئەوەیە کە بە جیهان بڵێین: "ئێمە متمانەمان بە مانەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەم هێزانەدا نییە و ئامادەنین ببینە قوربانی بێدەنگی ئێوە." دەکرێ گوشارێکی ئەخلاقی گەورە دروست بکات بۆ پابەندکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاوا بە پاراستنی کورد و گەرەنتی کردنی مافەکانی.

ت. ڕاگەیاندنی نەمانی توانای پاراستنی کەمپەکان: مادام جیهان بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەرووی هەموو پڕەنسیپێکەوە داناوە و ئامادەیە کورد بکاتەوە قوربانی، بۆچی کورد ببێتە پۆلیس و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەوان؟ کاتێک کورد ڕووبەڕووی ستەم و بێمافی و هەڕەشەی بوون دەبێتەوە، ئاساییە کە هێزەکانی لە پاسەوانی کردنی تیرۆریستانی جیهان بکێشێتەوە بۆ بەرگریکردن لەخەڵک و شارەکانی خۆی. ئەمە ڕێگەیەکی هاوتای ئەخلاقی نێودەوڵەتی دەبێت بەرامبەر بەچاوپۆشی کردن لە فرۆشتن و بێمافی کورد و هەموو ئەو خوێنەی کە لەبری هەموو جیهان داومانە. هەرچەندە ئەمە بژاردەیەکی سەخت و ترسناکە، بەڵام لە دۆخی شەڕی مان و نەماندا، کاتێک جیهان کورد بە تەنیا جێدەهێڵێت، و بە کورد ڕەوا نەبینن بە ئازادی لەسەر ماڵ و خاکی خۆی بژیت، ئەم ڕێگەیە دەبێتە دواین کارتی گوشاربۆ پاراستنی بوونی کورد لەکاتێکدا لەسایەی نادادپەروەری و بێدەنگی جیهانەوە هیچمان نابێ لەدەستی بدەین.

ج. لەسەرووی هەموویانەوە یەکێتی ناوماڵی کوردی بپارێزن، کە لەئێستادا نەک پێویستیەکی زۆرە. بەڵکو هەمووانی لەسەر کەشتییەک داناوە و چارەنووسی ئەم کەشتیەش یان نقوم بوونە پێکەوە یان گەیشتن بە کەناری ئارامی پێکەوە. پێویستە تەواوی هێزە سیاسییەکانی کورد لە سوریا دەست بە مانۆڕێکی دیپلۆماسی توند و ڕاشکاوانە لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا بکەن بەتایبەت لەگەڵ کۆنگرێس. کورد پێویستە بە ڕوونی بزانێت ئەگەر ئێستا بەجێبهێڵدرێین، کە هێشتا هاوپەیمانیەتی داعشیان لەگەڵمان هەیە و سووریا یەکگرتوو نیە و بە دەوڵەتی کۆنە داعش بمانفرۆشن، ئەوا دوای چەند مانگێکی تر، کاتێک دەوڵەتی گرووپە تیرۆریستییەکان و ناسیۆنالیستی عەرەبی یەکیگرتەوە، پاکتاوکردنی کورد دەست پێدەکات و ئەمەریکا و ڕۆژئاوای دووفاقیش ئەوکات تەنها ئەوەی لێچاوەڕێ دەکرێت: "سوریا وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و ئەوان دەستووەردان لەکاروباری ناوەخۆی وڵاتەکەدا ناکەن." بۆیە کورد پێویستە ئەمڕۆ بڕیار بدات و ئامادەبێت بۆ قوربانییەکی گەورە و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە، تا جیهان ناچار بکات پابەند بێت بە ئەخلاقی مرۆیی و سیاسی خۆی بەرامبەر بە خوێنی ڕژاوی هەزاران شەڕڤانی کورد لەپێناو ئازدی شکۆمەندی خۆی و ئاشتی هەموو جیهان.

لەکۆتاییدا، دەبێت کورد ئەو ڕاستییە تاڵە قبوڵ بکات کە لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا ماف بە تەنها بەس نییە، ئەگەر هێزو یەکڕیزی ناوەخۆیی پشتیوانی نەکەن. ئەگەر ڕێککەوتنی توانەوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆمەڵکوژی و بێمافی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، ئەوا بێدەنگی جیهان پاساو نابێت بۆ بێدەنگی ئێمە. پێویستە دیمەشق و ئەنقەرە و واشنتۆنیش بزانن؛ کوردێک کە توانیبێتی داعش تێکبشکێنێت، تەسلیمی داعشێکی ڕووخسارگۆڕاو نابێت کە دەیەوێت بەناوی دەوڵەتەوە پاکتاوی بکات. بژاردەکانی بەردەممان ڕەنگە توند و پڕ لە قوربانی بن، بەڵام قوربانیدان بۆ ئازادی زۆر شکۆمەندانەترە لە مردنی لەسەرخۆ لەناو سێبەری ڕێککەوتنە سەپێنراوەکاندا. ئیتر یان یەکگرتن و بەرگری، یان سەد ساڵی تری چەوسانەوە.