نۆسترادامۆسی چین.. ئەو پڕۆفیسۆرەی مۆتەکەی واشنتۆن لەچیاکانی ئێراندا دەبینێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جیهان له‌چاوه‌ڕوانى گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کۆشکی سپیدایه‌، ناوی پڕۆفیسۆرێکی چینی-کەنەدی بەناوی (شیوکین جیانگ) وەک بومەلەرزەیەک ناوەندە سیاسییەکانی هەژاند، جیانگ کە بەنۆسترادامۆسی چین ناسراوە، نەک هەر پێشبینی گەڕانەوەی ترەمپی کردبوو، بەڵکو هۆشدارییەکی ترسناک دەداتە ئەمریکاو ده‌ڵێت، "خۆتان لەزۆنگاوی ئێران بەدوربگرن".


مێژوی دەرونی؛ چۆن داهاتوو دەبینێت؟
جیانگ تەنها شرۆڤەکارێکی ئاسایی نییە، ئەو پشت بەزانستێکی خەیاڵی دەبەستێت کە لەڕۆمانەکانی (ئیساک ئەسیمۆف) وەرگیراوە بەناوی (مێژوی دەرونی)، ئەو پێیوایە، مێژوو نەخشەیەکی دوبارەبوەوەیەو دەکرێت لەڕێگەی تێکەڵکردنی مێژوو و جوگرافیاوە، چارەنوسی ئیمپراتۆریەتەکان دیاریبکرێت.

سێ بزوێنەرەکە بەرەو جەنگ
به‌گوێره‌ى شیکردنەوەکانی جیانگ، واشنتۆن لەژێر فشاری سێ هێزی سەرەکیدایە کە بەرەو ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ تاران پاڵی پێوە دەنێن، ئه‌وانیش، یه‌كه‌م هەژمونی لۆبی ئیسرائیل (AIPAC) کە بڕیارە سیاسییەکانی ئەمریکا ئاراستە دەکات، دوه‌م، پاراستنی تاک جەمسەریی، ئه‌وه‌ش بریتییه‌ له‌هەوڵی واشنتۆن بۆ ڕێگریکردن لەهەر هێزێکی نوێ کە هەڕەشە لەباڵادەستی ئەمریکا بکات، سێیه‌میش، ئاگری ململانێ هەرێمییەکان، ئه‌مه‌ش خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌کێبڕکێی مێژویی نێوان جەمسەرەکانی ناوچەکە (ئێرانو سعودیە).

فەخی سیسیلیاو گۆڕستانی ئیمپراتۆریەتەکان
کاریگەرترین بەشی هۆشدارییەکەی جیانگ لەوەدا کورتدەبێتەوە کە ئەمریکا لەلێواری دوبارەکردنەوەی هەڵەیەکی کوشندەی مێژوییدایە، ئەو دەڵێت، "هەمان ئەو هەڵەیەی ئەسینای لەناوبرد کاتێک هێرشیکردەسەر سیسیلیا، ئەمریکاش دوبارەی دەکاتەوە".

ئەو پڕۆفیسۆرە ئاماژە بەوەدەکات، جوگرافیای ئێران (دیواری پاراستنی خوداییە)، چیا سەرکەشەکان‌و قوڵایی ستراتیژی ئەو وڵاتە وایکردوە کە هەر هێرشێکی وشکانی ببێتە خۆکوشتن، جیانگ دەشڵێت، "ئێران 20 ساڵە خۆی بۆ ئەم ساتە ئامادەکردوە، ئەوان تەنها جەنگ ناکەن، بەڵکو دوژمن ڕادەکێشنە ناو زۆنگاوێکی خوێناوییەوە کە کۆتاییەکەی ڕوخانی شکۆی ئەمریکایە".

مۆتەکەی وشکانی
لەکۆتا دەرکەوتنیدا، جیانگ پەیامێکی ڕونی بۆ کۆشکی سپی ناردو وتى، "نەناردنی هێزی وشکانی بۆ ناو ئێران تاکە ڕێگەی ڕزگاربونە، چونکە لەوێ هیچ سەرکەوتنێک بونی نییە، تەنها گۆڕستانی ئیمپراتۆریەتەکان چاوەڕێی سەربازەکانتان دەکات".

چاودێران پێیانوایه‌، تێڕوانینەکانی جیانگ زەنگێکی مەترسیدارن بۆ جیهان، چونكه‌ ئەو پێیوایە، مێژوو خۆی دوبارەدەکاتەوەو تەنها ئەوانە ڕزگاریان دەبێت کە دەتوانن لەوانەکانی ڕابردوو تێبگەن، ئێستاش واشنتۆن لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، یان دەبێت گوێ لەم هۆشدارییە مێژوییانە بگرێت، یان ئەوەتا جارێکی دیكه‌ ڕێگەی سیسیلیا دەگرێتەبەرو خۆی فڕێدەداتە ناو ئەو گۆڕستانە ستراتیژییەی کە جیانگ وەک کۆتایی هەژمونی ئەمریکا وێنای کردوە.

له‌سیسیلیا چى ڕویدا؟ وا پڕۆفیسۆره‌ چینی-کەنەدیه‌كه‌ باسیده‌كات؟
جیانگ ئەم نمونەیە بەکارده‌هێنێت بۆ شوبهاندنی هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران بەهێرشی یۆنانییە کۆنەکان (ئەسینا) بۆ سەر سیسیلیا لەساڵی 415ى پێش زایین، ئه‌ویش بریتى بوه‌ له‌هه‌ڵه‌ى ستراتیژى، ئەسینا کە هێزێکی گەورەی دەریایی بوه‌ ئه‌وكات، هێزێکی گەورەی نارد بۆ داگیرکردنی دورگەی سیسیلیا کە زۆر لەخۆیانەوە دوربوو، ئەگەرچی لەسەرەتادا وادیاربوو ئەسینا سەردەکەوێت، بەڵام بەهۆی دووریی ڕێگە، سەختیی خاکەکەو بەرگریی خەڵکەکەوە، هێزەکانیان دوچاری گەمارۆدان‌و شکستی کوشندەبون.

ئەو شکستە بوە هۆی لەناوچونی تەواوی کەشتیگەل‌و سوپای ئەسینا، کە لەکۆتاییدا بوە هۆی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ئەسیناو کۆتاییهاتنی سەردەمی زێڕینیان، بۆ ئه‌وه‌ش جیانگ دەڵێت، "ئەگەر ئەمریکا هێرشبکاتەسەر ئێران، هەمان چارەنوسی ئەسینای دەبێت، چونکە جوگرافیای سەختی ئێران‌و بەرگریی ناوخۆیی، سوپای ئەمریکا دەخاتە ناو هه‌مان دۆخى سیسیلیاو دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی هەیمەنەی جیهانیی ئه‌مریكا".

بەپەلە