شارپرێس:
لەکاتێکدا ناوچەکە لەژێر تەمومژێکی چڕی ئەمنیو سەربازیدا بوو، کۆماری ئازەربایجان وەک یەکەم وڵات بڕیاریدا دەرگای ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەڕوی ئێراندا بکاتەوە، ئەمڕۆ دوشەممە، بەفەرمی جوڵەی کاڵاکان لەسنورەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕون بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەپەیوەندییەکان دەبینرێت.
دوای هێرشو گرژییەکانی دوایی، بازرگانیی دەرەکیی ئێران توشی سستبونێکی کاتیی ببوو، زۆربەی وڵاتانی دراوسێ لەبەر مەترسییە ئەمنییەکان یان بارودۆخی ناوخۆیی، ئاڵوگۆڕەکانیان ڕاگرتبوو، بەڵام دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کاڵا لەلایەن ئازەربایجانەوە، نەک تەنها دەستکەوتێکی ئابورییە، بەڵکو پەیامێکی سیاسییە کە ئاسایشی بازرگانیی لەناوچەکەدا خەریکە دەگەڕێتەوە دۆخی پێشوو.
چاودێران پێیانوایه، کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکان بریتی دهبن لهبوژانەوەی بازاڕ، ئهویش گەیشتنی کاڵا ئێرانییەکان بۆ ئازەربایجانو بەپێچەوانەوە، دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی هەندێک لەپێداویستییە سەرەکییەکان کە لەم ماوەیەدا گران ببون، چاوەڕواندەکرێت دوای ئەم هەنگاوەی باکۆ، وڵاتانی وەک عێراق، تورکیاو ئەرمەنستانیش بەفەرمیو بەقەبارەیەکی گەورەتر بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران کارابکەنەوە.
چاودێران باس لهوهدهكهن، ئەو جوڵەیە هەناسەیەکی کەمێک لەسەرخۆ بەئابوریی ئێران دەبەخشێت کە لەژێر گوشاری توندی گرژییە ناوچەییەکاندایه، بهڵام ئهو پرسیارهش دهكهن، ئاخۆ ئەم دەستپێکردنەوەیە تەنها پەیوەندیی بەپێویستیی بازاڕەوە هەیە، یان ڕێککەوتنێکی سیاسیی پشتپەردەیە بۆ دورخستنەوەی سێبەری جەنگ لەناوچەکە؟ ڕۆژانی داهاتوو و قەبارەی ئاڵوگۆڕەکان وەڵامی ئەمە دەدەنەوە.
