هێزى ئاسمانیی بەریتانیا لەئاسمانی عێراق هێرشێكى درۆنیى ئێران تێكده‌شكێنن

عیراق

08/03/2026‌ 1553 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاشكرایده‌كات، شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانیان هێرشێکی درۆنییان تێکشکاندوە کە لەئێرانەوە ئاراستەی خاکی عێراق کرابون.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتى به‌رگریى به‌ریتانیا، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (Typhoon)و (F-35)ی سەر بەهێزی ئاسمانی شاهانە (RAF)، لەکاتی ئەنجامدانی گەڕی بەرگریی لەناوچەکەدا، توانیویانە درۆنێکی خۆکوژ پێش گەیشتن بەئامانجەکەی تێکبشکێنن.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەریتانیا بڕیاریداوه‌ هێلیکۆپتەرێکی جۆری (Merlin) ڕەوانەی ناوچەکە بکات، ئەم هێلیکۆپتەرە کە بەچاوە تیژەکانی ئاسمان دادەنرێت، توانای هەیە لەبەرزیی یەک میلەوە بفڕێت‌و سیستەمێکی پێشکەوتوی هەیە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی هەر هەڕەشەیەکی درۆنی یان موشەکی، ئەمەش پارێزبەندییەکی زیاتر بەهێزەکانی هاوپەیمانان دەبەخشێت".

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لەهەڵکشاندایەو بەریتانیاش جەخت لەبەردەوامیی گەڕە ئاسمانییەکانی دەکاتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی‌و ڕێگریکردن لەهەر دەستدرێژییەک کە ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.