مەترسی بەکارهێنانی توندڕەوەکانی سوریا لەشەڕی عێراق و لوبناندا هەیە

ڕاپۆرت

08/03/2026‌ 789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: کەنداڵ جودی

بەرپرسی پێشووی کەمپی هۆڵ ڕایگەیاند کە 1800 خێزانی جیهادییە توندڕەوەکانی داعش لەو کەمپەدا بوون کاتێک حکومەتی دیمەشق هێرشی کردە سەر کەمپی هۆڵ و هەموویان هەڵاتوون. 

شارەزایەکی گروپە تیرۆریستیەکان ڕایگەیاند، ژمارەی توندڕەوەکانی داعش ئێستا لەسوریا 40  هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

 لە لایەکی دیکەوە دەوترێت کە چەکدارە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع خۆیان بۆ چوونە ناو لوبنان و عێراق ئامادە دەکەن. 

حکوومەتی دیمەشق لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەمپی هۆڵیان لە شاری حەسەکە بەتەواوی داخستووە و کەسانی کەمپی هۆڵ گواستراونەتەوە بۆ کەمپێکی شاری ئەختەرین لە پارێزگای حەلەب.

 لەهەمان کاتدا حکومەتی دیمەشق هێزەکانی هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە کەمپی هۆڵ کشاونەتەوە، بەبێ ئەوەی حکومەتی دیمەشق ئاگادار بکەنەوە.

 هێزەکانی هەسەدە وەڵامی حکومەتی دیمەشقیان دایەوە و ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشی هێزەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر کەمپی هۆڵ و بێدەنگی نێودەوڵەتی و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە شەڕێکی ئاشکرا لە کەمپەکەدا، ناچار بوون هێزەکانیان لە ناوچەی دەوروبەری کەمپی هۆڵ بکشێننەوە. 

کەمپی هۆڵ لە ساڵی 2016 لەگەڵ فراوانبوونی شەڕی داعش کرایەوە و لە ساڵی 2019 بە شکستی داعش ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی داعشی تێدا نیشتەجێکران، و ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە 60 کەس هەزار کەس. 

کەمپی هۆڵ لە جیهاندا بە بۆمبێکی کاتیی مەترسیدار ناوزەد کرابوو، چونکە خێزانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدابوو و نەوەیەکی نوێ لەسەر بنەمای بیری داعش لەو کەمپەدا ئامادە بون. 

 سروشتی هێرشەکانی سەر کەمپی هۆڵ و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە کەمپەکەیان دەپاراست، پرسیاری زۆر دەوروژێنێت. 

مەبەست لە چۆڵکردنی خێزانە جیهادییەکانی داعش چی بوو و چەندیان لە کەمپەکەدا بوون و بۆچی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێدەنگ بوو و ئیدارەی کەمپەکە ئاگادار دەکاتەوە کە تەسلیمی بکات؟ ئایا داعش لە ناوچەکەدا خۆی ڕێکدەخاتەوە؟ 
لەوبارەیەوە جیهان حەنان، بەڕێوەبەری پێشووی کەمپی هۆڵ، بە شارپرێسی ڕاگەیاند کە هیچ هەماهەنگی و پەیوەندییەک لە نێوان ئیدارەی کەمپی هۆڵ و حکومەتی دیمەشقدا نەبوو بۆ تەسلیمکردنی کەمپەکە. 

سەبارەت بە پرسیاری "ئایا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هێرشەکەی دیمەشق بۆ سەر کەمپەکە ئاگادارکرا یان پاڵپشتییان کرد بۆ ئەوەی خێزانەکانی ناو کەمپەکە نەچنە دەرەوە"، جیهان حەنان ڕایگەیاند: "بەداخەوە لەکاتی هێرشەکاندا هیچ پاڵپشتی و وەڵامێکمان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەرنەگرت، بۆیە هێزەکان ناچاربوون لە کەمپەکە بکشێنەوە و دۆخێکی ئاڵۆز سەریهەڵدا و زۆربەی خێزانە جیهادییەکان هەڵاتن". 

دەشڵێت، ژمارەی خێزانه جیهادییەکانی کەمپی هۆڵ 1800 خێزان بوون له کاتی هێرشەکەدا، جیهادییەکانی داعش کە خەڵکی عێراق و سوریابوون 6639 بوون. بەگشتی 23407 کەس لە خێزانە جیهادیەکانی داعش خەڵکی زیاتر لە 40 وڵات بوون". 

لە کۆتایی قسەکانیدا، جیهان حەنان، بەرپرسی پێشووی کەمپی هۆڵ ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی کەمپەکەیان بەجێهێشت، خێزانە جیهادییە توندڕەوەکان کەمپەکەیان بەجێهێشت و نازانن بە چ ئاراستە و ناوچەیەکدا ڕۆیشتوون. 

ئێستا پرسیار ئەوەیە  مەترسیدارترین جیهادی و خێزانەکانی داعش لە جیهاندا بەرەو کوێ چوون؟ هەروەها بۆچی حکومەتی دیمەشق ڕێگەی پێداون بچنە دەرەوە و ئێستا لە کوێن؟

سەبارەت بەم بابەتە، ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی گروپە تیرۆریستییەکان زانا عومەر بۆ شارپرێس، سەرنجی بۆ چۆڵکردنی کەمپی هۆڵ بەم شێوەیە ڕاکێشا و وتی: شێوازی چۆڵکردنی کەمپی هۆڵ وەک هەموو ئەو بارودۆخانە وایە کە لە سوریا ڕوودەدەن، بەتایبەتی ئەو شێوازەی کە جیهادییەکان هاتوونەتە سەر حکوم لە دیمەشق. دوای هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە پاڵمیرا لە کاتێکدا لەگەڵ هێزی دیمەشق بون، ڕوون بوو کە دۆخی سوریا بە تەواوی لەلایەن پنتاگۆنەوە هەڵسەنگێنراوەتەوە، زۆربەی گروپە توندڕەوەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق خێزانەکانیان لە کەمپی هۆڵدا بوون و لە ئەنجامدا  کەمپی هۆڵ چۆڵکرا. 

ئایا بێدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بە چۆڵکردنی کەمپی هۆڵ چی بوو؟ زانا عومەر وتی: ڕوونە کە ڕادەستکردنی کەمپی هۆڵ بە حکومەتی دیمەشق و چۆڵکردنی گونجاوترین و ئاسانترین چارەسەرە بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاری سەرەکی لە چۆڵکردنی کەمپی هۆڵ حکومەتی دیمەشقە، لەبیرمان نەچێت کە لە ئێستاوە کەمپ بۆ خێزانەکانی داعش لە عەزاز و ئیدلب و ناوچەکانی تردا هەیە بۆیە دوای هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە پاڵمیرا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە سوپای حکومەتی دیمەشق ناتوانێت لەشەڕی داعش هاوکاربێت.

هۆکارێکی دیکەی بێدەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ترەمپ و تۆم باراک نوێنەرەکەی بۆ ڕادەستکردنی مەلەفی سوریا بە شەرع و تورکیا و سعودیە بەگشتی. 

عومەر ڕایگەیاند، دوای چۆڵکردنی کەمپی هۆڵ، داعش لە پرۆسەیەکی زۆر بەهێزدایە لە سوریا وتیشی "ژمارەی داعش ئێستا لە سوریا زیادیکردووە و زۆرێک لە گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق نزیکن لە داعش، بۆیە دەتوانین بڵێین ژمارەی داعش 30 بۆ 40 هەزاری تێپەڕاندووە. ستراتیژی داعش لەم کاتەدا ئەوەیە کە بە شێوەیەکی شەرعی لە ژێر چاودێری وەزارەتی بەرگری و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق کار بکات. لە ئەنجامدا سوریا بووەتە مەترسیدارترین شوێنی جیهان، بە واتایەکی تر لە ئەفغانستان خراپتر بووە. ئێستا مەترسییەکی تر هەیە کە دوای کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا، لەژێر پەردەی شەڕی داعش، تورکیا، سعودیە و ئوردن دەستوەردانی سەربازی لە سوریا بکەن، ئەمەش دۆخی سوریا زۆر خراپتر دەکات و ململانێکان زیاتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی شرۆڤەکاران، ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی گروپە چەکدارەکان بۆ لوبنان و عێراق بۆ شەڕکردن لەگەڵ شیعەکان.