له‌سعودیه‌وه‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك داڕێژراو پەیامێکی توند ئاراسته‌ى تاران ده‌كرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1902 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر سێبەری گرژییەکانی ناوچەکەو دوای زنجیرە هێرشه‌كانى ئێران بۆسه‌ر وڵاتانى كه‌نداو، قەوارەی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو لەکۆبونەوەی ڕاوێژکاریی نۆزدەهەمی خۆیاندا لەشاری جه‌دە، قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشیان ڕاگەیاند، ئەم لوتکەیە کە بەبانگهێشتی شای سعودیەو سەرۆکایەتی شازادە محەمەد بن سەلمان بەڕێوەچوو، تەنها کۆبونەوەیەکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو گۆڕینی ئاراستەی ستراتیژیی وڵاتانی ناوچەکە بوو بەرەو بەرگرییەکی بەکۆمەڵ‌و سەربەخۆیی ئابوریی.


جاسم ئەلبدیوی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنەکە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، دەستدرێژییەکانی ئێران بۆسەر دامەزراوە مەدەنییەکانی وڵاتانی کەنداوو ئوردن، بێ متمانەییەکی قووڵی دروستکردوە.

سەرکردەکان جەختیانکردەوە، پاراستنی ئاسایشی کەنداو پەیکەرێکی لێکنەپچڕاوە، هەر هێرشێک بۆسەر وڵاتێکی ئەندام، بەهێرش بۆسەر هەموان ئەژمار دەکرێت، لێرەوە پەیامەکە بۆ تاران ڕونبوو وترا، "بۆ گەڕانەوەی متمانە، پێویستە ئێران هەنگاوی کردەیی بنێت‌و ڕێز لەسەروەریی دەوڵەتان بگرێت".

لەڕوی سەربازییەوە، لوتکەکە بڕیاری خێراکردنی پڕۆژەی سیستەمی پێشوەختەی ئاگادارکردنەوە دژ بەموشەکی بالیستی دەرکرد. ئەمەش وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو هێرشە درۆنی‌و موشەکییانەی کە لەماوەی ڕابردودا ئاسایشی ناوچەکەیان هەژاند، هەروەها، ستایشی ئاماده‌باشى ئازایەتی هێزە چەکدارەکانی کەنداو کراوه‌ کە توانیویانە بەلێهاتوییەوە بەرپەرچی هەڕەشەکان بدەنەوە.

سەرباری ئاڵۆزییە سیاسییەکان، سەرکردەکانی کەنداو نەخشەڕێگەیەکی ئابورییان کێشا کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکانە، بۆ نمونه‌ خێراکردنی کارەکان بۆ بەیەکەوەبەستنی وڵاتانی ئەندام لەڕێگەی شەمەندەفەرەوە، هه‌روه‌ها دەستپێکردنی پڕۆژەی بۆری گواستنەوەی نەوت‌و غاز لەنێوان وڵاتان‌و بەستنەوەی تۆڕە ئاوییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر بارێکی نائاسایی‌و تەواوکردنی پڕۆژەی گەورەی کارەبای هاوبەش‌و دروستکردنی ناوچەی تایبەت بۆ کۆگاکردنی خۆراک‌و پێداویستییە سەرەکییەکان.

لوتکەکە بەتوندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی ئێرانی کرد بۆ داخستنی گەروی هورمز یان سەپاندنی باج بەسەر کەشتییەکاندا، سەرکردەکان داوایانکرد بارودۆخی گەروەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش 28ی شوبات‌و ئازادی دەریاوانی پارێزراوبێت، چونکە ئەمە نەک تەنها بۆ ناوچەکە، بەڵکو بۆ ئاسایشی وزەی جیهانیش گرنگییەکی ژیانیی هەیە.

لوتکەی جه‌دە نیشانیدا کە وڵاتانی کەنداو چیتر چاوەڕێی چارەسەری دەرەکی ناکەن، ئەوان بەئاراستەی خۆبژێوی لەوزە، ئاوو بەرگریی سەربازی هەنگاو دەنێن، لەکاتێکدا دەرگای دیپلۆماسییەتیان وەک بژاردەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ بەکراوەیی هێشتوه‌تەوە، بەو مەرجەی متمانەو ڕێزی به‌رامبه‌ر بنەما بێت.