ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مریكا ده‌ستى تره‌مپ به‌كراوه‌یى ده‌هێڵێته‌وه‌

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1307 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی سیاسیی نوێدا، کۆمارییەکان لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا توانییان بەربەست بۆ پڕۆژەبڕیارێکی دیموکراتەکان دروستبکەن کە ئامانج لێی کۆتوبەندکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ بوو بەرامبەر کوبا، دیموکراتەکان داوایاندەکرد سەرۆک نەتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرێس بەردەوامبێت لەگەمارۆی وزەو هەر هەنگاوێکی سەربازیی دژ بەو وڵاتە.


دەنگدانەکەی دوێنێ سێشەممە تەنها پەیوەست نەبوو بەکوباوە، بەڵکو کێبڕکێیەکی توندبوو لەسەر یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ، کۆمارییەکان بەپاساوی ئەوەی ئەمریکا لەدۆخی دوژمنایەتی ڕاستەوخۆدا نییە لەگەڵ کوبا، پڕۆژەکەیان بە 51 دەنگ بەرامبەر 47 دەنگ ڕەتکردەوە، ئەمەش نیشانەی پاڵپشتی بەردەوامی کۆمارییەکانە بۆ بڕیارە تاکلایەنەکانی ترەمپ لەململانێ نێودەوڵەتییەکانی وەک ئێران، ڤەنزوێلاو کوبا.

تیم کەین، سیناتۆری دیموکرات‌و پێشکەشکاری پڕۆژەکە، وێنەیەکی تراژیدیی دۆخی کوبای کێشا، ئەو ڕایگەیاند، "گەمارۆکانی ئەمریکاو وەستانی بارە نەوتەکانی ڤەنزوێلا، کوبایان ڕوبەڕوی تاریکی‌و تینوێتی کردوەتەوە، ملوێنەها کەس لەئاوی پاکی خواردنەوە بێبەشن‌و کەرتی تەندروستی خەریکە دادەڕمێت، ئێمە بەکردەوە لەجەنگداین لەگەڵ کوبا، چونکە هێزی دەریاوانی بۆ گەمارۆدانێکی وێرانکەر بەکاردێنین".

لەبەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ هەفتەی ڕابردوو بەڵێنی "بەرەبەیانێکی نوێ"ی بۆ کوبا داو ئاماژەی بەوەکرد، دوای پرسی ئێران، سەرنجی تەواوی دەخاتە سەر ئەو دورگەیە.

ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، فشارەکان بۆ کۆتایهێنانە بەسەرکوتکاری سیاسیی‌و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیی، لەم چوارچێوەیەدا، ڕیک سکۆت سیناتۆری کۆماری دیموکراتەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی چاوپۆشی لەپێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکەن لەکوباو جەختیکردەوە، "پێویستە هەموان پشتگیریی ترەمپ بکەن بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی بۆ ئەمریکای لاتین".

لەکاتێکدا دیموکراتەکان هەوڵدەدەن لەڕێگەی یاسای ساڵی 1973وە ڕێگریی لەسەرکێشییە سەربازییەکانی ترەمپ بگرن، کوبا لەنێوان بەرداشی گەمارۆکانی ئەمریکاو قەیرانی ناوخۆییدا دەناڵێنێت، وەک پیتر وێڵش، سیناتۆری دیموکرات دەڵێت، "کاتی ئەوەهاتوە واشنتۆن‌و هاڤانا ڕێگەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە بدۆزنەوە، نەک پەرەپێدانی ململانێ".