شارپرێس:
لەهەنگاوێکی دیپلۆماسیی مێژوییدا، شا چارلزی سێیەم شای بەریتانیا، لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا وتارێکی پێشکەشکردو تێیدا جەختی لەگرنگیی بەردەوامیی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە وەک دڵی ناتۆ.
ئەم وتارە لەکاتێکی هەستیاردا دێت کە پەیوەندییەکانی نێوان لەندەنو واشنتۆن بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لەناتۆو ناکۆکییەکانی پەیوەست بەئێران، گرژیی تێکەوتبوو.
شا چارلز بەڕونی ئاماژەی بەوەکرد، پابەندییو لێهاتویی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەناوەندی ناتۆدا كاریگهرهو پارێزگاری لەهاوڵاتیانی هەردوو کیشوەری ئەوروپاو ئەمریکای باکور دەکات.
ئەم قسانە وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ لێدوانەکانی ترەمپ بینران کە پێشتر وتبوی بەجدی بیر لەکشانەوە لەهاوپەیمانێتییەکە دەکاتەوە.
لەبەشێکی دیكهى وتارەکەیدا، شا چارلز ئاماژەی بەو هێرشە چەکدارییە کرد کە ڕۆژی شەممە لەکاتی مێزگردی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا ڕویداو هێرشبەرەکە کە بەناوی (کۆڵ تۆماس ئالن) ناسراوە، هەوڵیدابوو بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بکاتە ئامانج، لهو ڕوهشهوه شا وتی، "بەبێ گوێدانە جیاوازییەکانمان، ئێمە یەکگرتوین لەپابەندبونمان بەپاراستنی دیموکراسیو پاراستنی گەلەکەمان لەهەر زیانێک".
ئەم سەردانەی شا و شاژنە کامیلا هاوکاتە لەگەڵ یادی 250 ساڵەی ئیمزاکردنی جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمریکا، شا بەشێوازێکی زیرەکانە ئاماژەی بەناکۆکییەکانی ساڵی 1776 کردو وتی، "پرەنسیپی هیچ باجێک بێ نوێنەرایەتی نابێت کە کۆنگرێسی لەسەر دامەزرا، جارێک خاڵی ناکۆکیبوو لەنێوانمان، بەڵام ئێستا بەهایەکی دیموکراسیی هاوبەشە".
پێش وتارەکە، مشتومڕێکی زۆر هەبوو سەبارەت بەوەی ئایا شا ئاماژە بەدۆسیەی جێفری ئێپستین دەکات یان نا، ئەگەرچی بەناو ناوی نەهێنا، بەڵام ئاماژەی بە "پشتگیریکردنی قوربانیانی ئەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتییانە کرد کە بەداخەوە لەهەردوو کۆمەڵگەکەماندا هەن"، کە چاودێران بەئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسیو دۆسیە گەرمەکانی ئەمدواییەیان لەقەڵەمدا.
ترەمپ لەمیانی پێشوازیکردن لەشا، بەریتانیای بەنزیکترین دۆست ناوبرد، بەڵام لەهەمانکاتدا چەندینجار ناوی وینستن چێرچڵی هێنایەوە، کە وەک ڕەخنەیەک لەکیهر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لێکدرایەوە، ترەمپ پێشتر ڕەخنەی لەستارمەر گرتبوو کە هاوشێوەی چێرچڵ نییەو نەیویستوە بەشداریی لەهەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بەئێران بکات.
ئەم وتارەی شا چارلز، کە دوەم پاشای بەریتانیایە وتار لەکۆنگرێس پێشکەشبکات (لەدوای شاژنە ئەلیزابێسی دایک لە1991)، وەک هەوڵێکی گەورە بۆ ئاشتەواییو نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو زلهێزە مێژوییە دادەنرێت.
