شارپرێس:
سهرۆكى پارتى ئازادى كوردستان (پاك) ئامادهیى خۆیىو هێزهكهى ڕاگهیاند، بۆ چونه ناو ڕۆژئاواى كوردستان، دهشڵێت، "بهپهلهو بێ دواكهوتن دهكهوینه گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پهیوەندییدارەکان بۆ چۆنییەتی پەڕینەوەو گەیشتن بەهێڵەکانی بەرگریی ڕۆژئاوای نیشتمان".
حسێن یەزدانپەنا سهرۆكى پارتى ئازادى كوردستان (پاك)و هاوكات فەرماندەی گشتیی سوپای میللیی کوردستان ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردهوهو دهڵێت، "ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد! ڕۆژاوای کوردستان لەسێبەری ڕێککەوتنو پیلانێکی نێودەوڵەتی لەچەشنی ئۆکتۆبهری 2017ی باشووری کوردستان؛ کەوتوەتەبەر هەڕەشەی پەلامارو قڕکردن".
دهشڵێت، "دیمەشق داخی شورەیی دۆڕاندنی ڕوبەرێکی زۆری خاکی سوریا بەئیسرایل، بەکورد دەڕێژێو بەنیازە ئابڕوی تکاوی، بەڕژانی خوێنی کورد بکڕێتەوە، وا دیارە تۆم باراکی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، دەربەستییو بەرپرسیارێتیو بایەخە ئەخلاقییەکانی بەکۆمەڵێک بەرژەوەندیی گۆڕییوەتەوە کە لەکۆتاییدا ناوبانگی وڵاتەکەشی خەوشدار دەکات".
یهزدانپهنا ئهوهشى وتوه، "کەوتنو داگیرکرانی ڕۆژئاوای کوردستان، بێجگەلەوەی دۆخی قەڵاچۆی کورد پێکدێنێ، ئاسایشی نەتەوەیی کورد دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە لەم چرکەساتەدا، تەنها ڕێگهی بەرپەرچەدانەوە، جارێکی دیکەش بەرەنگارییو بەرخۆدانی نەتەوەیی یان کوردستان یان نەمانو نارەتەی دلێرانەی ئەی ڕەقیبە!".
لهكۆتاییشدا جهختدهكاتهوه، "هەربۆیە بڕیاری سوپای میللیی کوردستان بۆ بەشداریی لەهەڵگرتنی ئەو ئەرکە نەتەوەییە ڕادەگەیەنم، فەرماندەیی سپای میللیی کوردستان بەپەرۆشەوە بەپەلەو بێ دواکەوتن دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پهیوەندییدارەکان بۆ چۆنێتی پەڕینەوەو گەیشتن بەهێڵەکانی بەرگریی ڕۆژئاوای نیشتمان".
