شارپرێس:
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، دەڵێت، هێرشە فراوانەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پلانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پشتیوانی گرووپە چەتەکان، بە ئامانجی لەناوبردنی تەواوەتی گەلی کورد لە هەموو بەشەکان دەستی پێکردووە.
پژاک لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، هێرشەکانی دەوڵەتی جۆلانی بۆ داگیرکردنی تەواوەتی ڕۆژاوا و تێکدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە، هێزە داگیرکەرەکان دەیانەوێت ڕێگری لە ئازادی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرن، تاوەکو بۆ سەدەیەکی دیکە کورد لە مافەکانی بێبەش بکەن و لە ڕێگەی گۆڕینی دیمۆگرافیاوە، کۆمەڵکوژی و قڕکردنی کولتووری ئەنجام بدەن.
دەشڵێت، داوا لە گەلی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان و ئەوروپا و هەموو جیهان دەکەین، کە لەگەڵ گەلانی دۆست بەشداری لە سەفەربەری گشتیدا بکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە، چونکە ئەم شەڕە تەنها دژی کورد نییە، بەڵکو زیان بە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت و ڕێگرە لەبەردەم شۆڕشی گەلان و ئازادیخوازانی ناوچەکە.