ڕێپێوانى فراوان به‌ره‌و ڕۆژئاوا ده‌ستپێده‌كات.. سلێمانى كاتژمێر یه‌ك به‌ڕێده‌كه‌وێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێپێوانى فراوانى هاونیشتمانیانى باشور به‌ره‌و ڕۆژئاواى كوردستان چوه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌،  له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئەنجومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتیانی باشور ده‌ڵێت:"لەم چرکەساتە مێژوییەدا گەلەکەمان لەڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی‌و پرۆسەی قڕکردن‌و کۆمەڵکوژیدایە".


ئەنجومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتیانی باشور له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت، "هاونیشتیمانیانی خۆشەویست، بەمەبەستی ڕێپێوان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان، داواتان لێدەکەین کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ، لەبەردەمی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی دەرگای سەرەکی بەرامبەر زانکۆی ئەمریکی ئامادەبن تا پێکەوە ڕێپێوانەکە بەرەو سنور ئەنجامبدەین، داواکارین گشت شارو شارۆچکەکان ئامادەسازیی بکەن‌و بەشداربن".

یەکێک لەڕێکخەرانی رێپێوانەکە بەشارپرێسی وت، "هەموو ئامادەکارییەک کراوەو پاس ئامادەکراوە بۆ چونە ڕۆژئاواو هەموو ئەوانەی دەخوازن بەشداربن، دەتوانن کاتژمێر یه‌ك لەبەردەم که‌مپی زانکۆدا ئامادەبن".

شه‌وى ڕابردوش ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ڕایگه‌یاندبوو، "لەژێر دروشمی یان بەیەکەوە دەژین، یان بەیەکەوە دەمرین، داوا لەسەرجەم چین‌و توێژەکان دەکەین، لەهەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێم‌و ناوچە دابڕاوەکان، خۆیان سازو ئامادەبکەن بۆ ڕێپێوانێکی جەماوەری بەرەو ڕۆژئاوا".

ئه‌نجومه‌نى سه‌رتاسه‌رى هاوڵاتیانى باشور ڕاشیگه‌یاندوه‌، "لەم چرکەساتە مێژوییەدا گەلەکەمان لەڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی‌و پرۆسەی قڕکردن‌و کۆمەڵکوژیدایە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوا لەهەموو حزبەکان ده‌كه‌ین، بەدەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنەوە، بەشێوەیەکی فراوان بەشدارو پشتیوانی چالاکییەکەبن، داواش لەمیدیاکان ده‌كه‌ین لەچوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا ببنە بەشێک لەو چالاکییە جەماوەرییە".