شارپرێس:
ئەمڕۆ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای سەركۆنەكردنی هێرشەكانی حكومەتی سوریا بۆ سەر كوردان، سەركۆنەی بێدەنگبونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانیان كردو داوایان لەحكومەتی هەرێم و عێراق كرد دەروازەكانیان بۆ واڵا بكەن تا بەدەم كوردانی ڕۆئاواوە بچن.
جەمیل هەورامی، ئەندامی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانەكانی كوردستان و نوێنەری كۆمەڵەكە ڕایگەیاند،" هێرشی دڕاندانەو ناڕەوای گروپە چەكدارەكانی بەرەی نوسرەو داعشو تەحریر شام-ی سەر بەسوپای سوریا ئیدانە دەكەن و وتی،" بەفەرمانی ئەبو محەمەد جۆلانی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان ئیدانەو شەرمەزار دەكەین".
ئەوەشی دوپاتكردەوە، كە جارێكی دیكە گەلی كورد لەڕۆژئاوای كوردستان كەوتە بەر هێرشێكی دڕاندانەی گروپە چەكدارەكانی سوپای نوێی سوریا كە پێكهاتون لەبەرەی نوسرەو داعشو تەحریر شام بەفەرمانی ئەحمەد شەرعی ئەمڕۆو ئەبو محەمەد جۆلانی دوێنێ.
كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان جەختیان كردەوە، ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانیمانە ئەوەیە، ئەو هێرشە دڕندانەیەی ئەمڕۆ دەكرێتەسەر خوشكانو برایانمان لەڕۆژئاوا، بەبەرچاوی هاوپەیمانەكانی دوێنێمانەوە ئەنجامدەدرێتو ئەویش هیچ هەڵوێستێكی نییە.
لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتیشیان،" شەرڤانان و كوردانی ڕۆژئاوا ماوەی 14ساڵە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان شەڕ دژی داعش دەكەن، بەڵام بەبەرچاوی ئەوانەوە گەلەكەمان جینۆساید دەكرێن كەئەمە جێگەی قبوڵكردن نیە".
سەركۆنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیان كردو وتییان،" لەبەرامبەر ئەو بێدەنگیانەیانو داوادەكەین فشار بخاتەسەر شەرع بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارانە".
داوایەكى بەپەلەشيان ئاراستەی هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان كرد تا دەروازە سنورییەكانیان بۆ واڵا بكەن بۆ ئەوەی بەهانای خوشكو براكانایان لەڕۆژئاوای كوردستانەوە بچن.
