حەماس‌و واشنتۆن لەسەر ڕادەستکردنی چەک‌و تونێلەکان دەگەنە ڕێککەوتن‌و ئیسرائیلیش نیگەرانە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی سەرچاوە عەرەبییەکان، ڕێککەوتنێک لەنێوان بزوتنەوەی حەماس‌و ئیدارەی ئەمریکادا هەیە، کە به‌گوێره‌ى ئەوە، حەماس چەکەکانی‌و نەخشەی تونێلەکانی غەززە ڕادەستدەکات لەبەرامبەر قبوڵکردنی وەک پارتێکی سیاسی کە هێرشی نەکرێتەسەر.


ئەم تێگەیشتنانە ڕێگەدان بەچونە دەرەوەی سەرکردە سیاسیی‌و سەربازییەکانی حەماس لەکەرتی غەززە دەگرێتەوە، لەگەڵ بەڵێنی ئەمریکا بۆ پاراستنیان لەئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لەداهاتودا.

هەروەها باس لەوەکراوە، واشنتۆن کاردەکات بۆ تێکەڵکردنی هەندێک لەکارمەندانی پۆلیس‌و فەرمانبەرانی پێشوی حەماس لەناو بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکەی غەززە، بەمەرجێک پشکنینی ئەمنیی ئیسرائیلی‌و ئەمریکییان بۆ بکرێت.

لەبەرامبەردا، ئیسرائیل تێبینی‌و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەسەر ئەم ڕێککەوتنانە هەیە، بەتایبەتی دەربارەی مانەوەی حەماس وەک هێزێکی سیاسیی لەگۆڕەپانی فەڵەستینیدا.

سەبارەت بەدەسەڵاتی فەڵەستینی، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەوان هیچ ناڕەزایەتییەکیان نییە ئەگەر ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگ‌و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوە.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا دەستپێکردنی قۆناغی دوەمی ئاگربەستی ڕاگەیاندوە، بەڵام حەماس ئیسرائیل تۆمەتباردەکات بەڕێگریکردن لەڕێککەوتنەکەو بەردەوامبون لەهێرشەکانی کە لەڕۆژی چوارشەممەدا بوە هۆی کوژرانی 11 کەس.