شارپرێس:
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە کە تا ئێستا 31 وەجبە لە عێراقییەکانی نیشتەجێی
کەمپی هۆلی سووری گەڕاونەتەوە کە ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 19000 کەس و تەنها کەمتر
لە 5000 کەسی تر لەوێ ماونەتەوە.
کەریم نوری، بریکاری
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە مامەڵەی عێراق لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا
زۆر بەرپرسانە بووە و پێش وڵاتانی ئەورووپا کەوتووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم "مۆڵگە
مەترسیدارە".
باسی لەوەشکردووە کە بەهۆی ئەوەی کەمپەکە تەنها 12.5 کیلۆمەتر
لە سنووری عێراقەوە دوورە، وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بینراوە،
چونکە ببووە شوێنێک بۆ گەشەکردنی فکری داعش، هەروەک حکومەت لە ڕێگەی پرۆسەیەکی وردی
ئەمنی و جیاکردنەوەی بێتاوانەکان لەوانەی دەستیان لە تاواندا هەبووە، گەڕانەوەکانی
ڕێکخستووە.
زۆربەی گەڕاوەکان دوای چوونە کەمپی جەدعە بۆ چاکسازی و دڵنیابوونەوە
لە دۆخیان، گەڕاونەتەوە ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان و هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی تۆمار نەکراوە،
لە کاتێکدا ئەوانەی تۆمەتیان لەسەر بووە ڕادەستی دادگا کراون.
هەرچەندە هەندێک ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی شەقام بەرامبەر
ئەم گەڕانەوەیە هەبووە، بەڵام حکومەت پێیوایە هێشتنەوەیان لە کامپەکە مەترسییەکی گەورەترە
بۆ سەر ئاییندەی عێراق و ناوچەکە، بە تایبەت کە ئێستا هێزە سوورییەکان کۆنترۆڵی کەمپەکەیان
کردووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
