شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی 1ی 2026، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، میوانداری کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد.
لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنی و ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان کراوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندا کە هاوکات بوو لەگەڵ گەشتەکەی سەرۆک وەزیران بۆ سنووری سوریا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەبووان باسیان لە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە دۆخی خێرای پەرەسەندنی سوریاوە هەیە".
هەروەها "کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان کردووەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە عێراق لێی بەهرەمەندە".