عێراق ئەو داعشانە دادگایی دەکات کە لە سوریاوە دەگوازرێنەوە

عیراق

23/01/2026‌ 315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق ڕایگەیاند، دەست دەکات بە ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەو دەستگیرکراوانەی رێکخراوی داعش کە لە سوریاوە گواستراونەتەوە.


سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد کە 150 چەکداری داعشیان ڕادەستی عێراق کردوە و بڕیارە لە کۆتاییدا 7000 دەستگیرکراو بگوازرێنەوە، وتەبێژێکی سەربازی عێراقی پشتڕاستی کردۆتەوە کە یەکەم گروپ گەیشتوونەتە وڵات.

 ئەنجومەنی دادوەری جەختی کردۆتەوە کە هەموو تۆمەتباران بەبێ گوێدانە ڕەگەزنامەکانیان تەنها لەبەردەم دادگای عێراق دادگایی دەکرێن بۆ پاراستنی مافی قوربانیان و سەروەریی یاسا.

بەرپرسانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەرکردەکان و بیانییەکان لە زیندانێکی توندوتۆڵ لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد دادەنرێن کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکارهاتووە.

ئەمەش لەکاتێکدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات پارێزگاری لە 10000 چەکدار و هەزاران ژن و منداڵ دەکەن، گواستنەوەی ئەم زیندانیانە بۆ عێراق نیگەرانی لای کەسوکاری هەندێک لە دەستگیرکراوە بیانییەکان لە ئەوروپا دروست کردووە، بەڵام عێراق جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە ڕێکارە یاساییەکان دەکاتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی