هەڵاتنی بەشێکی تیرۆریستان لە سوریا ئەڵمانیای نیگەران کردوە

عیراق

23/01/2026‌ 667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیا کەوتونەتە حاڵەتێکی نیگەرانییەوە بەهۆی راپۆرتەکانی پەیوەست بە هەڵاتنی ئەندامانی داعش لە کەمپ و زیندانەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا بەرەو ئەو ناوچانە پێشڕەوییان کرد کە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندا بون.


بەپێی ئامارەکانی هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا، پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییانە، نزیکەی 40 هاوڵاتیی ئەڵمانی لای هێزە کوردییەکان دەستبەسەر بون، بەڵام گۆڕانی کۆنترۆڵی ئەمنی مەترسیی ونبونی شوێنەواری هەندێکیانی دروست کردوە.

لە چەند رۆژی رابردودا هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا دەستیان بەسەر زیندانی شەدادی و کەمپی هۆل و هەندێک ناوەندی شاری رەققەدا گرتوە، کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوە دەبران و بەهۆی هێرشەکانەوە ناوچەکەیان جێهێشت.

 هەواڵگریی ئەڵمانیا دەڵێت ئەگەری هەڵاتنی بەکۆمەڵ یان ئازادکردنی بێسەروبەر زۆرە و دۆخەکە بە تەواوی نادیارە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش دوپاتی کردۆتەوە کە هیچ پلانێکیان بۆ گەڕاندنەوەی چەکدارەکان نییە.

هاوکات هۆشداریی دەدرێت لەوەی ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی داعشەوە دەگەڕێنەوە، بەتایبەت ژنان و منداڵانی ناو کەمپی هۆل کە بە فکری توندڕەوی گەورە بون و توشی شۆکی دەرونی بون، مەترسییەکی ئەمنیی گەورە و درێژخایەن لەسەر ئەڵمانیا دروست دەکەن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی