شارپرێس:
سەڵاح بوشی، پەڕلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانیی
دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاندووە کە هیچ جۆرە ڤیتۆیەکی دەرەکی لەسەر بڕیارەکانی چوارچێوەی
هەماهەنگی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بوونی نییە.
ناوبراو لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا باسی لەوەش
کردووە کە تا ئێستا ئیدارەی ئەمریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە هیچ هەڵوێستێکی
فەرمییان لەبارەی کاندیدکردنی نوری مالیکی یان پاڵپشتیکردنی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران
دەرنەبڕیوە.
بەوتەی ئەو، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو قسانەی
لەبارەی دەستوەردانی دەرەکیی دەکرێن تەنها وەک بەدواداچوون و گرنگیپێدان دەبینێت نەک
وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و یەکلاکردنەوەی پۆستەکان.
بوشی
جەختی لەوەش کردۆتەوە کە هەموو ئەو بڕیارانەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەردەچن
بابەتێکی تەواو ناوخۆیین و ڕێگە بە هیچ فشارێکی دەرەکی نادرێت.
هەروەک دووپاتی کردۆتەوە کە هیچ ڕێگری و ڤیتۆیەکی
دەرەکی لەبەردەم وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لەلایەن نوری مالیکییەوە لە
ئارادا نییە.
ئاکۆ
عەبدوڵڵا ئاڵی