مارین لوبان: كوردان ئازایانە سەرکردایەتی شەڕی داعشیان کردو ترسنۆکانە پشتیان تێكرا

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3944 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سیاسەتمەدارێکی دیارو ناسراوى فەرەنسی، هێرشێکی توندیکردەسەر حکومەتی وڵاتەکەیی‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتانى حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، بەهۆی ئەوەی، "وازیان له‌كوردو پاڵپشتیکردنیان هێناوه‌، بۆ ئەوکەسانەی تاوه‌كو دوێنێ جیهادی بون".


مارین لوبان سەرۆکی پارتی گردبونەوەی نیشتمانی فەرەنسا ڕایگەیاند، "ئەو چەکدارە کوردانەی کە ئازایانە شەڕی داعشیان کرد، ئێستا لەلایەن حکومەتەکانی ڕۆژئاواو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وازیان لێهێنراوه‌و پەراوێزخراون".

لەپۆستێکدا لەپلاتفۆڕمی ئێكس، لوبان هێرشدەکاتەسەر ئیمانوێڵ ماکرۆن سه‌رۆكى وڵاته‌كه‌یى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئیمانوێل ماکرۆن لەکۆشکی ئیلیزی پێشوازیی لەچەند بەرپرسێکی باڵای سوریا کرد کە پێشتر جیهادی بون، به‌وكاره‌ش، شەرعیەت به‌گروپه‌ توندڕه‌وه‌ جیهادیه‌كان دراو ئه‌نجامه‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یبینین چ ده‌گوزه‌رێت له‌سوریادا".

لوبان باسى كورد ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "کورد بەمشێوەیە دەمرێت؛ ئەوانەی ئازایانە سەرکردایەتی شەڕی تیرۆریستانی داعشیان کرد، ترسنۆکانە پشتیان تێكراو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاوی داخستوه‌و هیچ نابینێت".

پرسیار ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "چی ده‌بێت بگوترێ ئیمانوێل ماکرۆن بەشێوەیەکی کارەساتبار شکستیهێناوە؟ ئەو پیاوەی پەلەیکرد بۆ ڕاخستنى فەرشی سور بۆ دیکتاتۆره‌كه‌ى سوریا؛ جیهادییەک کە مێژویەکی دورودرێژى لەڕیزەکانی داعش‌و قاعیدەدا هەیە".

ئەو سیاسەتمەدارە فەرەنسیه‌، بڕیارە دیپلۆماسییەکانی حکومەتی وڵاته‌كه‌ى بەهۆکاری زیانگەیاندن بەکوردو گروپەکانی دیکەی سوریا زانی‌و نوسیویه‌تى، "ماكرۆن بەپێدانی شەرعیەت‌و ڕێزگرتن لەئیسلامیزم، ئێستا بەرپرسیارێتییەکی قورس لەگۆشەگیریی کەمینەکان لەسوریاى لەئەستۆدایە".

ئه‌م په‌یامه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، ماکرۆن وەک بەشێک لەستراتیژێکی پێشوى بەرامبەر بەسوریا بەرگریی لەپاڵپشتیی هێزە کوردییەکان کرده‌وەو په‌یوه‌ندییه‌كى ڕاسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)و ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكى سوریا ئه‌نجامدا، وه‌كو ڕاگه‌یه‌نرا، به‌عه‌بدى وتوه‌، "فەرەنسا دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی نابێت"‌و داواشیکردوە، کورد بخرێتە نێو دیالۆگە نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌.

لوبان باسى له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌، "ئه‌م په‌یامه‌ى من له‌كاتێكدایه‌، ڕوداوى نه‌خوازراوو دڵتەزێن له‌باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریادا ڕویانداوه‌ كه‌ هه‌موو هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، ته‌نها كوردن‌و داواى مافى ڕه‌واى خۆیان ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ خراپ وه‌ڵامیاندرایه‌وه‌و چه‌ندین هێرشكرایه‌سه‌ریان كه‌ له‌سه‌رجه‌میاندا تاوانی بەڵگەدارو پێشێلکاریی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تۆماركراون".