ڕوسیا هێزه‌كانى له‌ڕۆژئاواى كوردستان به‌ره‌و سوریا كشانده‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، هێزه‌كانى سوپاى ڕوسیا كه‌ له‌شارى قامیشلۆى ڕۆژئاواى كوردستان جێگربون، بەرەو بنکەی حەمیمیم لەشاری لازقیە ده‌ستیان به‌كشانه‌وه‌ كرد.



دواى زیادبونی گرژیی‌و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ هێزەکانی ڕوسیا بڕیارێكیان له‌حكومه‌تى وڵاته‌كه‌یان به‌ده‌ستگه‌یشت‌و دەستیانکرد بەکشانەوە لەبنکە سەربازییەکەی خۆیان لەفڕۆکەخانەی قامیشلۆ لەدەوروبەری شاری حەسەکە بۆ هەردوو شاری لازقییەو تەرتوس.



سه‌رباریى درێژکردنەوەی ئاگربەستى نێوان هەسەدەو دیمەشق، گروپە چەکدارەکانی سەر به‌شه‌رع، بەردەوامن لەپێشێلکارییەکانیان‌و ئەمڕۆ هێرشی چڕیان کردوەتەسەر دەوروبەری شاری کۆبانێ هاوکات لادێکانی حەسەکەیان بۆردومانکرد هەسەدەش حکومەتی دیمەشق تۆمەتباردەکات بەپێشێلکردنی ئاگربەست.



پێش دوو ڕۆژ، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرایكردبوو، هێزەکانی ڕوسیا بەرەو بنکەی حەمیمیم لەشاری لازقیە دەکشێنەوە، ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی شەڕو گرژییەکان لەو ناوچانە لەنێوان هەسەدەو چه‌كداره‌كانى شه‌رعدا.

دوای ڕوخانی ڕژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د، ڕوسیا سه‌رجه‌م هێزەکانی خۆی لەسێ بنکەدا کۆکرده‌وه‌، ئه‌وانیش بنکەی ئاسمانی "حەمیمیم" لەدەوروبەری لازقیە، بنکەی دەریایی "تەرتوس"‌و بنکەی سەربازیی لەفڕۆکەخانەی قامیشلۆ کە دەکەوێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.



فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردوو کراوەتەوەو دەکەوێتە ناوچەیەکی ستراتیژیی نزیکی سنوری تورکیاو عێراق، ڕوسیا-یش لەساڵی 2019وە بەکاریده‌هێنێت بۆ چاودێریکردنی ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، فڕۆکەخانەکە لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتی ئەسەد لەکۆتایی ساڵی 2024 پەکخراوەو تەنها ڕوسیا بۆ کاروباری سەربازیی بەکاریده‌هێنێت.